‌به‌ته‌مه‌نترین توشبووی پیری پێشوه‌خته‌ گیانی له‌ده‌ستدا

وێستگە ستایل-

كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیتاڵی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشانی پیری پێش وه‌خته‌، مردنی" سامی باسو" ی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ته‌مه‌نترین توشبووی پیری پێشوه‌خته‌یه‌ كه‌ توشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆماوه‌ییه‌ ده‌گمه‌نه‌یه‌ له‌ ته‌مه‌نی 28 ساڵیدا كۆچی دوایكردوه‌.

پیری پێشوه‌خته‌ " پرۆجیریا" نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌"هاتشینسۆن- جیلفۆرد" ناسراوه‌ هۆكاری ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پیربوونه‌ و كار له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ ده‌كات و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ توشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ بوون به‌نزیكه‌ی‌ 13.5 ساڵ ده‌ژین بێ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.

سامی له‌دایكبووی 1995 ه‌ له‌ باكوری ئیتاڵیا، له‌ته‌مه‌نی 2 ساڵیدا وه‌ك توشبوویه‌ك به‌ پیری پێشوه‌خته‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، ساڵی 2005 دایك و باوكی كۆمه‌ڵه‌ی‌ توشبووان به‌ پیری پێشوه‌خته‌یان دروستكردوه‌، له‌ فیلمێكی دیۆكۆمێنتاری كه‌ له‌ كه‌ناڵی ناشیونال جیۆگرافی په‌خشكراوه‌ سامی باسی له‌ ژیانی خۆی و دۆخی دایك و باوكی كردوه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌ ئه‌و.

باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌جیهاندا 130 حاڵه‌تی توشبوون به‌ پیری پێشوه‌خته‌ هه‌یه‌ و 4 دانه‌یان له‌ وڵاتی ئیتاڵیایه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ژماره‌یه‌ 350 حاڵه‌ت بێت و له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كان زۆر زیاتر بێت، یه‌كێك له‌وان"نوور" بوو ئه‌و كچه‌ی‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا به‌ده‌ست هه‌مان حاڵه‌ته‌وه‌ ده‌یناڵاند له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ژیا و له‌وێ گیانی له‌ده‌ستدا.


PM:09:09:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 3828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌