‌چه‌ند جارێكه‌ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌..كه‌نار ئاوێك له‌ ئوستورالیا داخرا پاش ده‌ركه‌وتنی ته‌نی نامۆ تیایدا

وێستگە ستایل-

نۆ كه‌نار ئاوی سیدنی له‌ ئوستورالیا داخرا، پاش ئه‌وه‌ی‌ شه‌پۆلی ئاو پێكهاته‌ی‌ تێكشكاوی شێوه‌ بازنه‌ی‌ فڕێداوه‌ته‌ كه‌ناری ئاوه‌كه‌.

به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ هۆكاری داخستنی كه‌نار ئاوه‌كانیان بۆ ده‌ركه‌وتنی پارچه‌ی‌ تێكشكاوی ڕه‌نگ سپی و خۆڵه‌مێشی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ له‌ كه‌نار ئاوی"مانلی" به‌ناوبانگ.

شاره‌وانی باكوری سیدنی ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌، كۆمه‌ڵه‌ی‌ پاراستنی ژینگه‌ له‌ ویلایه‌تی "نیو ساوس ویلز" ئاگاداری كردونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ پارچه‌یه‌كی تێكشكاو له‌كه‌ناری ئاوه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار گه‌یشتۆته‌ شوێنی مه‌به‌ست بۆ وه‌رگرتنی نمونه‌ و پشكنینی پێویست.

شاره‌وانی ئه‌وه‌ی‌ خستۆته‌ ڕوو" زۆرینه‌ی‌ ئه‌و پارچانه‌ی‌ له‌كه‌نار ئاوی مانلی كۆبونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ قه‌باره‌ی‌ پارچه‌ به‌ردی بچووك ده‌بن، له‌ئێستادا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و پاشماوانه‌ی‌ كۆ بكرێته‌وه‌ و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌و پارچه‌ وردانه‌ی‌ له‌ كه‌نار ئاوه‌كه‌دا بڵاوبونه‌ته‌وه‌"

له‌ماوه‌ی‌ پێشوودا چه‌ند كه‌نار ئاوێكی ئوستورالیا له‌وانه‌ش كه‌نار ئاوی"كوجی" داخرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ شه‌پۆلی ئاوه‌كه‌ تۆپی ڕه‌شی بچووك و شاراوه‌ی‌ هه‌ڵداوه‌ته‌ نزیك كه‌نار ئاوه‌كه‌ و ئه‌م حاڵه‌ته‌ چه‌ند جارێكی دیكه‌ دوباره‌ بۆته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی‌ پاشماوه‌كه‌ به‌رپرسانی پاراستنی ژینگه‌ ده‌ڵێن" ئه‌گه‌ری زۆره‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌م پاشماوه‌یه‌، زبڵ و پاشماوه‌ی‌ تێكه‌ڵاوبێت هۆكاربووه‌ بۆ دروستبوونی، به‌ڵام به‌ته‌واوه‌تی سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ دیار نییه‌"


PM:04:06:14/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌