‌نیشانه‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌

وێستگە ستایل-


 ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌یان هه‌یه‌ زیاتره‌ له‌ ( ٤۲٥ ) ملێون که‌سه‌ له‌ جیهان دا و نیوه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش نازانن که‌ نه‌خۆشیه‌که‌یان هه‌یه‌ که‌ زۆربه‌یان جۆری دووه‌مه‌ ، له‌ ئێستادا چیتر نه‌خۆشی شه‌کره‌ جۆری دووه‌م ته‌نها تووشی مرۆڤی سه‌روو ( ٤۰ساڵ) نابێت به‌ڵکو مێرد مناڵ و گه‌نجانیش تووشی ده‌بن . 

 گرنگترین ئاماژه‌کانی تووش بوون به‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ :
1- تینوویه‌تی به‌رده‌وام : هه‌رچه‌نده‌ بڕێکی زۆر ئاو بخورێته‌وه‌ به‌ڵام به‌رده‌وام تینوویه‌تی ،کێشه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ له‌ جیاتی ئاو شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه‌ گازیه‌کان بخواته‌وه‌.
2-بێهێزی و بێ تاقه‌تی به‌رده‌وام : هه‌میشه‌ مرۆڤه‌که‌ هه‌ست به‌ هیلاکی و شه‌که‌تی و بێهێزی ده‌کات هه‌رچه‌نده‌ بڕی پێویست خواردن ئه‌خوات و پشوو ئه‌دات به‌ڵام گشت کات ماندووه‌ و توانای جووڵه‌ و کاری ڕۆژانه‌ی نیه‌ .

3- لێڵی له‌ بینین و دابه‌زینی ئاستی بینین له‌ پڕ و بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ .

4-که‌م خه‌ویی : ئه‌گه‌ر شه‌وانه‌ که‌متر له‌ پێنج سه‌عات بخه‌ویت بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ زیاد ده‌کات به‌ هۆی زۆر ڕژاندنی هۆرمۆنی ئه‌نسۆلین و تێک چوونی هۆرمۆنه‌کانی تره‌وه‌ . 

5- دابه‌زینی کێش له‌ پڕ بێ ڕیجێم و وه‌رزش کردنه‌وه‌ . 

6-بوونی نه‌خۆشی شه‌کره‌ له‌ ناو خێزان دا : ئه‌گه‌ر دایک یان باوک نه‌خۆشی شه‌کره‌یان هه‌بێت  ئه‌وا ئه‌گه‌ری تووشبوونی مناڵه‌کانیان به‌ ڕێژه‌ی ( % ۳۰ ) زیاد ده‌کات ، ئه‌گه‌ر هه‌ر دووکیان نه‌خۆشی شه‌کره‌یان هه‌بێت  ئه‌وا ئه‌گه‌ری تووشبوونی مناڵه‌کانیان به‌ ڕێژه‌ی ( % ۷۰ ) زیاد ده‌کات.

7- تووشبوون به‌ هه‌وکردن و سوور بوونه‌وه‌ی پێست و دومه‌ڵ و هه‌وکردنی برین و دره‌نگ چاک بوونه‌وه‌ی به‌ شێوه‌ی به‌رده‌وام و زۆر .

8-  قه‌ڵه‌وی و زۆری کێش به‌ تایبه‌ت قه‌ڵه‌وی ورگ .

9- به‌رزی ئاستی شه‌کره‌ له‌ خانمانی سکپڕ یان تووشبوون به‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ی کاتی دووگیانی .

10- بوونی کۆنیشانه‌ی کیسی هێلکه‌دان .

11- بوونی پرخه‌پرخ .

ئا: دکتۆر کامه‌ران رسوڵ ژاژڵه‌یی
پسپۆڕی زانستی خۆراک و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی 
دبلۆم له‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌


PM:04:38:13/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 21878 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل