‌ڕێنمای گرنگ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ توشی چەوریی جگەر بوون

وێستگە ستایل-

لە ئێستادا نزیکەی لە سەدا سی (٪٣٠) خەڵک (مرۆڤی باڵق) چەوریی جگەری هەیە، ئەو نەخۆشییە هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای نییە، بۆیە بە ڕێکەوت دەزاندرێت و لە ڕێگای سۆنەری سک ئاشکرا دەبێت، ئەگەر سۆنەر کرا بەمەبەستی تر و دەرکەوت کە چەوریی جگەری هەیە، واتە زیاتر لەسەدا  پێنجی (٪٥) جگەری بریتیە لەچەوری، ئەوە هەنگاوی تری پێویستە دکتۆر یوسف پسپۆڕی ڕاوێژکاری شەکرە و هۆڕمۆنەکان له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ی‌ بۆ كردوه‌.
 
ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"ئەو کاتە پێویستە پشکنینی ئەنزیمەکانی جگەر ئەنجام بدرێت (SGOT. SGPT) یان (AST ,ALT) کە هەر یەکن و دوو ناویان هەیە، ئەگەر ئەوانە لەناو خوێن دا بەرز بوون، ئەوە مانای ئەوەیە جگەر تا ڕادەیەک زیانی هێناوە و گەیشتۆتە قۆناغی هەوکردنی جگەری چەوری (NASH) یان (MASH) کە هەردووکیان یەکن، ئەو کاتە چارەسەرییەکی تەواو و هەوڵدانێکی جددی پێویستە بۆ پێشگیری کردن لە پەککەوتنی جگەری تەواو، کە لە حاڵەتی (دەگمەن) دا ئەگەری شێرپەنجەیی هەیە."

لەم حاڵەتەدا چی بکرێت باشە ؟
1- وەرزش و ڕۆیشتن و لەشەجووڵەی بەردەوام وەکو مەلەوانی و ڕۆیشتنی خێرا.
2- بایکۆت کردنی شیرینییەکان (بە تایبەتی دەستکردەکان) لە خواردن دا.
3- بایکۆتی خواردنە خێراکان و سوورکراوەکان.
4- بەدواداچون و دووبارە کردنەوەی سۆنار و پشکنینەکانی خوێن چ بۆ ئەنزیمەکانی جگەر و چ بۆ شتەکانی دیکە (چەورییەکانی ناو خوێن، شەکرە، غودە، ڤیتامین دی).
5- ئەگەر کەسەکە قەڵەو بوو ئەوا پێویستە دەرمان (حەب)ی لاوازکار بەکار بێنێت (بە ڕێنمایی پزیشک) خواردنپارێزیش ئەنجام بدات.
6- دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی چەوریی جگەر وەربگرێت (بە ڕێنمایی پزیشک) وەکوو: (Pyoglitazone Metformin ،Orlistat)

هەروەها دەرمانە تازەکەی چارەسەرکردنی چەوری جگەر کە پێی دەوترێت (resmetirom) لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٤ ئەپروڤ کراوە بۆ ئەم مەبەستە. تێیدا یەک حەبی ٥٠ میللیگرامی لە بیست و چار کاتژمێردا بەکار دەهێنرێت، لە داهاتوودا پێشبینی دەکرێت ئەو نەخۆشییە لە زیادبووندا بێت و دەرمان و چارەڕێگەی تازەیشی بۆ بدۆزرێتەوە.

دكتۆر یوسف ده‌شڵێت"پێش کۆتایی هێنان بەو باسە پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەگەر ئەو کەسەی ئەو نەخۆشیەی هەیە زۆر قەڵەو بێت ئەوا نەشتەرگەری بچوک کردنەوەی گەدەی پێویست دەبێت"


PM:12:45:26/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌