دواجار حکومەتی هەرێم گرەوەکەی بردەوە

‌شەنکار عەبدوڵا

کەمنەبوون ئەو فاڵانەی کەدەگیرانەوە بەوەی کەشاندەکەی هەرێم دەسەڵاتی نیە و سەرکەوتوو نابێ، یاخود دەیانوت هەرێم نایەوێ ڕێکبکەوێ بەبێ ئەوەی وردبنەوە لە رەفتار و ئاکاری شاندەکە، چونکە ماندونەبونی شاندەکە هەتا سەرکەوتن، نمونەی دیبلۆماسیەتی سەرکەوتووی قوباد تاڵەبانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

هەتا بەشێک لەلایەن شیعەکان گرەویان لەسەر ماندوبونی شاندەکەی هەرێم دەکرد، بەبێ ئەوەی زانیاریی ئەوەیان هەبێ کە حکومەتی هەرێم ئەمجارە بڕیاریداوە، بۆ هەموو لایەنە عێراقیەکان و لایەنە کوردییەکان بەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە و بۆ وڵاتانی ئیقلمی و نێودەوڵەتیش بسەلمێنێ کەهەرێم فاکتەری خێرە و هۆکاری ئەو هەمووە کارەساتەی عێراق نییە، بەڵکو ئەوەی هۆکاری ئەو کارەساتەیە سیاسییە گەندەڵ و تاڵانچی و بەکرێگیراوانی وڵاتانی دەوروبەرن کەنایانەوێ عێراق نینۆکی هەبێ سەری خۆی پێبخورێنێ.

لەماوەی پێشوودا سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان داوایانکرد شاندێکی دەسەڵاتدار بچێتە بەغدا بۆ دانوستان، ئەوە لەکاتێکدابوو کە قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی  تیمی یەکێتییە لە حکومەت، هاوکات سەرۆکی شاندەکەبوو، هەروەها ئاواتی شێخ جەناب، کەوەزیری دارایی و ئابورییە لەپشکی گۆڕان بوو، بەرپرسێکی سەرەکی بوو لەشاندی هەرێم، هەر ئەوکات بەندە رەخنەی توندی لەو ڕاگەیەندراوە گرت و پێم وابوو، ئەمە گومان دروستکردنە لەتوانا و دەسەڵاتی نوێنەرەکانی خۆیان لە حکومەتدا، بەڵام ئێستا جێگای خۆیەتی بپرسین، ئایا ئەوە ئێوەن گومانتان لەکادرەکانی خۆتان هەیە، یان مەسرور بارزانی دەسەڵات نادات بەکادرەکانی ئێوە؟ بەروونبونەوەی هاوکێشەکە دەرکەوت ئەوە ئێوەن قەدری کادر و نوێنەرەکانی خۆتان نازانن، بەڵکو مەسرور بارزانی دەسەڵاتی تەواوی پێدابوون  تاڕێککەوتن و ئەمڕۆش بەرهەمەکەیان چنیەوە.

پشکی هەرێم کەلەماوەی پشوودا چ لەلایەنە شیعەکانەوە و چ لەلایەن بەشێک لەهاوپەیمانی هیواوە، بەئاریشەی سەرەکی بودجە دادەنرا، بەڵام دەرکەوت پشکی هەرێم هیچکات بەربەست نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێ لایەن بەمەبەست دەیانویست ئەو دواخستن تاپەسەندنەکردنی بودجە بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، چونکە شەڕی گەورەی ئەوان دژی حکومەتەکەی کازمی بوو، بۆئەوەی بودجە پەسەندنەکرێ و حکومەت نەتوانێ پرۆژە بکات و دامەزراندن بکاتەوە، بەوەش زەربەی کاریگەر لەکازمی بدەن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئەمانە دەستەکەیان لای هەرێم ئاشکرابوو، بۆیە هەرێم نەرمی زۆری نواند، تەواوی ئەو پیلان و بەرنامانەی دانرابوو، پوچەڵکردەوە، رۆڵی سەدریش بەنزیکبونەوەیان لەگەڵ پارتی کاریگەری گەورەی دانا لەسەر پەسەندکردنی چونکە سەدریش دەیەوێ هەرچی زووە هەڵبژاردن بکرێ و پێی وایە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئەوەندە دەنگ دەهێنێ کەبتوانێ حکومەت پێکبهێنێ.

دواجار رێککەوتن کراو ماددەی 11ی بودجەی 2021 پەسەندکرا، کەتایبەتە بەپشکی هەرێم، کە مانگانە نزیکەی ترلیۆن دیناری بۆ دێ بێجگە لەنەفەقاتی سیادی و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بەشێک لەو قەرزانەی عێراق، بۆیە لەم کات و قۆناغەدا دەتوانین بەسەرکەوتنی گەورەی نازەد بکەین، ڕەنگە پرسیاری سەرەکی ئەوەبێ سەرکەوتن لەکوێدا؟.

 سەرکەوتنی گەورەیە بۆ هەرێم کوردستان لەم ڕێککەوتنەدا ئەوەیە ئەگەرچی هەرێمی پابەندکراوە بە پێدانی نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ، بەوەش هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کەدەیفرۆشێ، دەبێ نزیکەی 10 دۆلاری بخاتەسەر، چونکە هەرێم هەتا ئێستا نەوتەکەی جۆرێ حەسری لەسەرە، لەبەرئەوەی دەوڵەت نییە هەموو وڵاتێ نایکڕێ، لەلایەکی تریشەوە کوالیتی نەوتە زۆر باش نییە، بەڵام بەڕێککەوتنەی هەرێم و بەغدا دانپێدانانی ڕوون و ئاشکرایە بەنەوتی هەرێمدا، لەمەودوا هەرێمیش دەتوانێ وەک دەوڵەتان نەوت بفرۆشێ بەبێ ئەوەی حەسری لەسەربێ، ئەمەش وادەکات نرخی نەوتەکەی بەرزبێتەوە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە.

لەلایەکی ترەوە هەرێم نەچووەتەژێرباری ئەوەی کەنەوتەکە ڕادەست بکا، بەوەش هەرێم دووربخەنەوە لەبازاڕی وزە، بەڵکو ئەم مەلەفە هەر لەدەستی خۆیدایە و وەک یاریکەرێک لەبازاڕی وزەدا دەمێنێتەوە، ئەمە بۆ دوورمەودا، کاریگەری یەجگار ئیجابی دەبێ بۆ پێگەی هەرێم و بەهێزبوونی قەوارەکەی.

هەروەها بەپێی ماددەی 11، دەبێ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ هاریکاری یەکتر بکەن، هەروەها دیوانی چاودێری هەرێم و دیوانی چاودێری عێراق هەماهەنگی بکەن بۆ حساباتی پارەی 2004ەوە هەتا 2020 بەوەش جارێکی تر دانپێدانان و کاراکردنەوەی فیدڕاڵییەتی هەرێمە، کە عێراق چەند ساڵێکە پشتیکردووەتە فیدڕاڵی و دەیەوێ مەرکەزییەتێکی بەهێز پیادە بکات.

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە هەرێم لەدوای ئەم ڕێککەوتنەوە موچەی تەواوی فەرمانبەران بدات لەماوەی 30 ڕۆژدا و پرۆژەکان پەرەپێبدات و فراوانتری بکات، بایەخێکی زیاتر بەکەرتی کشتوکاڵ بدات، بەوەش پێگەی هەرێم بەهێزتر دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ، چونکە بیرمان نەچێ لەم عێراقەی کەتیایدا دەژین، هیچ شتێ گرەنتی نییە.





PM:12:49:01/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی