بودجەی لغاوکردنی سلێمانی

‌رێبوار كەریم وەلی

راستییەکەی قەت پارتی و یەکێتی لە چەند ساڵی رابوردودا، وا شلگێڕانە بەدوای قانونی بودجەوە نەبوونە. ھەموو ساڵێک بێ پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان و لەناو قانونی موازەنەدا، پشکی ھەرێم جێگیرکراوە و جێبەجێ نەکراوە.
*
ئەمجارەیان قانونی بودجە پتر لەوەی مەسەلەیەکی دارایی بێت و دابینی موچە بکات، سیاسییە. 

یەکەم: لەم قانونەدا ئەوە جێگیر کرا کە ھەرێم بتوانێ خۆی نەوت بفرۆشێت. ھەرزانفرۆشیشی بکات کێشە نییە، چەندی کەم بوو خۆی دەیخاتە سەر و دەیگەیەنێتە ئاستی نرخی سۆمۆ. بە واتایەکی دیکە رەنگبێ  ھەرێم بۆ مەجبور بێت بۆ پێدانی پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. خۆ ئەگەر چەند رۆژێک ھەناردەی نەوت راوەستێ، ئەوا دەبێ حکومەت بچێ قەرز بۆ سۆمۆ بکات! کەواتا لێرەدا مەتڵەبی حکومەت روونە و دەرکەوت مەسەلەکە پارە نییە.

دووەم: رێگری کرا لەوەی کە لە حاڵەتی پابەندنەبوونی لایەک بە رێککەوتنەوە، بەغدا بتوانێ مامەڵەی دارایی راستەوخۆ لەگەڵ ھیچ پارێزگایەک بکات. 

سێیەم: خەونی لامەرکەزییەتی ئیداری و مالیی سلێمانی، ھەڵەبجە ، گەرمیان و راپەڕین لەبار بردرا.

چوارەم: پێگەی کوڕەکانی تاڵەبانیی(کە لە حوکمڕانیی ناوەندی و لەگەڵ پارتیدایە) لە ناو یەکێتیدا قایمتر کرد. 
*
لە رووی سیاسییەوە زیانمەندی یەکەم لەم قانونەدا، ھاوسەرۆکی یەکێتی لاھور شێخ جەنگییە. کارتی گوشاری بەغدا کە کرابووە سیاسەتی رەسمیی یەکێتی ئیتر بەھای نەماوە. قوباد تاڵەبانی ئەو کارتەی لە گوشار بۆ سەر پارتییەوە ھەڵگەڕاندەوە بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی.
*

ئێستا دەبێ سلێمانی نیوەی داھاتی نانەوتیی خۆی لە رێگەی ھەولێرەوە بۆ بەغدا حەواڵە بکات و ئەوجا چاوی لە کەرەمی ھەولێر بێت. خۆ ئەگەر لەوەشدا سەرکێشی بکات، ھیچ دەرچەیەک لە قانونەکەدا نەھێشتراوەتەوە بۆ ئەوەی پەنا بۆ مامەڵەی جیاواز بەرن.
*

ئەخیرەن دەرکەوت کە کەروێشک بە عارەبانەش بێ ھەر دەگیرێ!


PM:02:47:01/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 4068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی