نیشانهكانی نهخۆشی زیاد گرژبوونی میزەڵدان و چۆنیهتی چارهسهر
وێستگە ستایل-
زیاد گرژبوونی میزەڵدان نەخۆشییەکی بەر بڵاوە، بەزۆری لە ئافرەتاندا لەسەرو تەمەنی ٥٠ ساڵی زیاترە، هەرچەندە پیاوان وگەنجان و منداڵانیش دەکرێت تووش ببن، دکتۆر کاوە فقێ ڕەحیم پسپۆڕی نەشتەرگەری کۆئەندامی میزومیزەڕۆ باس له نیشانهكانی توشبوون به نهخۆشی زیاده گرژبوونی میزهڵدان و چۆنیهتی چارهسهری دهكات.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
نەخۆشەکە هەست دەکات زوو میزی دێت و دەچێتە تەوالێت، زۆر جار نەخۆشەکە پەلە پەلی پێدەکەوێت و زۆری بۆ دێت وە ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەگاتە تەوالێت لەوانەیە خۆی تەڕ بکات. زۆر جار نەخۆشەکە شەوانە چەند جارێک لەخەو هەڵدەستێ بۆ میزکردن.بەڵام نەخۆشەکە سوتانەوە و ئازاری نیە لەکاتی میزکردندا.ئەم نەخۆشییە یەکێکە لە هۆکارەکانی میزڕانەگرتن و خۆتەڕکردن. وە یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆتەڕکردنی منداڵان لەشەودا.
کەسێکی ئاسایی ڕۆژانە ٤ـ٦ جار میزدەکات، بەڵام ئەو نەخۆشانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە زۆر زیاتر دەچنە سەرئاوو لەوانەیە ۱٠ـ۱٥ جار بێت، وە کەمییەتی میزەکەیان زۆر نیە، لەوانەیە لە بەینی ۱٠٠_۲٥٠ س س میزبکەن بە پێچەوانەی کەسانی ئاساییەوە کە کەمییەتی میزەکەیان زۆر لەوە زیاترەو دەگاتە ٤٠٠_٥٠٠ س س.
هۆکارەکان:
هۆی سەرەکی زیادە گرژبونی میزەڵدان هەتا ئێستا ڕوون نیەو بەتەواوی دیاری نەکراوە، وە دوو جۆرە.
جۆری یەکەم: هۆکارەکەی دەروونییە، واتە نەخۆشەکە هیچ نەخۆشییەکی میزەڵدانی نیە بەس وا هەستدەکات کە میزی زۆر پێیەو ئەبێ زوو زوو بچێت بۆ تەوالێت. ئەم کەسە زۆر خەیاڵی لای میزکردنەو خووی پێوە گرتووە، وەهەرکات دەچێتە دەرەوە بیردەکاتەوە کە نزیکترین تەوالێت لە کوێی بازاڕدایە.
جۆری دووەم: هۆکارەکەی گرژبوونی ماسولکەی دیواری میزەڵدانە کە زووتر پێش وەخت گرژدەبێت و نەخۆشەکە ناچاردەکات خێرا بچێتە تەوالێت،وەک ووتمان کەسێکی ئاسایی ٤٠٠ـ٥٠٠ س س میز لە میزەڵدانیدا بێت ئینجا هەستدەکات ئەبێ میزبکات، بەڵام کەسی نەخۆش ئەگەر ۱٠٠ـ۲٠٠ س س میزی پێبێت ئەبێ خێرا بچێتە تەوالێت.
دەست نیشانکردنی نەخۆشییەکە:
-دهبێت پزیشك نەخۆشەکە ببینێت و لە نزیکەوەو پرسیاری تەواوی لێبکرێت سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە، وە هەروەها ئەو نیشانانەی کەلەوانەیە دەریبخات کە نەخۆشەکە نەخۆشیەکی تری هەیە، پاشان نەخۆشەکە پشکنینی لەشی بۆبکرێت و دڵنیابین کە هیچ کێشەیەکی کەی نیە.
-شیکارو پشکنینی تاقیگەیی:
1 ـ شیکارو زەرعەی میز بۆئەوەی دڵنیابین کەنەخۆشەکە ههوكردنی میزی نییە.
2ـ سۆنەری میزەڵدان و گورچیلەکان بۆئەوەی دڵنیابین کە نەخۆشەکە کێشەی بەردی گورچیلەو میزەڵدانی نیە.
3- نازۆری میزەڵدان ئەگەر میزی نەخۆشەکە خوێنیتێدابوو، چوونکە هەندێك جار شێرپەنجەی میزەڵدان هەمان نیشانەی هەیە.
4ـ هیڵکاری میزەڵدان لە هەندێ نەخۆشدا پێویستە بە تایبەت ئەگەر نەخۆشەکە پێویستی کرد نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
چارەسەر:
- گۆڕینی شێوازی ژیانی نەخۆش وەک وازهێنان لە جگەرە کێشان و دابەزاندنی کێش و کەم کردنەوەی ئەو خوردنەوانەی مادەی کافاین یان زۆر تێدایە وەک (چا، قاوە، نسکافە، نەستەلە، خواردنەوە غازییەکان )،هەروەها کەمکردنەوە یان نەخواردنی خواردنی توون (spicy food)، ز کەمکردنەوەی ئاو و شلەمەنی خواردنەوە لە شەواندا.
- ڕاهێنانەوەی میزەڵدان بەوەی کە نەخۆش بتوانێت خۆی دوابخات و یەکسەر نەچێت بۆ تەوالێت کاتێک هەست دەکات میزی دێ.
-بەکارهێنانی دەرمان وەک ئەومادانەی کە دەبنە هۆی هێور کردنەوەی گرژی دیواری میزەڵدان (anti-cholinergics).
- لێدانی دەرزی بۆتۆکس لە ناوپۆشی میزەڵدان ئەگەر نەخۆشەکە بە چارەسەرەکانی سەرەوە باش نەبوو.
- نەشتەرگەری گەورەکردنی میزەڵدان کە چەند جۆرێکی هەیە.
AM:08:50:11/02/2019
ئهم بابهته 6496
جار خوێنراوهتهوه