‌بۆ جوانی ڕوخسارت ئەم ڕێنماییە پزیشكیانە پەیڕەوبكە

وێستگە ستایل-

خانمان لە دێر زەمانەوە هەمیشە بەدوای ئەوە گەڕاون چۆن بتوانن ڕوخساریان بە گەنجی وجوانی بهێڵنەوە چ لەڕێی ماسک یاخود مەرهەم وگیراوەی تایبەت بە پێست ، بەڵام ڕەنگە هەندی بابەت یاخود کەرستە کە بەکاری دهێنن بە گرنگی ئەوە نەبێت کە چی دەخۆن ، یاخود چەن دەخەون وورزش دەکەن یا نا ؟

لو بارەیەوە دکتۆر (کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی) پسپۆڕی زانستی خۆراک ونەشتەرگەری گشتی بۆ یەلڵا دەڵێت ، ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن لە پێناوی پێستێکی گەش و جوان و مانەوەی بە گەنجی ، هەروەها بۆباشکردنی تەندروستی دڵ و کۆنتڕۆڵ کردنی کێش و کەمکردنەوەی ئەگەری تووش بوون بە زۆربەی نەخۆشییەکان :

۱ــ وەرزش : کاریگەری لە سەر تێکڕای جەستە هەیە چونکە شانەکانی دڵ باشتر کار دەکەن و بۆریەکانی خوێن بە شێوەیەکی تەندروست و نەرم و گەنج ئەهێڵیتەوە، بۆیە خوێن بە ئاستی پێویست ئەگاتە پێست ، هەروەها وەرزش ڕێژەی سوتانی وزە لە لایەن خانەکانەوە چالاک ئەکات و یارمەتی کردنە دەرەوەی مادە ژەهراویەکان ئەدات سەرئەنجام ڕێگە ئەگرێت لە کۆبوونەوەی چەوری و دروست بوونی زیپکە و خاڵ و چرچ و لۆچی ۰

۲ــ خەوتن : خەو دەبێتە هۆی ڕزگار بوونی لەش لە فشار و هیلاکی ڕۆژانە کاتی نوێکردنەوەی شانەکان و کۆکردنەوەی وزەیە ، شەوانە هۆرمۆنی گەشە دروست دەبێت کە یارمەتی چاکردنەوەی هەموو خانەکان ئەدات لەوانە پێست ، هەروەها لە کاتی خەودا چالاکی خانەکانی پێست زیاد دەکات و پڕۆسەی لەناوبردنی خانەکانی پێست دەوەستێنێت کە بە ڕۆژ ڕوو ئەدات،۰ شەوانە پێویستە مرۆڤی سەروو ۱۸ ساڵ ( ٦ ـ ۸ ) سەعات بخەوێت و بە ڕۆژ ئەگەر بتوانێت کەمتر لە نیو کاژێر بخەوێت دوای نیوەڕۆ.
۳ــ خۆراک : خۆراک کەرستەکانی لەشن بۆ پێکهێنانی وزە و خانە و گەشە و تازەکردنەوەیان ، خۆراکە ڕووەکیەکان سەرچاوەیەکی تەندروستن بۆ وزە و ماددە خۆراکیە پێویستەکان وەک ڤیتامین و کانزا هەمەجۆرەکان ،بۆیە بە دەستهێنانی خواردنی تەندروست و باش هەنگاوێکی بنەڕەتیە تا خانەکانی پێست و لەش ئەرکەکانی خۆیان چالاکانە ئەنجام بدەن.

دکتۆر کامەران بە یەلڵای وت کۆمەڵێک خۆراکی گرنگ بۆ پێستێکی گەش و جوان و مانەوەی بە گەنجی پێویستە کە ئەمانەن :

ـ شووتی
ـ تەماتە
ـ شلیک و تووتڕک
ـ مزرەمەنیەکان
ـ زەیتی زەیتوون و زەیتی کەتان
ـ بیبەر بە تایبەت بیبەری سوور ، هەروەها بیبەری توون
ـ گێزەر
ــ پەتاتەی شیرین و سێوی بن ئەرز
ــ برۆکلی و سپێناخ و کەلەرم و قەڕنابیت
ــ دانەوێڵەکان بە مەرجێک توێکڵەکانی پێوە مابێت وەک ئاردی بۆر ، برنجی بۆر ، گەنمە کوتاو
ــ گوڵە بەڕۆژە بەمەرجێک ئەو کەسە پێستی چەور نەبێت و زیپکەی نەبێت و ڕۆژانە یەک پیاڵە زیاتر نەخوات
ــ سێو و ئەڤۆگادۆ
ــ ماسی سەلەمون
ــ گوێز و بادەم و فستق

ـ بە نیسبەت تەمەنەوە مرۆڤەکان لە هەموو تەمەنێک دا پێویستە ڕۆژانە ۳ ژەمی سەرەکی بخۆن و مەرجە نانی بەیانی پێش سەعات هەشت و نیو خورا بێت و هەوڵ بدرێت کاتی ژەمەکان جێگیر بێت هەروەها ڕۆژانە ۲ــ۳ جار میوە و سەوزە بخورێت و ۸ــ۱۲ پەرداخ ئاو بخورێتەوە کە بە پێی پلەی گەرما وەرز و کێش و تەمەنی مرۆڤەکە ئەگۆڕێت.
ئەو کەسانەی سەروو ٤۰ ساڵن دەبێت خواردنەکانیان کەم خوێ بێت و لە خواردنی چەور و شیرینی دوور بکەونەوە یان کەمی بکەنەوە ، کەسانی بە ساڵاچوو پێویستە ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی و کالسێوم و ئۆمێگا سێ وڕیشاڵ و ماددە دژە ئۆکسیدەکان بە ڕێژەی زیاتر بخۆن.


PM:02:36:12/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 8014 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل