‌ده‌بێت چی بكرێت كاتێك زه‌بری ده‌ره‌كی به‌ر چاو ده‌كه‌وێت؟

وێستگە ستایل-

بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بە دووەم هۆکاری تێکچوونی بینین دادەنرێت لە دوای ئاوی سپی لە جیهاندا، کە %90 دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت بە بەکارهێنانی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کاتی کارکردندا، دکتۆر ئه‌بوبه‌كر پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو له‌م بابه‌ته‌دا ڕێنمووی هاوڵاتیان ده‌كات كاتێك زه‌بری ده‌ره‌كی به‌ر چاویان بكه‌وێت ده‌بێت چی بكه‌ن.

بە پێی توێژینەوەکان، ساڵانە لە ئەمەریکا دوو ملیۆن کەس بە جۆرێک لە جۆرەکان زەبر بەر چاویان دەکەوێت، هەرچەندە زۆرینەیان سادەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر حاڵەتی کەمبوونەوەی توندی بینین و کوێربوونی لەگەڵدایە.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"ئێمە لە کوردستان داتای ووردمان نییە، بەڵام بێگومان ڕێژەکە بە پێی ژمارەی دانیشتووان لەوەی ئەمەریکا کەمتر نییە."

بەشی یەکەم ، تەنی نامۆ لە چاو:
حالەتێکی بڵاو بەگشتی سادە و هەندێکجاریش ترسناک کە زیاتر لەو کەسانە ڕوودەدات کە ئیش بە کۆسەرە و چەکوچ دەکەن هەرەها لە هەندێک باری دیکەش ڕوودەدات ئەویش چونی تەنێکی نامۆیە بۆ ناو چاو. ئێمە رۆژانە لە ڕاوێژکارییەکان بنکە تەندروستیەکان و کلینیکەکان، چەندین حالەتی لەو شێوەیە دەبینین، باشترین شت کە بکرێت خۆپاراستنە ئەویش بە بەکارهێنانی چاویلکەی خۆپارێزی.

چیبکەین کاتێک شتێک دەچێتە ناو چاومان وەکو فریاگوزاری سەرەتایی؟
1- دەستت بە ئاو و سابوون بشۆ
2- هەوڵبدە پارچەکە لە چاوت ببەیە دەرەوە بەبەکارهێنانی ئاوێکی پاک و شلەتێن. دەتونیت پەرداخێکی خاوێن بەکاربێنیت ئەویش بە دانانی لێواری پەرداخەکە لەسەر ئسکی دەوروبەری چاو کردنەوەی چاو لەناوی.
3- ئەگەر عەدەسەی لکاو (لاسقە) لە چاوت بوو، باشترە لایبەی.

چۆن یارمەتی کەسێکی دیکە بدەین کە شت چوەتە ناو چاوی؟
1- دەستت بە ئاو و سابوون بشۆ.
2- کەسەکە لە شوێنێک دابنێ کە ڕووناکی باشی لێبێت.
3- چاوەکە بە جوانی بپشکنە شتەکە بدۆزەوە کە لە ناو چاوە. پێڵوی خوارەوەی ڕاکێشە بە کەسەکە بڵێ کە تەماشای سەرەوە بکات پاشان پێلوی سەرەوە ڕاکێشە و بە کەسە بلێ کە تەماشای خوارەوە بکات.
4- ئەگەر شتەکەت بینی لەناو فرمێسک مەلە دەکات دەتوانیت  بە ئاوی خاوێن بیشۆی.
ئاگاداربە!
5- هەوڵمەدە ئە شتانە لابەریت کە لە چاو چەقیون.
6- چاوت مەخورێنە.

کەی پێویستە کە سەردانی پزیشکی چاو یان فریاکەوتنەکان بکەیت؟
1-ئەگەر بە شووشتنی  سادە شتەکە لانەچوو. 
2- ئەگەر شتەکە لە چاو چەقیبوو.
3- ئەگەر هەستت کرد بینینت تێکچووە.
4- ئەگەر دوای ٢٤ سعات لە لابردنی تەنە نامۆیەکە هێشتا هەستت کرد چاوت دێشی و سوورەو هەست بە هەراسانی دەکەی. هەرچەندە هەندێک جار دوای لابردنی تەنە نامۆیەکە بەهۆی دروستبوونی برین هەستدەکەی شتێک لە چاوت ماوە.

بەشی دووەم بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بەرچاو:
سووتان بە مادەی کیمیاوی
چۆنیه‌تی خۆپاراستن
1- بەکارهێنانی چاویلکەی خۆپارێزی بە تایبەتی لەو کەسانەی کە شوێنی کاریان مادەی سووتێنەری کیمیاوی لێیە.
2- بەکارهێنانی ماسکی پارێزەری دەم و چاو.
3- دوورکەوتنەوە لە کردنەوەی سەری پاتری ئۆتۆمبێل کە گەرم بێت.

لە کاتی سووتانی چاو بە ماددەی کیمیاوی چی بکەین باشە؟
سووتانی چاو بە ماددەی کیمیاوی بارێکی بڵاوە و زیاتر لە کەسانی گەنج ڕوو دەدات.

ئەگەر ئەمە ڕووی دا چی بکەین؟
دەبێت کەسەکە بچێت یان ببردرێت بۆ لای بەلوعەی ئاو یان رەشاشی حەمام و بە هێواشی چاوی بشوورێت (واتا شووشتنی چاو بە ئاوی ڕۆیشتوو باشترە لەوەی کەسەکە چاوی لە ناو دەفرێکی ئاودا بکاتەوە)

دەبێت ئاوەکە زۆر بە هێز نەبێت و بۆ ماوەی ١٥ خولەک بۆ نیو کاتژمێر بەردەوام بێت، دەبێت ئەو چاوەی کە دەشوورێت لەسەر لا و لە خوارەوە بێت.

لە کاتی هەبوونی سووتانی بەهێزباشترە شووشتنەکە هەتا لای پزیشک یان نەخۆشخانەی فریاکەوتن بەردەوام بێت (دەتوانی ئاو لەگەڵ خۆت ببەیت بۆ ڕێگا).
نابێت کەسەکە چاوی بخورێنێت و نابێت چاوەکە دابخرێت و شتی لەسەر دابنرێت و تا بکرێت چاوی زیاتر بکاتەوە باشترە.
-لە کاتی هەبوونی عەدەسە، ئەگەر عەدەسەکە بەهۆی شووشتنەوە لانەچوبێت دەبێت بە دەست و بە هێواشی لاببرێت.
-لە کاتی چاوەڕێکردنی پزیشک باشترە چاویلکەی هەتاوی لە چاو بکرێت بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری بۆ ڕووناکی. 
-ماددەی کیمیاوی باو: تێزابی پاتری، چیمەنتۆ، فلاش، موعجیزە و فاست و هیتر.

بەشی سێیەم بەرکەوتنی زەبری تەپ (کوڵ)(blunt trauma ):
بریتییە لە بەرکەوتنی زەبرێک کە بڕەر و تیژ نەبێت کە توندی کاریگەرییەکەی بە گوێرەی جۆری تەنەکە و هێزی بەرکەوتنەکەو پێکهاتەی توێکاری فەسلەجی کەسەکە دەگۆڕێت، ئه‌مه‌ بە سێ جۆر کاریگەری دروست دەکات.
1- بەرکەوتنی راستەوخۆ .
2- تێکچوون بەهۆی هێزی گواستراوە بۆ بەشەکانی پشتەوە. 
3- تێکچون بەهۆی هێزی پەستاوتن.

باوترینیان: بەرکەوتنی بۆکس، بەرکەوتنی تۆپ، بەرکەوتنی بەرد.... یان کەوتن بەسەر تەنێکی کوڵ.
زیانەکان بە سێ شێوە دەبێت:
-زیان گەیشتن بە بەشەکانی چاو بێ تەقین.
-تەقینی تۆپی چاو
-زیانگەیشتن بە بەشەکانی دەرەوەی تۆپی چاو وەک ماسولکەو دەمار و ئێسک.

کاریگەریەکانی :
1- لە گلێنە دەبێتە هۆی لاچونی بەشێکی چینی یەکەمی گلێنەی چاو کە لە ماوەی ٢٤ بۆ ٧٢ سعات دروستدەبێتەوە.
-دڕانی گلێنەی چاو کە زۆربەی جار پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.
-ڕەنگبوونی گلێنەی چاو بە خوێن
-ئەستووربوونی گلێنەی چاو.
2- لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینی سپێنەی چاو
3- کۆبوونەوەی خوێن لە گیرفانی پێشەوەی چاو
-تێکچوونی بیلبیلە و ڕەنگینەی چاو
-تەسکبوونەوەی گۆشەی نێوان گلێنە و ڕەنگینەی چاو.
4- گۆڕانکاری بەهۆی کاردانەوەکانی چاو
5- دروستبوونی ئاوی سپی لە هاوێنەی چاو یان لەجێچوونی هاوێنەی چاو.
6- خۆنبەربوون لەناو شلەی شووشەیی چاو
7- تەقین یان خوێنبەربوون یاخود جیابوونەوەی چینی نێوان سپێنە و تۆڕەی چاو.
8- ئاوسان و خوێنبەربوون دڕان و جیابوونەوەی تۆرەی چاو
-پووکانەوە و تێکچوونی چینەنی تۆرەی چاو.
9- بەرزبوونەوەی پەستانی چاو (ئاوی رەەش) یان دابەزینی پەستانی چاو)
10- گۆڕان لە شکانەوەی ڕ ووناکی
خۆپاراستن تا ڕادەیەک بە بەکارهێنانی هۆکارەکانی خۆپارێزی دەبێت وەک بەکارهێنانی چاویلکەی خۆپارێزی و ماسکی پارێزەری دەم چاو.

فریاکەوتنی سەرەتایی:
1-بە هیچ جۆر پەستان لەسەر چاو دروست مەکە
2- دەتوانی شتی سارد لەسەر چاو دابنێی بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازار و خوێنبەربوون .
لە کاتی بەرکەوتنی زەبری دەرەکی  بە تایبەتی ئەگەر کەمبوونەوەی بینین یان ئازاری زۆر یاخود بینینی شتەکان بەدووی لەگەڵ بێت دەبێت بە زووترین کات سەردانی پزیشکی چاو بکەیت لە فریاکەوتنەکان یان ڕاوێژکاریەکان یاخود کلینیکەکان.

بەشی چوارەم، تەقینی چاو بەهۆی زەبری تیژ:
بریتییە لە پێداچوونی ئامێرێکی تیژ بە چاودا کە ببێتە هۆی دڕانی گلێنە یان سپێنەی چاو، بە پێی سەرچاوەجیهانییەکان لە پیاوان شەش ئەوەندەی ئافرەتان ڕوودەدات و زیاتر لە تەمەنی دەورووبەری ٣٠ ساڵی دەبێت و لە شوێنی کارکردن یان لە ماڵەوە دەبێت. زۆرینەی جار برینداربوونەکە دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆر بە چاو کە بەشێکیان لەدەستدانی یەکجاریی بینین دەبێت.

دكتۆر ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت" ئەوەی من تێبینم کردووە بەشێکی زۆری حالەتەکان لە کوردستان منداڵن"
خۆپاراستن بە بەکارهێنانی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەبێت بە تایبەتی لە شوێنی کار. هەروەها ئاگاداری منداڵەکانتان کە یاری بە ئامێری تیژ نەکەن. لە کاتی خواردنی میوە، پێویستە ئاگاداری منداڵەکان بن کە خۆیان چەقۆ بەکارنەهێنن.

فریاگوزاری سەرەتایی:
لەکاتی هەبوونی تەقینی چاو، برینەکە بە لەفافێکی خاوێن داپۆشە بەڵام ئاگادار بە بە هیچ شێوەیەک پەستان لەسەر چاو دروست نەکەی بە هەوڵدان بۆ کردنەوەی چاو یان دانانی لەفاف بە توندی، تەنها بە نەرمی دایپۆشە و هەوڵبدەبە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەی ئینجا بۆ خۆت بێت یان بۆ کەسێکی دیکە.

لە کاتی هەبوونی ئامێرێکی تێژ لە ناو چاو باشترە لانەبرێت، بەڵام هەوڵبدە جێگیری بکەی بە پێچانی لەفافی خاوێن لە دەوروبەری ئامێرەکە پێویستە هەوڵبدرێت چاو نەجولێت تا دەگەیتە لای پزیشکی چاو.

چارەسەر: زۆربەی هەرەزۆری جارەکان چارەسەر بە نەشتەرگەری دەبێت، زۆربەی جار زیاتر لە یەک نەشتەرگەری پێویست دەبێت، نەشتەرگەری یەکەم زیاتر بە مەبەستی دوورینەوەی چاو دابڕینی چاوە لە دەوروبەر.

پاشان هەڵسەنگاندنی دەکرێت لە کاتی هەبوونی ماکەکانی بەرکەوتنەکە وەک ئاوی سپی و هەبوونی خوێنبەربوون لە ناو شلەی شووشەیی چاو، جیابوونەوە و دڕانی تۆرەی چاو  هەوکردنی بەشەکانی ناوەوەی چاو کە زۆر ترسناکە ئەوا پێویستی بە نەشتەرگەری دووەم و سێیەم...... دەبێت.
دەرەنجام:
نزیکەی 94% لەوانەی کە تووشی ئەو جۆرە بەرکەوتنە دەبن بینینیان بۆ دەگەرێتەوە بە ئاستی جیا (لە هەستکردن بە ڕووناکی تاکو بینینی 6/6)
نزیکەی 6% بینینیان بە تەواوی لە دەست دەدەن هەندێکیان چاویشیان (شێوەکەی) لەدەست دەدەن و پێویستیان بە چاوی دەستکرد دەبێت، بە مەبەستی جوانکاری. 


PM:09:13:27/04/2022


ئه‌م بابه‌ته 3448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌