‌ میوانەكەی سلێمانی !
PM:06:04:05/09/2016
ئاریان فەرەج

كاتێ رایانگەیاند كە بە نیازن مالكی ببەن بۆ هەڵەبجە، هەڵەبجەییەكان سەرەڕییان لێگرت و نەیانهێشت داخڵی شاری شەهیدان بێت. راستە دەزگا ئەمنییەكان و میواندارانی مالكی، لەسەر پێشوازی نەكردنی خەڵكی هەڵەبجە لە میوانەكەیان، چەند گەنجێكی كەس و كاری شەهیدانی كیمیابارانیان دەسگیر و قۆڵبەست كرد، بەڵام رێگرییەكە سەركەوتنێكی میلی و پەیامێكی گرنگی هەڵەبجەییەكان و رای گشتی كوردستان بوو، پیادە كردنێكی ئازایانەی ئەو دروشمە روونە بوو كە لە بەردەرگای مۆنۆمێنتی هەڵەبجە نوسراوە ( هاتنە ژورەوە بۆ بەعسییەكان قەدەغەیە) ئاخر بەعسی هیما و ناوێكی رەمزییە بۆ هەموو ئەوانەی بە فكری (قەتل و عام) مامەڵە لەگەڵ گەلی كوردستان دەكەن جا ئیتر ئەو قەتل و عامە بە (سەربڕین) بێت یان (نان بڕین).

برادەران بۆ دوبارە نەبونەوەی رێلێگرتنەكەی مالكی، میوانی ئەمجارەیان بە دزییەوە و بێ ئیعلان كردن و لە غەفڵەتا كرد بە هەڵەبجەدا و بەدرەنگەوە زانرا كە فەتلاوی (هەم كۆنە بەعسی و هەم تازە بەعسی) براوەتە ناو مێنۆمێنتی هەڵەبجەوە .

دەسەڵاتەكەی سلێمانی ئازادە دەست لەگەڵ كێ تێكەڵ دەكات، بەڵام لەو دەستتێكەڵییەدا دەبێ شعوری خەڵك و كەس و كاری شەهیدان و نەكولاندنەوەی برینەكانیان بە كەمترین ئاست لەبەرچاو بگیرێ. فەتلاوی میوانی (شاری جوان)ی سلێمانی و باخ و مەزرەعەكانی دەسەڵاتدارانی شار بێت قەینا، هانیان بدا بۆ تۆخكردنەوەی زۆنچێتی و لێك دوركەوتنەوەی هەولێر و سلێمانی و لێكترازاندنی زیاتری ریزەكانی كوردایەتی قەینا، بەڵام بۆ دەبێ ببرێتە هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیداندا چەكی غوفران و پاكبونەوە لە هەردوو تاوانی (سەربڕین) و (نان بڕین)ی پێشكەش بكرێ. 

ئەم ژنە لە نێو كایەی سیاسی و پەرلەمانیی عێراقدا رەمزی دژایەتی كورد و كوردستان و ئاواتە رۆەواكانی میللەتەكەمانە. مالكی مەلەفی هاندانی شەقامی شیعە و زیندوكردنەوەی شۆڤێنییەتی عەرەبیی بەدژی كورد پێ سپاردووە. لە پەرلەمان و لە میدیاكان و لە كۆڕ و كۆبونەوە ی جەماوەری و لە هەر كوێ دەمی پێیگەیشتبێ، جگە لە دژایەتی سەرسەختانەی كورد ودژایەتی فیدرالی و پێشمەرگە و دژایەتی بەرژەوەندی و ژیان و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان، هیچ ئەرك و كارێكی دیكەی نەبووە و نییە. فەتلاوی بە دەمی خۆی و بە ئیفتیخارەوە رایگەیاند كە چوار ساڵی رێك بە تاقی تەنیا رێگریی لە جێبەجێكردنی ماددەی سەد و چل و گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر كوردستان كردووە و نەیهێشتووە لیژنەی ئاساییكردنەوە و ئیستیفتای كەركوك كاربكەن. ئەم ژنە خاوەنی بیرۆكەی یەكگرتنی عەرەبی عێراقە بە رەغمی جیاوازیی مەزهەبییان بۆ رێگری لە كورد و ئاواتەكانی. هاتنیشی بۆ سلێمانی جگە لەو ئەركەی مالكی پێیسپاردووە كە هاندانی مەیلی عێراقچێتی و دژایەتی سەربەخۆیی و گەورەكردنی دەلاقەی نێوان هەولێر و سلێمانی و تەفرەقەی نێوان هێزە كوردییەكانە، هیچ مەبەستێكی دیكەی نییە. 

قێزەونی ئەم میوانە رەزاگران و دژە كوردە و ئەو پێشوازییە ناشایستەیەی لە سلێمانی لێیكرا، هەرچەندی دەربارە بگوترێ، تەواو نابێ و یەك دونیا پرسیاریش لەسەر مەبەست و هەڵوێستی خانەخوییەكەی دەوروژێنێ كە رەنگە ووركردنەوەیان قسەی زۆری بوێت. 

بۆیە لە جیاتی قسەی زۆر، تەنیا گازندەی خۆمان دەخەینە پاڵ نیگەرانی و دڵشكاویی هەڵەبجەییەكان و رای گشتیی كوردستان: دەبوا ئەو جۆرە كەسانە نەبرێنە هەڵەبجە، چ جای بێ ئیجازە و بێ لەدەرگادانی هەڵەبجەییەكان !


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.