‌جۆرە جیاوازەکانی گەشکەی منداڵان

وێستگە ستایل-

گەشکە بریتییە لە تێکچوونی کارەباییەکانی مێشک و دەمار. نەخۆشی گەشکە زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، و دەبێتە هۆی جووڵەی نائاسایی لەش و بوورانەوە و نیشانەکانی دیکە بە پێی جۆری گەشکەکە، دكتۆر عه‌لی پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری مێشک و فەقەرات و دەمار له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتری خستۆته‌ ڕوو.

جۆرەکانی گەشکە لە منداڵاندا
1-گەشکەی سادە focal (بەشەکی):
گەشکەی سادە لە ئەنجامی نائاسایی کارکردنی کارەبایی مێشک لە ناوچەیەک یان زیاتر لە لایەکی مێشکدا ڕوودەدات، پێش ئەوەی گەشکە ڕووبدات، لەوانەیە منداڵ تووشی گۆڕانی بینین، گۆڕانی بیستن، یان هەستی بۆنکردن بێت. لێرەدا نیشانەکانی گەشکە لە منداڵاندا بەندە بە ناوچەی تووشبووی مێشکەوە. بۆ نموونە ئەگەر نائاسایی کارە کارەباییەکان لەو بەشەی مێشکدا بێت کە بەرپرسە لە بینین، لەوانەیە کاریگەری لەسەر بینینی منداڵەکە هەبێت.

2-گەشکەی گشتگیر (گشتی) generalized ڕەقبوون و گرژبوون و جوڵەی نائاسایی:
گەشکەی گشتگیر لە هەردوو لای مێشکدا ڕوودەدات. کە منداڵەکە هۆشی لەدەست دەدات و دوای گەشکەکە هەست بە ماندوێتی دەکات.

جۆرەکانی گەشکەی گشتگیر بریتین لە:
-گەشکەی گشتگیر لەگەڵ ڕەقبوونەوە و گرژبوون و نائاسایی جوڵەی لەش (tonic-clonic seizure) گەشکەی تونیک-کلۆنیک، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هۆشیاری و گرژبوونی توندوتیژی ماسولکەکان.

-گەشکەی خاوبوونەوە (Atonic): جۆرێکە لە جۆرەکانی گەشکە، کە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەیەکی لەپڕی ماسولکەکان، بەم جۆرەش کەسەکە توانای جوڵەکردنی لەدەستدەدات و زۆرجار دەکەوێت.

-گەشکەی ناجووڵەیی: دابڕین (absence) : دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بچووک لە دۆخی هۆشیاری کە ١٠-٢٠ چرکە دەخایینێت.
-گەشکەی ڕاچڵەکین (myoclonus) 

-گەشکەی تا (Febrile seizure ) : بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی‌ لەشی منداڵەکە ڕوودەدات 

کامیان مەترسیدارە؟ 
گەشکەی تونیک-کلۆنیک، مەترسیدارتریین جۆری گەشکەیە. دەبێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی هۆشی مرۆڤ، و ڕەقبوون، گرژبوون یان لەرزین لە جەستەدا. هەندێک جار دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی میزکردن یان گازگرتنی زمان و هەناسەتەنگی، ئەگەر ئەم جۆرە گەشکەیە زیاتر لە 5 خوله‌كی خایاند ئەوە دەبێت بە خێرایی نەخۆشەکە ببردرێت بۆ بەشی فریاکەوتن.


PM:06:00:11/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌