هۆكار و نیشانه و چارهسهری نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەری پەلەکان
وێستگە ستایل-
ڕهقبوونی خوێنبهری پهلهكان یەکێکە لە باوترین نەخۆشیەکانی کۆئەندامی سووری خوێن، ئەویش تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان و نەگەیشتنی بڕی خوێنی پێویستە بۆ پەلەکان. بەهۆیەوە پەلەکان برێکی کەمتر لە پێویست خوێنیان پێ ئەگات و نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان لێ دەر ئەکەوێت، ئەم نەخۆشیە لە پەلەکانی سەرەوەش رووئەدات بەڵام زیاتر پەلەکانی خوارەوە (قاچەکان) دەگرێتەوە، دكتۆر زیرهك پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و بۆڕییەکانی خوێن نیشانه و هۆكار و چارهسهری ئهم نهخۆشییه دهخاته ڕوو.
زۆر جار کەسانی تووش بوو بەم نەخۆشیە، تووشی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی تری لەش بە تایبەت خوێنبەرەکانی دڵ و مێشکیش دەبن.
نیشانەکانی نەخۆشیەکە:
زۆربەی تووشبووان لە سەرەتا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییان نیە، بەشێکیان هەست بە ئازار دەکەن لەکاتی بە رێگا رۆیشتن و هیلاکبوون، هەروەها نەمانی ئازارەکە لە کاتی پشوودان. شوێنی ئازارەکە بە پێی شوێنی تەسکبوونەوە و درێژی و رێژەی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر ئەگۆڕێت. بەڵام ئازارەکە لە زۆربەی نەخۆشەکان لە پووزی قاچ دەبێت.
جگە لە ئازار، ئەم نیشانانەش لەوانەیە رووبدەن:
1- سڕبوون و بێ هێزبوونی قاچەکان.
2- سارد بوونی قاچ یان پێ.
3- دەرکەوتنی برین لە قاچ یان پێ.
4- بێ هێز بوون و نەمانی مووی قاچەکان.
5- درەوشانەوەی پێستی قاچ.
6- دیارنەمانی ترپەی خوێنبەرەکان لە قاچ و پێ.
7- لاوازبوونی سێکسی لە پیاوان.
ئەگەر نەخۆشیەکە بەردەوام بێ چارەسەرکردن بمێنێتەوە ئەوە نیشانەکانی بەهێزتر ئەبن و ئازارەکە لە کاتی پشوودانیش دەرئەکەوێت و تەسکبوونەوەی خوێنهێنەرەکان ئەگۆڕێت بە گیرانی خوێنبەرەکان.
ئەگەر هەر چارەسەر نەکرێت، لە کۆتاییدا ئەبێتە هۆی دروستبوونی برینی قووڵ، هەوکردن، رەشبوونەوە و تەنانەت لەدەست دانی پەلەکە (بڕینەوە).
هۆکارەکان:
هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە کۆبوونەوەی چەوری (کریستاڵی کۆلیسترۆڵ) لە ناوپۆشی خوێنبەرەکان و تەسکبوونەوەیان.
بە دەگمەن هۆکاری تری وەک هەوکردنی خوێنبەرەکان، برینداربوون، بەرکەوتنی تیشک یان پەستانی ماسولکە و بەستەرەکان لەسەر خوێنبەرەکان ئەبن بە هۆکار.
فاکتەرە مەترسیدارەکانی تووشبوون:
1- جگەرە کێشان.
2- نەخۆشی شەکرە.
3- قەڵەوی.
4- بەرزەپەستانی خوێن.
5- بەرزی چەوری (کۆلسترۆڵ).
6- تەمەن (بە تایبەتی دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی).
7- بوونی نەخۆشی تەسکبوونەوەی خوێنبەری پەلەکان لە کەسە نزیکەکان.
8- بەرزی ترشی ئەمینی هۆمۆسیستین لە خوێندا.
كێن ئەوانەی پێویستە پشکنینی پێشوەختە بکەن بۆ زانینی بوونی ئەم نەخۆشیە:
1- هەموو کەسێک لەسەروو تەمەنی ٦٥ ساڵ.
2- سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵ لە کەسانی جگەرە کێش (ئەگەر پێشتریش کێشابێتی و دواتر وازی لێ هێنابێت).
3- سەروو تەمەنی ٥٠ ساڵ لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە.
4- خوار تەمەنی ٥٠ ساڵ لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە کە قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە یان جگەرەکێشن.
دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە:
1- پرسیارکردن لەسەر بوونی نیشانەکانی نەخۆشیەکە و پشکنینی کلینیکی نەخۆش.
2- پشکنینی تاقیگەیی بۆ زانینی رێژەی چەوری و شەکری خوێن.
3- دۆپلەر (سۆنەری رەنگی) خوێنبەری پەلەکان.
4- وێنەی تیشکی (سیتی سکان)ی خوێنبەری پەلەکان.
5- قەستەرەی خوێنبەری پەلەکان.
خۆپاراستن:
باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشیە گۆڕینی شێوازی ژیانە بە:
1- وازهێنان لە جگەرەکێشان یان دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی جگەرەی تێدا ئەکێشرێت.
2- کۆنترۆڵ کردنی رێژەی شەکری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە.
3- وەرزشکردن و جووڵە. هەوڵدان بۆ راهێنان و وەرزش بۆ ماوەی ٣٠-٤٥ خوولەک و دووبارەکردنەوەی چەند جارێک لە هەفتەیەکدا دوای رێپێدانی پزیشک.
4- دابەزاندنی رێژەی چەوری خوێن و کۆنتڕۆڵ کردنی پەستانی خوێن.
5- کەمکردنەوەی خواردنی چەوری.
6- دابەزاندنی کێشی لەش.
چارەسەر:
دوو جۆر چارەسەر بەکار ئەهێنرێن بۆ تووشبووانی ئەم نەخۆشیە، جۆری یەکەمی چارەسەر بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکەیە وەک ئازار و هەوکردن .
جۆری دووەمی چارەسەر بۆ نەهێشتنی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانە.
1- هەنگاوی سەرەکی چارەسەر بریتییە لە گۆڕینی شێوازی ژیان وەک لە بەشی خۆپاراستن باسکرا.
بەکارهێنانی دەرمان کە بە گشتی ئەم دەرمانانە ئەگرێتەوە:
1- دەرمانی دابەزاندنی رێژەی چەوری.
2- دەرمانی نەخۆشی شەکرە.
3- دەرمانی کۆنتڕۆڵ کردنی پەستانی خوێن.
4- دەرمانی روونکردنەوەی خوێن و رێگری کردن لە کڵۆکردنی خوێن.
5- دەرمانی خاوکردنەوە و فراوان کردنی خوێنبەرەکان.
6- قەستەرەی خوێنبەرەکان: ئەم رێگایە بۆ دەستنیشان کردن و چارەسەریش ئەبێت، لە هەندێک نەخۆش رێگایەکی گونجاوە بۆ کردنەوەی شوێنی تەسکبووەوە لە خوێنبەرەکان لە رێگای بەکارهێنانی بالۆن یان دانانی شەبەکە لە ناو خوێنبەرەکان.
7- نەشتەرگەری: لە ژێر بێهۆشکاری یان بە سڕکردنی نیوەیی و زۆر کەم بە سڕکردنی خۆجێیی ئەنجام ئەدرێت، بە چاندنی خوێنهێنەرێکی کەسەکە لەسەر خوێنبەرە تەسکبووەکە یان چاندنی خوێنبەری دەستکرد وە هەندێک جار بە کردنەوە و پاککردنەوەی خوێنبەرەکە لە رێگای لابردنی چەوریە کەڵەکەبووەکە ئەنجام ئەدرێت.
PM:04:03:13/01/2021
ئهم بابهته 7756
جار خوێنراوهتهوه