‌پزیشكێك: ئازار نیعمەتێکی گەورەیه‌

وێستگە ستایل-

ئازارێکی بەھێزت بۆ دروست بووە و زۆر بێزارکەرەو ئۆقرەت لێبڕاوە لەتاو ئازار ، بەپەلە خۆت ئەگەیەنیتە نەخۆشخانە، دکتۆرەکەت پێت ئەڵێت کە نەخۆشیەکەت پێوستی بە چارەسەری کتوپڕی ھەیە یان نەشتەرگەریت پێویستە چونکە حاڵەتەکە مەترسیدارە، دكتۆر حه‌بیب پزیشكی نەشتەرگەری ناوسکبینی  ده‌ڵێت"بیھێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر ھەستی ئازارت نەبوایە چی ڕوویئەدا"

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"ئازار دیاریەکە کە خوای گەورە بە مرۆڤی بەخشیوە بەڵام سروشتی مرۆڤ وایە کە ڕقی لەو دیاریە ئەبێتەوە کە وەک فریادڕەسێک پێی بەخشراوە."

دكتۆر حه‌بیب ده‌شڵێت"یەکێک لە کۆئەندامە گرنگەکانی لەشی مرۆڤ بریتیە لە کۆئەندامی دەمار، ئەمەش بەشێوەیەکی وورد و ئاڵۆز بە ھەموو ئەندامەکانی لەش و شانەکانی لەشدا بەشێوەی تۆڕێکی  ڕێکخراو بڵاو بوەتەوە. ھەرکاتێک کە خانەو شانەکانی ئەندامێکی لەش دووچاری ھەوکردن و برینداری ئەبێتەوە، ئەم ئازارە لەڕێگەی دەمارە ووردەکانەوە بەشێوەی زانیاریەکی تایبەت ئەگوازرێتەوە بۆ مێشکی مرۆڤ و لەوێشەوە زانیاریەکە ئەگەڕێتەوە و بە مرۆڤەکە ئەوترێت کە ئەو ئەندامەی جەستەت ئازاری ھەیە و پێویستە فریایکەویت چونکە کێشەیەک ھەیە."

هاوكات ئه‌م پزیشكه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئەگەر ئەم سیستەمە ڕێکوپێکە نەبێت مرۆڤ ھەست بە ئازار ناکات، ئەوکاتە بۆ ماوەیەکی زۆر نەخۆشیەکەی ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی ھەستی پێبکات و ھەندێک جار نەخۆشیەکەی ئەگاتە قۆناغێک کە چارەسەری ئەستەم ئەبێت."

ھەندێک لە نەخۆشیە کوشندەکان بە نمونە شێرپەنجە ھیچ ئازارێک دروست ناکات، ھەر بۆیە ھەندێک جۆری شێرپەنجە پێی نازانرێت تا ئەگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو. 

ئەگەر ئەم سیستەمە پێشکەوتووە نەبێت، مرۆڤ نەیئەتوانی خۆی بپارێزێت لەو شتە بریندارکەرانەی کە ڕۆژانە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەکات وەک ئاگر و چەقۆو دارو بەرد و شتەکانی تر، ئەوکاتە ڕۆژانە زۆر بەئاسانی دووچاری کارەسات و کێشەی گەورە ئەبوینەوە. 

ھەستکردن بە ئازار گرنگترین ھۆکارە کە چارەخواز خۆی ئەگەیەنێتە نەخۆشخانە و بەھۆی ئازارەکەیەوە ئەتوانرێت دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشیەکەی بە ئاسانی بدۆزرێتەوە. 

ئەو نەخۆشانەی کە ئەم سیستەمی دەمارە ئاڵۆزەیان لەکار ئەکەوێت بەھۆی نەخۆشی دەمارەکانەوە یان ھەندێک نەخۆشی وەک نەخۆشی شەکرە بە نمونە: ھەستەوەری دەمارەکانیان تێکئەچێت ، ھەر بۆیە لە کەسانی تر زیاتر دوچاری برینداربوون ئەبنەوە، بەتایبەتی قاچەکانیان زۆر جار دووچاری برینداربوون و سووتان ئەبنەوە چونکە قاچەکانیان ناپارێزن لە گەرمی و ئاگرو ئامێرە بریندارکەرەکان. 

کەواتە ئازار خەڵاتێکی گەورەی خودایە بۆ ناسینەوەی نەخۆشیەکانمان، سوپاسگوزار بە کە ھەست بە ئازار ئەکەیت. 


PM:12:30:14/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌