‌هۆكار و نیشانه‌كانی توشبوون به‌نەخۆشی گرژبوونی کۆڵۆن

وێستگە ستایل-

حاڵەتێکی باوە توشی ڕیخۆڵە ئەستورە (کۆڵۆن) دەبێت، بە کۆڵۆن گرژی ناسراوە، نەخۆشەکە ڕەنگە توشی پێچ، ئازاری سک، غازات، سکچون یان قەبزی ببێت، حاڵەتێکی درێژخایەنە و ڕەنگە پێویست بە چارەسەر بکات، دکتۆرە ئەوین پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری بە نازۆر له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

تەنها ڕێژەیەکی کەم لەو کەسانەی توشی IBS بوون نیشانەکانیان قورسن و ڕەنگە پێویستیان بە دەرمان هەبێت. بەڵام هەندێک کەس تەنها لەڕێگای چاککردنی جۆری خۆراک و خواردنەوە، کۆنتڕۆڵ کردنی سترێس و گۆڕینی ستایلی ژیانیان ئەتوانن نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەم بکەنەوە.

حاڵەتی IBS نابێتە هۆی گۆڕین لە پێکهاتەی شانەکانی ڕیخۆڵە یان زیادبوونی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن وکۆم.

نیشانەکانی توشبوون بە کۆڵۆن:
بە گشتی نیشانەکانی IBS جیاوازن لە کەسەکاندا و درێژخایەنن، سەرەکیترینیان ئەمانەن:
-ئازاری سک، پێچ یان غازات کەبەهۆی جوڵەی کۆڵۆنەوەیە لەکاتی چونە توالێتدا.
-گۆڕان لە ڕێژەی پیسایکردن لە ڕۆژێکدا.
-زیادبوونی غازات و باکردن، بوونی لینجایی لە پیسایدا.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر بەردەوام گۆڕان لە تایبەتمەندی و نیشانکانی کۆڵۆن هەبوو پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی کێشەیەکی گرانترەوە بێت، وەکو شێرپەنجەی کۆڵۆن. لە نیشانە قورسەکانی IBS:
-دابەزینی کێشی لەش
-سکچون لە شەواندا
-خوێنی کۆم
-کەمی ئاسن و خوێن
-ڕشانەوە بەبێ هۆکارێکی دیار
-زەحمەتی لە قوتدانی خواردندا
ئەگەر IBS چارەسەر نەکرێت ڕەنگە بەهۆی سکچون یان قەبزی بەردەوام  ببێتە هۆی مایەسیری و کێشەی دیکەی کۆم.

هۆکارەکانی توشبوون بە IBS
هۆکارە سەرەکییەکەی نەزانراوە، بەڵام چەند فاکتەرێک هەن کاریگەریان لەسەر ئەبێت، لەوانە:
1-گرژبوونی ماسولکەکانی ڕیخۆڵە زیاتر یاخود کەمتر لە پێویست.
2-ناتەواوی لە سیستمی دەمار لە کۆئەندامی هەرس، بەهۆی لاوازی ڕێکاری ڕاگەیاندنەکان لەنێوان مێشک و ڕیخۆڵەدا.
3-توشبوون بە ئیلتیهاباتێکی زۆری ڕیخۆڵە بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە.
4-بوونی سترێس بەشێوەیەکی بەردەوام ، بەتایبەت لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریدا.
5-گۆڕانکاری لە میکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەدا کە بەشێوەیەکی سروشتی لە ڕیخۆڵەدا دەژین و ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە تەندروستی کۆڵۆن.
6-خۆراک: جۆر و کوالیتی خۆراک، هەروەها بوونی هەستیاری بەرامبەر جۆرێک لە خۆراک کە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، لەو جۆرە خۆراکانەش : شیر و بەرهەمەکانی شیر ، پاقلەمەنیەکان،گەنم، میوە مزرەکان، خواردنەوە گازییەکان.
7-سترێس: هەبوونی قەڵەقی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی یان کێشەکانی تری مێشک و دەرون، ئەوانەی توشی مامەڵەی خراپ ئەبنەوە، چ لەڕووی جەستەی یان دەروونی. 
8-تەمەن: زیاتر لە تەمەنی گەنجیدا، وە لە تەمەنی خوار ٥۰ ساڵیدا دەردەکەوێت.
9-ڕەگەز: لە ڕەگەزی مێدا زیاتر باوە، بەهۆی بوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆن، یاخود بەکارهێنانی دەرمانێک ئیسترۆجینی تێدا بێت.
10- بۆماوەیی: لە میژووی خێزاندا توشبوو بە IBS هەبێت، بەهۆی بۆماوەیی، یاخود بەهۆی بوونی یەک شێوازی ژیان.


PM:05:04:05/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌