‌ سه‌رچاوه‌كانی ڤیتامین D و گرنگیه‌كانی بۆ منداڵ

وێستگە ستایل-

ڤیتامین دی یه‌کێکه‌ له‌ ڤیتامینه‌ گرنگه‌کان بۆ گه‌شه‌ی منداڵ ، که‌می ڤیتامین دی ده‌بێته‌ هۆی ئێسکه‌ نه‌رمه‌ و بێ هێزی وە زۆرێکی تر لە نەخۆشی، له‌م بابه‌ته‌وه‌ دكتۆر ئاكۆ كه‌ریم پزیشكی پـسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و خۆراک و گەشەی منداڵان باس له‌ گرنگی و سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م ڤیتامینه‌ ده‌كات تایبه‌ت به‌ منداڵان.

سه‌رچاوه‌کانی ڤیتامین دی :

۱- تیشکی خۆر : سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کییه‌ ، رۆژانە بۆ ماوه‌ی ۱۰-۱٥ خوله‌ک به‌تایبه‌ت کاتژمێر ۱۱ تا ۲ ی دوانیوه‌ڕۆ دەبیێتە هۆی دروست بوونی برێکی باش لە ڤیتامین دی ، دەبێت تشکی خۆر راستەوخۆ بەر پێست بکەوێ ، کرێمی دژە خۆر، شوشە ، جلی ئەستور دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سودی تشکی خۆر. 

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  زۆر بەرکەوتنی خۆر دەبێتە هۆی سوربوونەوە، وشک بوونەوە، شێرپەنجەی پێست ،وە زۆر لە نەخۆشی تر. لە وەرزی گەرمادا ئەم بەرکەوتنە نەکرێت باشترە بۆ منداڵ.

۲-خواردن : وەک شیر و بابەتەکانی شیر ، ماسی بەتایبەت ماسی سەلەمۆن ، زەردێنەی هێلکه‌ , قارچک.

۳-ده‌رمان : بۆ منداڵ بەزۆری قه‌تره‌ بەکار دێت لەلایەن پزیشکی پسپۆری منداڵانەوە بڕیاری لێدەدرێت به‌م جۆره ‌:

1) بۆ مناڵێ کە شیری دایك خۆراکی سەرەکی بێ دەبێ هەر لە یەکەم ڕۆژی تەمەنەوە منداڵ قەترەی ڤیتامین دی وەربگرێ. لێرەدا مەبەستم لەوە نییە کە شیری قوتوو لە شیری دایک باشتر بێت.

2) گەر مناڵ شیری دایك و شیری قوتووشی‌ خوارد باشترە ڤیتامین دی وەربگرێ.

3) بۆ ئەو مناڵانەی کە شیری قوتوو دەخۆن گەر ڕۆژانە (لە ماوەی ٢٤ سەعات ) كەمتر لە ٣٤ رەقەم ( ١ لیتر) شیریان خوارد ئەوا پێویست دەکا قەترەی بدەیتێ بەڵام گەر زیاتر لە ٣٤ رەقەم (١ لیتر ) شیریان خوارد ئەوا پێویست ناکات .

4) منداڵ دووای ئەوەی لە شیری دەبرێتەوە ئه‌گەر خواردنی باش نەبوو بە تایبەتی ئەو خواردنانەی کە ڤیتامین دی زۆر تێدایە (لەسەرەوە باسمان کردووە) یان گەر رۆژانە بڕی پێویستی تشکی خۆریان بەرنەکەوت واپێویست دەکات قەترەی ڤیتامین دی وەربگرن.

دەتوانرێ لە ڕێی‌ پشكنینی‌ تاقیگەییەوە بڕی‌ ڤیتامین دی بزانرێ لە جەستەدا.

بڕی پێویستی ڤیتامین دی رۆژانە بریتیە لە ٤٠٠ وەحدە بۆ منداڵی تەمەن کەمتر لە ١ ساڵ دوای ساڵ بری پێویست دەبێت بە ٦٠٠ وەحدە. ئەم بڕە بەپێی وڵات دەگۆرێ.

لە دەرمانخانەکان جۆری زۆر هەیە لە قەترەی ڤیتامین دی هەرجۆرەو جیاوازی هەیە لە بڕەی ڤیتامین دی کە تێدایە بۆیە واپێویست دەکات بۆ دەستنیشان کردنی جۆر و بڕی پێویستی ڤیتامین دی سەردانی پزیشکی پسپۆری منداڵان یان پزیشکی دەرمانساز بکەیت.

تکایە بێ پرسی پزیشکی منداڵان هیچ دەرمانێک بەکار مەهێنە بۆ منداڵەکەت چونکە لە هەندێك نەخۆشی و هەندێ حاڵەتدا نابێت ڤیتامین دی بەکار بهێنیت.

تێبینی: بۆ ئەو منداڵانەی کە ڤیتامین دی لە لەشیان زۆر کەمە شیوازی وەرگرتنی ڤیتامین دی جیاوازە زیاتر بە دەرزیە تێکەڵی شیر دەکرێت ئینجا دەخورێتەوە بەڵام دەبێت پزیشکی پسپۆری منداڵان بریاری پێدانی ئەو دەرزیە بدات.


PM:12:05:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌