‌پسپۆڕان: پێكهاته‌یه‌كی خۆراكی پرخه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌

وێستگە ستایل-

ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاشكرای كردوه‌ جۆرێك پێكهاته‌ی‌ خۆراكی به‌سوودن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پرخه‌ و چاككردنی كوالیتی نوستن.

وه‌ستانی هه‌ناسه‌ له‌كاتی نوستندا گرفتێكه‌ زیاتر له‌ نیو ملیار مرۆڤ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌هۆی ئارامبوونه‌وه‌ی‌ دیواره‌كانی قوڕگ و ته‌سكبوونه‌وه‌ی‌ بۆری هه‌ناسه‌دان له‌كاتی نوستندا، ئه‌مه‌ واده‌كات هه‌ناسه‌ بۆماوه‌ی‌ كورت بوه‌ستێت و پرخه‌ی‌ بێزاركه‌ر دروست بكات.

زۆركات ڕێنمایی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ گرفتی پرخاندنیان هه‌یه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی شیر و له‌ناویاندا په‌نیر به‌تایبه‌ت پێش نوستن، به‌و بڕوایه‌ی‌ ئه‌م خواردنانه‌ هۆكارن بۆ زیادبوونی لینجی ناو قوڕگ و گیرانی بۆری هه‌ناسه‌.

به‌ڵام ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ كه‌ له‌ زانكۆی"ته‌شنگدۆ" له‌ چین بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م بۆچوونه‌ی‌ سه‌لماندوه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێت خواردنی به‌رهه‌مه‌كانی شیر و به‌دیاریكراوی په‌نیر یارمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پرخه‌ ده‌دات به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئاستی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن له‌ له‌شدا زیاد ده‌كات و په‌ستانی خوێن داده‌به‌زێنێت و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ باشتر ده‌كات.

توێژینه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌نجامه‌كان سه‌لماندویه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ په‌نیر ده‌خۆن ئه‌گه‌ری وه‌ستانی هه‌ناسه‌یان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ له‌كاتی نوستندا له‌ناو %28 ی حاڵه‌ته‌كان.


PM:08:29:03/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 3672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌