سیاسەت، ویژدان و پیاهەڵدان ئاری محەمەد هەرسین

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ئەو کەسانەی کە هیچ لە سیاسەت نازانن و لە عەینەکی (نەهیلیستی) خۆیانەوە سەیری دونیا ئە کەن، سیاسەت بە بێ ئەخلاقی پێناسە ئەکەن. بەم کردەوەیەش، بە بێ پێشکەشکردنی بەدیلی (سیاسەت)، نائومێدی لەناخی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمانا ئەچێنن.

لە وڵاتی ئێمە هەژماری ووتارنووسان لە هەڵکشانایە. کێن ئەمانەی وتار ئەنوسن؟… بۆ ئەینوسن؟… پەیامیان چیە؟…

 حەز ئەکەم بە دوو نموونە باس و خواستێک لەسەر ئەم پرسیارانە بکەین.

لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو پێشهاتی سیاسی بازاڕی هەواڵەکانی کوردستانی قۆرخ کرد. یەکێکیان کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بوو. ئەوەی تریشیان تێپەڕاندنی میزانییە لە پاڕلەمانی عێراق. ئەم دوو پێشهاتە هەردوکیان بۆ عەقڵی سیاسی،  گرنگی خۆیان هەیە. سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتی گەلی کوردستانی عێراق ئەکات. گەلێکی بێ دەوڵەت و پەرتەوازە و سەراپا پڕاو پڕ لە گێچەڵ. لەوانەیە سەردانی بەڕێز ڕۆحانی (سەرۆک کۆماری ئێران) بۆ کۆشکی ئێلیزێ شتێکی ئەوەندە عەجایب نەبێت. چونکە ئێران دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام سەردان و دەعوەتی سەرۆکی گەلێکی بێ دەوڵەت نەک هەر جێگای هەڵوێستەیە، بەڵکو ئەبێت ختوکەی فیزی بیروباوەڕی نەتەوایەتیشمان بدات.

کاردانەوەکان لەسەر ئەم سەردانە جیاواز بوون (هەر وەک هەمیشە). هەندێک کەس هەستان بە نوسینی وتاری پیاهەڵدان و نوسینەوەی شیعر و شانامە، بە مەبەستی خۆ بردنە پێشەوە و وەرگرتنی ئیمتیازێک یان دوان. بە بێ ئەوەی هیچ قووەتێکی تەحلیلی سیاسی و عەقڵانی لە نوسینەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە. هەندێکیتر سەردانەکەیان بچووک کردەوە و لە پایەی سەردانەکەیان کەم کردەوە، ئەویش لە سۆنگەی ڕق و کینە و بێ عەقڵی خۆیانەوە.

تێپەراندنی قانونی میزانیەی عێراق لە پارلەمان پێشهاتەیەکی تر بوو، کە بە هەموو پێوەرەکان تۆماری سەرکەوتن بوو بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم سەرکەوتنە لە ئاکامی هەوڵ و ماندوو بوونی بەڕێز سەرۆکی حکومەت و جێگرە بەڕێزەکەی و ئەندامە بەڕێزەکانی لیژنەی دانوسانکار بوو. دیسانەوە هەندێک ووتار نووس دەستیان کرد بە پیا هەڵدان و، هەندێکیتر هیچ بایەخێکیان بۆ شەونخونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و دیپلۆماتکارانی کورد نەهێشتەوە.

تێبگەین مەسەلە ئەسڵیەکە چیە؟… ئەگەر بەغدا ئیهمال ئەکەین، پێمان ئەڵێن ئەمانە کێشە دروست ئەکەن…! ئەگەر لەگەڵ بەغدا سیاسەت ئەکەین، ئەڵێن لە سەربەخۆیی پاشگەز بونەتەوە…! ئەگەر ئەڵێین سەرۆکی هەرێم ئەچێت بۆ فەڕەنسا، ئەڵێن ئینجا ئەوە بایەخی چیە…! ئەگەر سەرۆکی هەرێم پردی دیپلۆماسی دروست ناکات، ئەڵێن لوت بەرزن و لە سیاسەت نازانن…!

سیاسەت بینینی واقیعە وەک خۆی، بە بێ ڕوتوشکردن. نوسینی سیاسی پێویستی بە عەقڵی تەحلیلی، ویژدان و ڕاستگۆیی هەیە. فارس ئەڵێن:

کار هرکس نیست خرمن کوفتن
گاو نر میخواهد و مرد کهن

پێویستە لەو ڕاستیە تێبگەین کە سیاسەت و نوسین، ئیشی هەموو کەسێک نیە، گەر ناتوانی قسەی مەعقول بکەیت، باشترین شت ئەوەیە بێدەنگ بیت. بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، گەر ناتوانی گوڵ بیت، نەبیتە دڕکێکی ئیزعاج و بێ لەزە ت. تەحلیلی سیاسی لەسەر بنەمای مەنتیق و، بۆچونی ڕەخنەگرانەی عەقڵانی دینامۆی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکن، نەک ماستاو ساردکردنەوە و بوغز و کینە.


PM:02:14:03/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی