‌ پزیشكێك: شەربەتی هەنار باشترە بە گەدەی بەتاڵ بخورێت

وێستگە ستایل-

هەنار یاخود شەربەتی هەنار دەوڵەمەندە بە ترشی فۆڵیک، ڤیتامین سی و کەی، ریشاڵەکان و پۆتاسیۆمی تێدایە کە ئەمەش وادەکات یارمەتیی هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن بدات و چەندان سوودی دیکەشی هەبێت، هەربۆیە هەموو کەسێک پێویستە بیخوات، بەڵام ئەوانەی سکچوونیان هەیە یاخود خانمانی دووگیان، نابێت هەنار و توێکڵی هەناریش بخۆن، چونکە دەبێتە هۆی گرژبوونی ناوپۆشی منداڵدان، هەروەها ئەوانەی کە قەبزن توێکڵی هەنار دۆخەکەیان خراپتردەکات. شەربەتی هەناری سرووشتی بۆ تووشبووانی شەکرە لە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەیان سوودی زۆری دەبێت.

دكتۆر هۆلیم پسپۆڕی کلینیکیی خۆراکی ده‌ڵێت"بەپێی WHO، رێژەی دیاریکراوی خوێ لە رۆژێکدا تەنیا چوار گرامە، بۆیە باشترە شەربەتی هەنار بەبێ خوێ بخورێتەوە یاخود خوێی زۆر کەم بەکاربێت، تاوەکو پەستانی خوێن بەرز نەبێتەوە و کاریگەریی لاوەکیی نەبێت."

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌شڵێت"توێکڵی سپیی هەنار مادەی دژەهەوکردن و دژەمیکرۆبەکانی تێدایە کە دژی بەکتریای گەدەیە، هاوکات تایبەتمەندیی دژەشێرپەنجەشی هەیە، ئەوانەی کێشەی گەدە و دڵەکزێیان هەیە باشترە لەگەڵ خواردنی هەنار، توێکڵە سپییەکەشی لەگەڵدا بخۆن، چونکە دۆخەکەیان باشتردەکات."

شەربەتی هەنار باشترە بە گەدەی بەتاڵ بخورێت بەبێ تێکردنی هیچ پێکهاتەیەکی زیاد، بەتایبەت بەیانییان بخورێتەوە، چونکە لەو کاتەدا زیاتر شەکری خوێن کۆنتڕۆڵدەکات، لەبەرئەوەی بەیانییان رێژەی شەکری خوێن بەرزە.

خواردنەوەی شەربەتە دەستکردەکانی هەنار ئاسایی نییە، چونکە شەربەتە دەستکردەکان رێژەیەکی زۆر لە مادە پارێزەرەکان، تام، شەکر و لیمۆندۆزییان تێدایە ئەمانەش هەرچی سوودی هەنار هەیە نایهێڵێت و ژەهرن.


PM:08:36:22/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌