‌هۆكاره‌كانی زیادبوونی ڕێژه‌ی‌ توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ناو گه‌نجاندا

وێستگە ستایل-

گۆڤاری"زه‌ تایمز" ی به‌ریتانی جه‌ختی له‌سه‌ر زیادبوونی ڕێژه‌ی‌ توشبوونی گه‌نجان به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 20-30 ساڵدایه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ڕێژه‌ی‌ توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌دا له‌ناو گه‌نجانی به‌ریتانیا زۆر زیادی كردوه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ %24 به‌راورد به‌ ڕێژه‌ی‌ توشبوون به‌م نه‌خۆشییه‌ له‌نێوان ساڵانی 1995-2019 و به‌گوێره‌ی‌ داتاكانی سه‌نته‌ری به‌ریتانی تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ته‌نها له‌ ساڵی 2019 زیاتر له‌ 35000 هاوڵاتی به‌ریتانی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 25-49 ساڵدا بووه‌ توشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوون و توشبوون به‌شێرپه‌نجه‌ له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان سه‌روو 75 ساڵه‌ كه‌میكردوه‌.

له‌ته‌واوی جۆره‌كانی شێرپه‌نجه‌ هه‌وكردن ڕۆڵی گرنگ ده‌بینێت له‌ ئاماده‌كردنی خانه‌كانی جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌، چونكه‌ شانه‌ هه‌كردوه‌كان خێراتر ده‌گۆڕێن بۆ خانه‌ و شانه‌ی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ و خانه‌ لاوازه‌كان ته‌نها به‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند خویه‌ك وه‌ك خواردنه‌وه‌ی‌ مه‌ی‌ و كێشانی جگه‌ره‌ و به‌ركه‌وتن به‌ مادده‌ی‌ كیمیاوی و پیسبوونی هه‌وا ئاماده‌ ده‌بن ببنه‌ خانه‌ی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌.

له‌وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكای باكور و ئۆقیانوسیا توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆئه‌ندامی هه‌رس زۆره‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ سیستمی خۆراكی ڕۆژئاوا كه‌ به‌رپرسه‌ له‌م بابه‌ته‌، قه‌ڵه‌وی و خواردنه‌وه‌ی‌ مه‌ی‌ دوو هۆكاری دیكه‌ی‌ زیادبوونی توشبوونن به‌ شێرپه‌نجه‌، له‌ناو گه‌نجانیشدا توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆڵۆن و ڕێكه‌ زۆر زیادی كردوه‌.

به‌ركه‌وتن و به‌كارهێنانی پلاستیك و شێوازی ژیانكردنی تاك و هۆكاره‌ ژینگه‌یه‌كان پاڵنه‌ری دیكه‌ن بۆ زیادبوونی مه‌ترسی توشبوون به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌. 


PM:02:39:24/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 7420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌