‌تەنگژەی فاکتییشیەس چییه‌؟

وێستگە ستایل-

تەنگژەی فاکتیشیەس پەشێویەکی دەرونیە کە تاک نیشانەی نەخۆشی هەڵدەبەستێت، و یان زیادەڕەوی تێدا دەکات، تا ڕۆڵی نەخۆش ببینێت و گرنگی پێبدرێت، یاخود نیشانەی نەخۆشی لە کەسێکی نزیکی دروست دەکات تا سود لە نەخۆشبینینیەکەی ببینێت و لە نەخۆشخانە گرنگی پێبدرێت و یان لەناو کەس و کار و کۆمەڵگا گرنگی پێبدرێت، دكتۆر هێمن پزیشکی دەرونی له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌رونیه‌ ده‌دات.

بۆ نمونە کەسێک دەڵێت کە میز دەکات ئازاری هەیە، و کاتێک پشکنینی میزی بۆ دەنوسرێت خوێن دەکاتە ناو ئەو شوشەیەی کە میزەکەی تێدا دەبات بۆ پشکنین، تا ئەنجامەکەی خراپ بێت. ئەم کەسانە لە ناخەوە پێویستیەکیان هەیە بەوەی کە بەو شێوە ببینرێن و گرنگیان پێبدرێت، بەڵام مەبەستیان بەدەستکەوتنی لایەنی مادی یان دەرباز بوون لە ڕێکاری یاسایی نیە. ئەوانەی کە خۆیان بە نەخۆش دائەنێن بۆ مەرامێکی تایبەتی وەک وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی یان قەرەبوکردنەوەی مادی پێ ی دەڵێن ( مالینگەرین).

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌شڵێت" ڕۆژێکیان تەلەفونیان بۆ کردم بۆ بینینی کچێکی ١٧ ساڵ، کە میزەکەی خوێنی تیایە، و پشکنینەکانی وەک پشکنینی میز، وێنەی تیشکی و سۆناری ناوسکی لەگەڵ حاڵەتەکەی یەک ناگرێتەوە. پزیشکەکان گومانی ڕاست و دروستیان لە حاڵەتەکەی هەبوو. دوای بینینی نەخۆش و هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکەی ئاشکرابوو کە چەندین فشاری دەرونی هەبوو. دوای قسەکردن لەگەڵ دایکی و تێگەیاندنی ئەگەری زۆری فاکتیشیەس، دایکی چاودێری وردی کرد لەکاتی ئامادەکردنی پشکنینی میز و دواتر پێ ی وتم کە کچەکەی لە کانولاکەوە دوو دڵۆپ خوێنی کردوەتە ناو میزەکەیەوە."

ئاشنابوونی دایکان و باوکان لەگەڵ ئەم تەنگژە دەرونیە پێویستە تا لە دەرکەوتنی وەها حاڵەتێک لە منداڵەکانیان ترس و دڵەڕاوکێیان توش نەبێت و پەنا بۆ شتی لاوەکی نەبەن،  هەروەها ئاشنابوونی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی پێویستە تا لێکدانەوەی نازانستی بۆ نەکرێت.


PM:12:24:27/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل