چەند شتێک لە بارەی عەفرینەوە
ئاوات عەلی
- هەڕەشە و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، کاردانەوەی بڕیاری ئەمریکایە بۆ دروستکردنی هێزێکی پاسەوانی سنور لە باکوری سوریا کە لە ٣٠ هەزار کەس پێکهاتوون و زۆرینەیان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنانن.
- لەئەگەری دەستپێکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دەبێتە یەکەم هێرشی بێ پاساوی سەربازی سوپای وڵاتێک بۆ سەر ناوچەیەکی مەدەنی لە دوای تێکچونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠١١ ەوە.
- یەپەگە هاوپەیمانی ئەمریکا و تاکە هێزی باوەڕپێکراویەتی بۆ پتەوکردنی جێدەست و هەژمونی خۆی لە سوریا لە بەرامبەر روسیادا، هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە مانای ڕاگەیاندنی شەڕە لە بەرامبەر ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ.
- هەرچەندە روسیا نیگەرانە لە هاوپەیمانی ئەمریکا و یەپەگە و بە مەترسیی دادەنێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی، بەڵام بونی یەپەگە بە باشتر دەزانێت وەک لە سوپای تورکیا، چونکە روسیا هاوپەیمانی یەکەمی سوپای سوریای ئەسەد و پارێزەری سەروەری خاکەکەیەتی.
- حکومەتەکەی ئەسەد رایگەیاند بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەنەوە بکرێتە سەر عەفرین بە تایبەتی هێرشی فڕۆکە، ئەمەش وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی روسیایە بۆ تورکیا کە هێرش نەکات.
- ئەوەی تورکیا دەیکات مەترسییەتی لە دروستبونی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی کوردی لە باکوری سوریا، چونکە ئازادبونی زیاتری کوردستانی ڕۆژئاوا و خۆبەڕێوەبردنی کاریگەری لەسەر باکوری کوردستان دروستدەکات زیاتر وەک لە پارچەکانی تر، چونکە ڕۆژئاوا و باکور یەک کلتور و یەک بیروباوەڕی سیاسییان هەیە، جیاواز لە پارچەکانی تر زۆر نزیک و تێکەڵن تەنانەت سنوری کێشراو چەندین بنەماڵەشی لەنێوان ئەو دوو پارچەیەدا کردووە بە دوو کەرتەوە.
- یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە تورکیا چەند کیلۆمەترێک زیاتر بێتە پێشەوەو بۆردومان بکات، بەڵام بەداوای ئەمریکا و روسیا هێرشەکە بوەستێنێت لە بەرامبەر وەرگرتنی زەمانەتی دروستنەبونی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی کوردی لە باکوری سوریا یان وەستاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل.
ئاوات عەلی
PM:12:39:20/01/2018
ئهم بابهته 1557
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی