‌ئەو کەسانەی بەردی زراویان هەیە دەتوانن بەڕۆژووبن؟

وێستگە ستایل-

بەردی زراو، بریتیە لە ڕەق بوونی بەشێك لەو شلەیەی کە لە تورەکەی زراودا کۆدەبێتەوە، زراو ئەندامێکی شێوە هەرمێی بچوکە دەکەوێتە لای ڕاستی سکەوە، لە ژێر جگەرەوە، دكتۆر باوان پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری هه‌رس و جگه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌.

نیشانەکانی بەردی زراو: بەردی زراو لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت، بەڵام ئەگەر بەردەکە بۆری زراوی گرت، ئەوە ڕەنگە نیشانەکانی ئەمانە بێت:
1- ئازارێکی لەناکاو و خێرای توند لە بەشی لای ڕاستی سەرەوەی سکـ.
2- ئازاری پشت لە نێوان هەردوو شان.
3- ئازاری شانی ڕاست.
4- ڕشانەوە و دڵ تێکهەڵهاتن.
5- ئازاری بەردی زراو ڕەنگە چەند خولەکێك تا چەند کاتژمێرێك بخایەنێت.

هۆکاری دروست بوونی:
هۆکاری دروست بوونی بەردی زراو بەتەواوی ڕوون نیە، بەڵام پزیشکەکان پێیان وایە ئەمانە هۆکاری دروست بوونی بن:
1- بوونی کۆلیستڕۆڵێکی زۆر لەناو زراو: بەشێوەیەکی ئاسایی کۆلیستڕۆڵی تواوە لەناو زراودا هەیە، بەڵام کاتێك جگەر زیاد لە پێویست کۆلیسترۆڵ دەکاتە زراوە بە شێوەیەك کە توانای توانەی نەبێت، ئەوە ماددەی ڕەقی شێوە کریستاڵی دروست دەبێت و دواتریش دەبێتە بەرد.

2- بوونی بلیرۆبینێکی زۆر لە زراودا: بلیرۆبین ماددەیەکی کیمیاییە کە لەش دروستی ئەکات لە ئەنجامی تێكشکاندنی خڕۆکە سورەکانی خوێن. چەند حاڵەتێك هەیە کە وا لە جگەر دەکەن کە بلیرۆبینی زیاتر دروست بکات، لەوانە ڕەق بوونی جگەر(liver cirrhosis)، گیرانی بۆری زراو و وە چەند تێکچوونێکی خوێن. بەرزی ڕێژەی بلیرۆبین ئەگەری دروست بوونی بەردی زراو زیاد دەکات.

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی‌ ئه‌م گرفته‌ ته‌ندروستیه‌یان هه‌یه‌ ده‌توانن به‌ڕۆژووببن یان نا ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" حاڵه‌ته‌كه‌ دەکەوێتە سەر نیشانەکان"
ئەگەر کەسەکە نیشانەی نەبوو دەتوانێت بەڕۆژووبێت بە مەرجێک خواردنی کەم چەوری بخوات لە بەربانگ و پارشێو ئەگەر کەسەکە ئازار و نارەحەتی هەبوو لەوانەیە ڕۆژوو ببێتە هۆی زیادبوونی ئازارەکەی بۆیە پێویست دەکات ڕاوێژ بە دکتۆرەکەی بکات.

چۆن ڕێگری بکەین لە دروست بوونی بەردی زراو؟
ئەتوانی مەترسی دروست بوونی بەرد زراو کەم بکەیتەوە بە ئەنجامدانی ئەم خاڵانە:
1- دابەزاندنی کێشی لەش بە هێواشی: ئەگەر پێویستت بەوە هەبوو کێشی لەشت دابەزێنی، پێویستە لە مانگێكدا 2-4 کیلۆ لە کێشت دابەزێنی نەك زیاتر.
2- خواردنی ئەو خواردنانەی کە فایبەریان زۆر تێدایە، وەکو سەوزە و میوە.
3- بوونی کێشی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە قەڵەوی.

چارەسەری بەردی زراو:
1- نەشتەرگەری لابردنی زراو(cholecystectomy).
2- دەرمان بۆ توانەوەی ئەو بەردەی دروست بووە: بەڵام ئەو دەرمانانە پێویستیان بە چەند مانگێك تا چەند ساڵێك هەیە بۆ توانەوەی ئەو بەردە بەڵام دوای وەستاندنی دەرمانەکان دووبارە بەردی زراو دروست دەبێتەوە.


PM:01:43:13/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌