نهێنییەکانى خۆشەویستی

‌ئاوات عەلی

ئێمە دەمانەوێت ڕۆژەکانمان بە باشى بگوزەرێنین، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێ لە جێگەی ئێمە بژی. لەبەرئەوە پێویستە ئەوە بزانین دەبێ لە کوێدا سەرنجی ڕەنجەکانمان بدەین، هەروەها بزانین مەزنترین ئامانج لە ژیانماندا چییە؟ ئێمە واڕاهاتووین پێمان بگوترێت کە مەزنترین سامان لە جیهانى ڕۆحانیدا باوەڕە. ماوەى چەندین سەدەیە ئایین پشتى بەو وشە سادەیە بەستووە، هەر بۆیە گەر پێمان وابێت گرنگترین شت لە جیهاندا باوەڕە، ئەوە بە تەواوەتی هەڵەین.

لەسەروو هەموو شتێکەوە لە ژیانى خۆتاندا یەکترتان خۆشبوێت، چونکە خۆشەویستى زۆرێک لە گوناهەکان دەسڕێتەوە. خودا خۆشی گوزارشتە لە خۆشەویستی. خۆشەویستى تەواوکەری یاسایە. ڕێگەیەکی ئاسانترتان نیشاندەدەم، ئەگەر تەنها یەک شت بکەن، ئەوا بەبێ ئەوەی بیری لێبکەنەوە سەرجەم ئەو شتانە ئەنجام دەدەن کە خواد لەسەرجەم ئاینەکاندا داوا لە مرۆڤەکان دەکات، ئەویش خۆشویستنی خەڵکی یە، بەبێ ئەوەی خۆتان بیزانن، پەیڕەوی یاساش دەکەن. خۆشەویستى ئەو یاسایەیە کە هەموو یاساکانى تر لە خۆ دەگرێت و ئەو ڕاسپاردەیەیە هەموو ڕاسپاردەکانى تر هەڵدەسەنگێنێ. خۆشەویستى نهێنی ژیانە.

خۆشەویستى دیارییەکی سەرنجڕاکێشە کە تواناى ئەوەی هەیە دڵ و مێشکی خەڵکی بگۆڕێت و هانیان بدات کاری گرنگ و پیرۆز بگرنە ئەستۆ کە لە سەروو هەموو کارەکانى دیکەوە بێت.

خۆشەویستى تاکە زمانى ڕاستەقینەی جیهانە، کە ڕێگەت دەدات بە زمانى چینی یان هندی قسە بکەیت، ڕۆژێک دێت دەچی بۆ ئەو شوێنانە، "ڕەوانبێژی بێ دەنگی خۆشەویستى" وات لێ دەگات لە هەموو کەسێک تێبگەیت.

خۆشەویستى لە نۆ شت پێکدێت کە ئەوانیش "ئارامی، میهرەبانی، بەخشندەیی، بێ فیزی، ڕەوشتبەرزی، خۆنەپەرستى، هێمنی، ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی". تەواوی ئەم شتانە دیارییە مەزنەکە پێکدەهێنن کە ئەویش خۆشەویستى یە.

خۆشەویستى جوانە و بەم شێوەیە ڕەفتار دەکات: بەهێمنی و بێ پەلە چاوەڕێ دەکات، دەزانێ لە خاڵێکدا خۆی دەربخات. خۆشەویستی ئامادەیە لە ساتى گونجاودا کاری خۆی بکات، بەڵام بە هێمنی و لەسەرخۆیی چاوەڕێ دەکات. خۆشەویستى ئارامگرە و بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، بڕواش بە هەموو شتێ دەکات. هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، چونکە خۆشەویستى تێدەگات.

خۆشەویستى خۆت بە هەژارەکان ببەخشە، ئەوە کارێکی ئاسانە، هەروەها بە دەوڵەمەندەکانیشی ببەخشە، ئەوانەی گومان لە هەموو کەسێک دەکەن و ناتوانن ئەو خۆشەویستی یە بدۆزنەوە کە پێویستیان پێیەتی. خۆشەویستی بەو کەسانەش ببەخشە کە لەگەڵ خۆتدا یەکسانن، کە ئەمەش کارێکی گەلێ زەحمەتە. خۆپەرستى ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەستپێدەکات کە لەگەڵ خۆماندا یەکسانن. ئێمە زۆر کات هەوڵ دەدەین دڵخۆش بین، بەڵام ئەوەی پێویستە بیکەین بەخشینی شادمانییە.
من تەنها یەک جار لە جیهاندام. هەر چاکەیەک یان هەر میهرەبانییەک کە دەتوانم پیشانى خەڵکی بدەم، لێگەڕێ ئێستا ئەنجامی بدەم. بهێڵە دواى نەخەم و پشتگوێی نەخەم، چونکە جارێکی تر ئەم ڕێڕەوە ناگرمەوە بەر.

هەر کات ویستت کارێکی باش ئەنجامبدەیت و خەڵکی تریشت بینی هەمان شت دەکەن، یاخود لە تۆ باشتر کارەکە ئەنجامدەدەن، ئیرەییان پێ مەبە. ئیرەیی چاوی لەسەر ئەو کەسانەیە کە وەک خۆمان هەمان کار دەکەن، بەگشتیش سوورە لەسەر ئەوەی باشترین شت لە ناویاندا تێکبدات، ئەوەش چەپەڵترین هەستى مرۆڤە. ئەوەی خەڵکی خۆشبوێت دەیباتەوە گەر چاوەڕێی هیچ خەڵاتێکیش نەکات. خۆشەویستى ڕاستەقینە نایەوێت خاڵی لاوازی کەسانى دیکە دەربخات، بەڵکو حەزدەکات هەموو شتێ قبوڵ بکات و بۆی دەربکەوێت شتەکان لەوە باشترن کە خەڵکی باسیان کردبوو.

کاتێ مرۆڤ هەستدەکات کەس خۆشی ناوێت ئارەزوویەکی خراپی بۆ مردن دەبێ، هەتا ئەو کاتەی هاوڕێ و کەسی هەبێ کە خۆشیان بوێ و ئەویش خۆشی بوێن، دەتوانێ بژى. چونکە ژیان خۆشەویستى یە. هەر ئەو کەسەی کە شادی لە خۆشەویستى وەردەگرێ، شادی لە خوداش وەردەگرێ، چونکە خودا خۆشەویستییە. ئەبێ ئەوەشت لە یاد بێت پرسیارە گرنگەکەی مرۆڤایەتی ئەوەنییە "ئایا چۆن ژیام؟ "بەڵکو ئەوەیە "چۆن خەڵکیم خۆشویست؟".

گەر تۆ ئێستا لە پێناو خۆتدا بۆ شتە مەزنەکان دەگەڕێیت؟ بۆیان مەگەڕێ، چونکە هیچ مەزنییەک لە شتەکاندا نییە. شتەکان ناتوانن مەزن بن. تاکە مەزنی لە خۆشەویستییەکی خۆنەپەرستانەدایە. هیچ شادمانییەک لەهەبوون و دەستکەوتندا نییە، بەڵکو تەنها لە بەخشیندایە. وا باشتریشە نەژیت وەک لەوەی خەڵکیت خۆشنەوێت.

 

*زۆرێک لە دەقەکانى ئەم نوسینە لە کتێبی (دیارییە مەزنەکە)ی (هێنری درەمەند)وە وەرگیراوە کە (پاولۆ کۆیلۆ) جارێکی تر بە دەستکارییەوە نوسیویەتییەوە.


PM:12:29:23/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 3593 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی