‌لەشاری سلێمانی هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە

وێستگە ستایل-

بەمەبەستی ئامادەكاری و هەماهەنگی بۆ ڕێگری لەڤایرۆسی كۆرۆنا لەدیوانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كۆبونەوەیەك بە بەشداری د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و بەرێوبەری ئاسایش و خۆپاراستن و فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرێوەچوو.

لەو كۆبونەوەیەدا باس لەتەواوی ئامادەكارییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا.

دوای كۆبونەوەكە لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارنەكراوە و لەئەگەری بوونی هەر حاڵەتێكدا نەخۆشخانەیەكیان تەرخان كردووە.

د.سەباح نەسرەدین داوای لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كرد ووشیار بن و هەر زانیارییەكیان هەبێت لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی لە وڵاتی چینەوە گەڕابێتنەوە هەرێمی كوردستان وەزارەتی تەندروستی لێ‌ ئاگادار نەكرابێتەوە، لایەنی تەندروستی ئاگاداربكەنەوە لەپێناو پاراستنی كۆمەڵگاو ژیانی هاوڵاتیان.

لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی وتیشی: ئەو ئەركانەی دەكەوێتە سەر شانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەبارەت بە ئامادەكاریی و ڕێنمایی و پشكنینەكان دەبێت جێبەجێ‌ بكرێن وەكو پارێزگای سلێمانی لەڕووی لۆجستی و داراییەوە بەپێی توانا پشتیوانیان دەبن.

بەرێوبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتی: بەهاوكاری بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پشكنین دەكەن بۆ هەركەسێك كەگومانی كۆرۆنای لێ‌ بكرێت.

س: ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی


PM:02:29:18/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل