تەنگەژەی سیاسی، هەرێم بەرەوکوێ دەبات

‌رێبین عومەر ‎

دۆخی سیاسی هەرێم زیاتر بەرەو تەنگەژە دەچێت؛ جگە لە قەیرانی دارایی و پێنەدانی موچە بەفەرمانبەران، وا دیموکراسی و فرەیی هەڵبژاردن کەوتە ناو  قەیرانێکی قوڵی سیاسییەوە؛ کە دیار نییە کە ئاخۆ چارەنوسی قەوارەی هەرێم چی لێ بەسەردێت؟!

هەڵوێستەکەی پارتی دیموکرات و بریاردان بۆ کشانەوە لە هەڵبژاردن و بایکۆتکردن؛ پرۆسەی سیاسی بەتەواوەتی دەخاتە دۆخی مەترسیی و تەنگەژەوە.

بە تایبەت دوای بریاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە؛ بۆشایی گەورە لە پایەکانی دەسەڵاتداری لە هەرێم دروست بوو.

ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن دام و دەزگاکانی دەوڵەت بەتەواوەتی بێ کردار دەکات.

ئەم هەنگاوە خێرایەی پارتی لە بڕیارە خێراکانی گروپی سەدر لە عێراق دەچێت، کە لە براوەی هەڵبژاردنەوە بووە هێزێک لەدەرەوەی پرۆسەی سیاسی؛ پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ بێ بەشداری پارتی دیموکرات هەرێم دەتوانێ هەڵبژاردن ئەنجام بدات؟

لە ئەگەری پێشهاتەکاندا زیاتر بیری تەنگەبەری حزبی لە کوردستان دەردەکەوێت؛ کە دیموکراسی شوێنی تاقیکردنەوە نییە..!

بۆتە نەریت کە هێزەکان پێش هەڵبژاردن بیر لە گەرەنتی بردنی کورسی پەرلەمانی بکەنەوە، ئەم جارە بە هاتنە ناوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ ترس دروستبوو لەوەی کە چیتر سندوقەکان رەنگ ناکرێن و دەنگەکان بە حەقیقی روون دەبنەوە.

لە رابردوو پارتی بەرلەهەڵبژاردن براوەی سەرەکی بوو، دۆخێک دروستکرابوو کە هیچ هێزێک نەدەگەیشتەوە دەنگەکانی پارتی و نیوە زیاتری پەرلەمانی دەبرد؛ پێدەچێت دوای لێکۆڵینەوە روون بووبێتەوە کە ئیتر کۆتایی بەو  پەندەهاتووە کە دەڵێت: پارتی لەگەڵ چین هەڵبژاردنبکات دەیباتەوە.


PM:10:02:18/03/2024

ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی