‌باوترین هۆکارەكانی توشبوون به‌ شێرپەنجە

وێستگە ستایل-

ماوەیەکە خوێندەوار و نەخوێندەوار بە چڕی باس لە پیسبوونی هەوا دەکەن و بە هۆکاری سەرەکیی جۆرەکانی شێرپەنجەی دادەنێن،هۆکار زۆرن بۆ شێرپەنجە، بەڵام پیسبوونی هەوا هۆکارێکی ترسناکە بە تایبەت شێرپەنجەی سییەکان، دكتۆر بێستوون توێژەر و پسپۆڕی بەرگریی جەستە له‌م بابه‌ته‌دا باوترین هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ خستۆته‌ ڕوو.

1- پیسبوونی هەوا:
زۆربەی دەستکردە، وەکو دووکەڵی پاڵاوگەکان، کارگەکان، ئۆتۆمبێل، دووکەڵی سووتانی سووتەمەنی وەکو دار یان خەڵوز، بەڵام سەرچاوە سرووشتییە پیسکەرەکان وەکو تۆزی با و ئۆزۆن دەگرێتەوە.

2- پیسبوونی خاک:
خاکپیسبوون کە لە کوردستان هەر باس ناکرێت مەترسیی زیاتر بێ کەمتر نییە لە پیسوونی هەوا، پسپۆڕان بۆیان دەرکەوتووە کە:
- خاکی پیسبوو بە قوڕقوشم هۆکاری شێرپەنجەی سوورێنچکە
- خاکی پیسبوو بە میسان هۆکاری شێرپەنجەی سییەکانە
- خاکی پیسبوو بە ئارسنیک هۆکاری شێرپەنجەی مێشکە
- خاکی پیسبوون بە کادمیۆم هۆکاری شێرپەنجەی میزڵدان

3- پیسبوونی ئاو:
هەر مادەیەکی کیمیایی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت دەتوانێت بە ئاسانی بچێتە نێو ئاو. پیسکەرەکانی ئاو بریتین لە ئارسنیک، ئاسبێستۆس، رادۆن، مادە کیمیاییە کشتوکاڵییەکان و پاشماوەی مەترسیدار. ئارسنیک هۆکارە بۆ شێرپەنجەی جگەر و سییەکان و میزڵدان و گورچیلە. زۆر توێژینەوە هەن کە خاکی کوردستان بە مادەی ئارسنیک و مس پیسبووە و لە ستاندارد تێپەڕیە. بە کارهێنانی رێژەیەکی زۆری کلۆر پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان و کۆڵۆنەوە هەیە.

4- خۆراکی ناتەندروست:
هەندێک خۆراک ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە جۆری دووەم و قەڵەوی زیاددەکەن، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە هەندێک جۆری شێرپەنجەوە هەیە، خۆراکەکان مادەی شێرپەنجەیان تێدایە، کە مادەی زیانبەخشن و توانای تووشبوون بە شێرپەنجەیان هەیە وەک:
- گۆشتە لەقوتووکراوەکان 
- سوورکردنەوەی خۆراکە نیشاستەییەکان وەکو پەتاتە و چپس لە پلەی گەرمیی بەرز
- شەربەتی دەستکرد و خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان

ئه‌م پسپۆڕه‌ ده‌شڵێت"حکومەت دەبێ رۆڵێکی کاریگەر ببینێ بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا بە گرتنە بەری رێکاری وەک:"
- پێشخستنی سەرچاوەی وزە وەکو گۆڕینی وزەی نەوتی خاو و گازی سرووشتی بە گۆڕینیان بۆ وزەی خۆر، با و وزەی ئاو. 
- کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا وەکو کارگە، پاڵاوگەکان، ئۆتۆمبێل و موەلیدەکان.
- دەرکردنی یاسای تایبەت بۆ زیادکردنی رووبەڕی سەوزایی لە هەموو پڕۆژەکانی نیشەجێبوون.


PM:02:21:12/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌