‌ته‌ندروستی جیهانی: ژاوه‌ژاو مه‌ترسییه‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ

وێستگە ستایل-

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ئاشكرای كردوه‌ مانه‌وه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كدا ئاستی ژاوه‌ ژاو تیایدا زیاتر بێت له‌ 85 دیسیبیل بۆماوه‌ی‌ 8 كاتژمێر هۆكاری توشبوونه‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و ملوله‌كانی خوێن و كۆئه‌ندامی هه‌رس و تێكدانی په‌یوه‌ندی له‌نێوان مێشك و ئه‌ندامی بیستن.

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی‌ گۆڤاری The Lancet ی زانستی بڵاویكردۆته‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ پیسبوونی ده‌نگی یه‌كێكه‌ له‌و جۆره‌ پیسبونانه‌ی‌ كاریگه‌ری وێرانكه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت هاوشێوه‌ی‌ پیسبوونی هه‌وا.

توێژه‌ره‌وه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژاوه‌ ژاو به‌شێوه‌ی‌ له‌ره‌ له‌ڕێی هه‌وا ده‌گوێزرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ ده‌نگ سه‌روو ئاستی بیستن بێت و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ مرۆڤ تیایدا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێت،له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا هۆكاره‌ بۆ له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بیستن به‌ته‌واوه‌تی و له‌ئێستادا یه‌ك له‌كۆی 7 كه‌سی پێگه‌یشتوو گرفتی زرنگانه‌وه‌ی‌ گوێچكه‌یان هه‌یه‌.

ژاوه‌ ژاو بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ گرفت له‌ توانای بیستن دروست ده‌كات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دڵ و كۆئه‌ندامی سوڕی خوێن و كۆئه‌ندامی هه‌رس ده‌بێت به‌هۆی تێكچوونی كاتی نوستن و ئه‌و ماندوێتیه‌ زۆره‌ی‌ ڕوبه‌روی كۆئه‌ندامی ده‌مار و لاوازی سیستمی به‌رگری ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ری توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان زیاد ده‌كات.


PM:05:12:25/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌