كرێكار… سیمبۆلێكی ئینسانی چەوساوە

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین



هەندێك كەس وای دەبینن كە لەدوای هەڵوەشانەوەی مەنزومەی یەكێتی سۆڤیەت، ئیتر هەموو ئەو بەهاو پێناسانەی كە لەسەر پێگەی ئینسان لەچوارچێوەی سیستەمی كاپیتالیستیدا دەكرا هیچ بایەخێكی نەماوە و، تەنانەت دەڵێن، مۆدێلی ئەو جۆرە لە بیركردنەوە بەسەر چوە. وەك ئەوەی كۆتایی هاتنی یەكێتی سۆڤیەت، بە مانای كۆتایی هاتنی مێژوو بێت…!  

لەوەتەی ئینسان هەیە، ناعەدالەتی و چەوساندنەوەش هەیە. ئەم ڕاستیەش نە لەلایەن ئاینە ئاسمانیەكانەوە ئینكاری لێ دەكرێ و، نە لەلایەن بیرمەندەكانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە هەمەوە پێناسەیەكی كۆنكرێت و جیاواز لەسەر چەوساندنەوەی ئینسان بڵاوبوەوە. كارل ماركس و فرێدریش ئێنگڵز لە شیكاریكردنیاندا بۆ سیستەمی سەرمایەداری (كە لەو سەردەمەدا سیستەمێكی هێشتا ساوابوو) دەستەواژەی (كرێكار) یان وەك سیمبۆلیكی چەوساوەكانی جیهان بەكار هێنا. كرێكار وەك ئەو ئینسانەی كە هەموو ئەركی دژواری بەرهەمهێنانی لەئەستۆ بوو، كەچی لە بەری ڕەنجی خۆی بێبەش بوو و، تەنانەت ژیانی ئاژەڵە ماڵیەكانی ئەریستۆكراتەكانی ئەوروپا زۆر لە ژیانی كرێكارێك شایستەتر بوو.

لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا زیاد لە سەد و پەنجا ساڵ تێدەپەڕێت. هەندێك لە وڵاتان ماف و شایستەكانی كرێكارانیان لە چوارچێوەی قانوندا ڕێكخستوە (بۆ نموونە وڵاتانی خۆرئاوای ئەوروپا). بۆیە هەر بەو هۆیەشەوە پێناسەی (كرێكار) لەگەڵ ئەوەی سەردەمی ماركس یەكناگرێتەوە و گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە. 

كوردستان هەرگیز كیانێكی سەربەخۆ (دەوڵەت)ی نەبوە، هەر بۆیەش تێگەیشتنێكیش لەسەر مافی كرێكاران و موعانات و مافەكانیان لە چوارچێوەی قانونێكدا كۆنەكراونەتەوە. لە پێناو بەرچاوڕونی خوێنەری بەڕێز، بە كورتی ئەم چەند خاڵە دەنوسینەوە كە هۆكاری سەركین بۆ دەستەبەر نەبوونی مافی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان:

لە هەرێمی كوردستان هەتا ئێستاش كار بە قانونی ژمارە (٧١) ی ساڵی ١٩٨٧ دەكرێت. ئەم قانونە لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٥  هەموار كراوەتەوە (ئەمە مانای ئەوە نیە كە مافی كرێكار لە عێراقدا پارێزراوە). ئێمەش لە پێنجەمین خولی پارلەمانداین و، هەتا ئێستا نوسینەوەی قانونی كار بۆ هەرێمی كوردستان سەریەشەی كەسمان نیە. 

لە هەرێمی كوردستان سەندیكایەكی سەربەخۆی كرێكاران بوونی نیە و، ئەوەی هەیە (وەك هەموو سەندیكاكانی تر) لەلایەن حیزبە سیاسیەكانەوە بە جۆرێك قۆرخ كراوە، كە هەناسەی لەبەر بڕاوە و وەك نەبێت وایە.

لێشاوی هاوردەكردنی كرێكاری بیانی، بازاڕی كاری بۆ كرێكارانی خۆماڵی تەنگەبەر كردوە.

هەتا ئەو كاتەی قانونێكی كار لە كوردستان نەبێتە داكۆكیكاری مافەكانی كرێكاران، ناتوانین باس لەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی لە هەرێمەكەماندا بكەین، بەڵام گرنگیشە واقیع بینانە شتەكان ببینین و چاوەڕوان نەبین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم بارە دژوارە داراییەوە بیمەی تەندروستی و خانەنشینی بۆ كرێكارانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات. لە ڕاستیدا جێبەجێكردنی ئەم ئەركە پێویستی بە هەماهەنگیەكی جددی هەیە لە نێوان سەندیكای كرێكاران (مەبەست سەندیكای ئۆتۆنۆمە)، حكومەت و كەرتی تایبەت بەشێوەیەكی مەبدەئی و بەسەلیقەی سیاسی. دەبێت هەستكردن بەم بەرپرسیارێتیە لە ئەولە ویاتی سیاسەتی حیزب، پارلەمان و حكومەتمان بێت.  


ڕۆژی یەكی ئایار… ساڵڕۆژی كرێكارانی جیهان لە كرێكارانی كوردستان و لە هەموان پیرۆزە…


PM:04:57:01/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی