‌هۆكار و چاره‌سه‌ری قفڵبوونی ئه‌ژنۆكان

وێستگە ستایل-

قوفڵبوونی ئەژنۆ بەربڵاوترین حاڵەتە کە هەندێک كەس تووشی دەبێت، ئەویش بەهۆی پچڕانی کڕکڕاگەی ئەژنۆوە دەبێت لە ئەنجامی هەوکردن یاخود بەهۆی چەمانەوەی نا ئاسایی ئەژنۆ.

لەبارەی نەخۆشییەكەوە د.عومەر باراوی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئێسك و جومگە تایبەت بە سایتی " تەندروستی" دەڵێت:" ئەم حاڵەتە زۆرتر دووچاری یاریزانانی تۆپی پێ دەبێتەوە بەڵام هەندێجاریش توشی ئەو كەسانەش دەبێت كە دەکەون یاخود هەڵدەخلیسكێن لەسەر بەفر و سەهۆڵ لەوەرزە ساردەكاندا ".

د.عومەر باراوی دەربارەی چۆنێتی خۆپاراستن لەم جۆرە حاڵەتانە دەشڵێت:" دەتوانرێت پێشی پێ بگیرێت ئەویش بە جۆرە وەرزشێکی تایبەتی كە پزیشك دیاری دەكات، بۆ ئەوەی ماسولکەكانی بەهێز بکات، هەروەها ئەو کەسانەی یاری تۆپی پێ دەکەن پێویستە بە وریاییەوە ئەژنۆیان بچەمێننەوەو بەكاری بهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی جۆری پێڵاو بەتایبەت لەکاتی سەرماو سۆڵەو بەستنی زەمینداو كاریگەری خۆی هەیە بۆیە پێویستە  سوود لە پێڵاوانە وەرگرین كە گونجاون و پاژنەی گونجاویان هەیە، هەروەها بەکارهێنانی گۆچان بۆ كەسانی بەتەمەن تاوەکو بەدوور بێت لەڕوودانی ئەم حاڵەتانە ".

ئەو پزیشكە پسپۆڕە لەبارەی چارەسەرییەكانەوە ئەوە دەخاتەڕوو، قفڵ بوونی ئەژنۆ بە دەرمان دەتوانرێت ئازارەکەی کەم بكرێتەوە بەڵام چارەسەری حاڵەتەكە هەندێک جار بە نەشتەرگەری دەبێت و دەتوانرێت نەخۆش  رزگار بكرێت.


AM:09:19:09/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌