‌سڕکردنی گشتی بۆ نەشتەرگەری چۆن ئەنجامدەدرێت؟

وێستگە ستایل-

سڕکردنی گشتی (بەنج عام) یەکێکە لە شێوازەکانی سڕکردن و بەشێکی گرینگی نەشتەرگەریە، بەشێوەیەکی گشتی بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت، كه‌ دكتۆر ڕه‌وا پزیشكی سڕكردن له‌م بابه‌ته‌دا باسیده‌كات.

سێ بنەما ڕەچاودەکرێ لەکاتی پێدانی ئەم جۆرە سڕکردنە: 
1-دەبێت نەخۆش بخەوێت و هیچی لەبیر نەمێنێت. 
2-نابێت نەخۆش ئازاری هەبێت. 
3-نابێت نەخۆش جوڵەی هەبێت تەنانەت پەرچەکردارەکانیش. 

پڕۆسەکەش لەسەرەتادا بەوە دەستپێدەکا پزیشکی سڕکردن هەڵسەنگاندنی تەواوەتی بۆ نەخۆش ئەنجام دەدات و دواتر بڕیار لەسەر جۆری سڕکردنەکە دەدات لەگەڵ نەخۆشەکە ،ئینجا نەخۆشەکە ئامادە دەکرێت لەڕێگای دانانی کانیۆلا و دانانی ئامێرەکانی چاودێری کردنی نەخۆشەکە. 

ئینجا لەڕێگای کانیۆلاکە یان گازی بێهۆشکردن نەخۆشەکە دەخەوێندرێ و دەرمانی ئازارشکێن و ئیفلیجکردنی ماسولکەی پێدەدرێت. 

بەهۆی دەرمانی ئیفلیجکردنی ماسولکەکەوە نەخۆش چیتر ناتوانێت بۆخۆی هەناسە بدات بۆیە سۆندەیەک بۆ ناو ڕێڕەوی هەناسەی دادەنرێت و ئەم سۆندەیە دەبەسترێتەوە بە ئامێرێک کە هەناسە بە نەخۆشەکە دەدات کۆنتڕۆڵی دەکات و لەهەمانکاتدا گازی بێهۆشکەریش بە بەردەوامی بە نەخۆش دەدات. 

پاش دانانی سۆندەکە و بەستنی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد ئیتر نەخۆشەکە ئامادەیە بۆ نەشتەرگەریەکە. 
ئینجا لەماوەی نەشتەرگەریەکە دەبێ نەخۆش چاودێری بکرێت و دەرمان و گازەکانی بە بەردەوامی پێبدرێت بۆ بەردەوامی دان بە سێ بنەماکەی سەرەتا کە باسمان کرد. 

لەکۆتای نەشتەرگەریەکە نەخۆش چیتر دەرمان و گازەکانی پێنادرێتەوە بە مەبەستی بە ئاگاهاتنەوەی و دواتر دەرمانێک بۆ گەڕاندنەوەی کارکردنی ماسولکەکانی پێدەدرێت و سۆندەکەی بۆ دەردەهێندرێت. 

ئینجا دەگوازرێتەوە بۆ بەشی دوای نەشتەرگەری بۆ بە ئاگاهاتنەوەی تەواوەتی و لەوێش چاودێری دەکرێت تا بە تەواوی بەئاگا دێت. 

پاش ئه‌وه‌ نەخۆشەکە دەدرێتەوە دەست خانەوادەکەی یان دەبردرێت بۆ بەشی چاودێری چڕ بەگوێرەی حاڵەتەکەی و جۆرە نەشتەرگەریەکەی. 


PM:03:57:25/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌