‌بۆچی جیابوونەوەی دوو خۆشەویست پڕ ئازارە؟

وێستگە ستایل-


خۆشەویستی وەک دەرمانێک وایە و مرۆڤ زۆر جار ئالوودەی دەبێت، بۆیە وازهێنان لەو دەرمانە زۆرجار ئازاری جەستەییی و دەروونی لە دوای خۆی بە جێدەهێلێت.

بەڵام هۆکاری هەستکردن  بەو ئازار و نارەحەتیانە چین کە مرۆڤێک تووشی دەبێت لە دوای جیابوونەوە لە خۆشەویستەکەی یاخود هاوسەرەکەی؟

پێکهاتەی سرووشتی جەستەی مرۆڤ بە جۆرێک درووستبووە کە بە دوای پەیوەندی خۆشەویستی و رۆمانسیانەدا وێڵ بێت.

 ئەم حەزەش بۆ دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کەسێکدا، لە چەندنین هۆکاری فسیۆلۆجیەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە ئەو هۆرمۆنە سێکسییانەی کە بەرپرسیارن لە دەرکەوتنی تایبەتمەندییەکانی جەستەی نێرینە یاخود مێینە.

بۆ ئەوەی لە میکانیزمی ئەو ئازار و ناڕەحەتیانە بگەین کە لە دوای جیابوونەوەی دوو خۆشەویست روودەدات، پێویستە سەرەتا لە میکانیزم و چۆنێتی روودانی خۆشەویستی بگەین.
 
1-کاتێک کەسێک دەچێتە ناو پەیوەندی خۆشەویستییەوە، ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکی لە هەندێک بەشی مێشک و زیاد کردنی چالاکی لە هەندێک بەشی تر.
 
یەکێک لەو بەشانەی مێشک کە چالاکی کەم دەبێتەوە بریتیە لە (Amygdala) کە بەرپرسیارە لە ترس و گومان، هەر ئەمەش وا دەکات ئەو کەسانەی لە خۆشەویستیدان کەمتر هەست بە ترس بکەن.

یەکێکی تر لەو بەشانەی مێشك کە چالاکییەکانی کەم دەبێتەوە بریتییە لە (posterior cingulate gyrus)، ئەم بەشە بەرپرسیارە لە دروستکردنی ئازاری سۆزداری و نارەحەتی دەروونی، بۆیە بە چوونە ناو پەیوەندی خۆشەویستییەوە ئەم بەشە تا رادەیەک لە کار دەکەوێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە دڵدارەکان کەمتر هەست بە ئازاری دروونی و سۆزداری دەکەن لە کاتی بینینی یەکتر.

2-لە مێشکی ئەو کەسانەی لە پەیوەندی خۆشەویستیدان رێژەی دۆپامین زیاد دەبێت.

 دۆپامین یەکێکە لە گەیەنەرە دەمارەکانی مێشک و دەبێتە هۆی هەست کردن بە خۆشحاڵی، ئەمەش وادەکات دڵدارەکان بە شێوەیەکی گشتی  هەست بە گەشبینی و خۆشحاڵی و ئاسایش بکەن بەتایبەت لەو کاتەنەدا کە بەیەکەوەن.

3-هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین کە ناسراوە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی بە هەمان شێوە لە جەستەی دڵدارەکاندا زیاد دبێت و دەبێتە هۆی درووستکردنی هەستی متمانە و پەیوەندی.

بەڵام لە حاڵەتی جیابوونەوەی دڵدارەکاندا، هەموو ئەو هۆرمۆن و گەیەنەرە دەمار و ماددانەی کە مێشک راهاتبوو بە دەردانیان لەگەڵ ئەو بەشانەی کە چالاکیان کەمببوەوە لە کاتی خۆشەویستیدا، لە پڕێکدا گۆڕانیان پێدێت و مێشک تووشی سەرلێشێوانێكی لە پڕ دەکەن بە هۆی ئەو جیابوونەوە چاوەڕواننەکراوەوە لە نێوان دڵدارەکاندا.

هەموو ئەو هەستە پۆزەتیڤانەی کە مێشک راهاتبوو بە هەبوونیان وەک ( هەستی دڵخۆشی و ئاسایش و متمانە و نەمانی ترس و نەمانی گومان)، لە پڕێکدا دەگۆڕێن بۆ هەستی نێگەتیڤ، ئەمەش دەبێتە هۆکارێك بۆ تێکدانی باری مێشك و تووشی فشاری دەکەن چونکە مێشک ئەندامێكی هەستیارە و گۆڕانکاری لەپڕ شتێكی باش نییە بۆ مێشک.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش، مێشک هێشتا توانای ئەوەی هەیە کە دووبارە خۆی چاک بکاتەوە و خۆی لەو بارە دەروونییە قۆرسە ناخۆشە دەرباز بکات و بچێتەوە سەر رێچکەی جارانی.

سەرچاوە: Theguardian


PM:07:28:17/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 7126 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌