‌ئاكامى گرەوی ئیقلیمی
AM:10:50:21/08/2016
ئاریان فەرەج

جگە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هیچیەك لە هێزە ئیقلیمییەكان نە بە تەواوی دوژمنی داعشن و نە داعش دوژمنیانە و نە دنیابینی و بەهاكانیشیان لەگەڵ داعشدا بەو رادەیە جیاوازە كە دوژمنی سەرییەكتر بن. هەر یەكەیان بە جۆرێك ئیمتیدادیان لەناو ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا هەیە و هەر یەك بەئاستێك بۆ خزمەتی ئەجیندای خۆی بەكاریهێناوە و قازانجی لێ بینەوە. مەگەر هەر ئەوان نەبوون ئاڕاستەیان بە داعش بەرەو پەلاماردانی كوردستان گۆڕی و گەر بەرگریی مەردانەی پێشمەرگە و بەهاناوەهاتنی هاوپەیمانان نەبوایە، بە ئاگری داعش سەراپای كوردستانیان دەسوتاند!. مەگەر رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی جگە لە هەڵتۆقاندنی داعش بەچی توانییان رووخساری شۆڕشی سوریا بشێوێنن و تەمەنی ئەو رژێمە تۆتالیتارە تا ئێستا درێژبكەنەوە. 

دواجار رونبۆوە كەپاشكۆیی و خزمەتی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان بە رژێمەكەی ئەسەد و وابەستەیی بە ئەجیندا و سەنگەربەندییە ئیقلیمییەكان نەك هەر خێرێكی بۆ كورد لێ شین نەبوو، بەڵكو ئەوەتا ئەو شارانەی شەڕڤانان پەیكەرەكانی ئەسەدیان تێدا دەپاراست و ئاڵای كوردستانیان تێدا قەدەغەدەكرد و كوردپەروەرانیان لێ دەردەكرد، دواجار كەوتنە بەر بۆردومانی فڕۆكەكانی ئەسەد و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی. لەوێش وەك باشور فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بەهاناوە هاتوون و هەر ئەوان خەریكن كوردی رۆژئاوا لە هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی !! دەپارێزن. 

لە دەسپێكی روداوەكانی سوریاوە، ئامۆژگاری و تكا و رجای سەرۆك بارزانی لەپەیەدە ئەوە بوو ئەو گرەوە دۆڕاو و بێ ئامانە نەكەن. جگە لە كورد بۆ خاتری كەس و بۆ ئەجیندای كەس شەڕ نەكەن و كوڕ و كچی كورد بە كوشت نەدەن. دەست بدەنە دەستی هێزە كوردە هاونیشتمان و هاوزمانەكانی خۆیان و هەر هاوكارییەكیان پێویستە لە براكانیان لە باشوری داواكەن و لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی بخوازن كە دژی داعشە و دژی ئاواتەكانی كورد نییە و روانگا و ئامانجی روونە. نەبنە بەشێك لە ئەجیندای نەزۆك و تائیفی و پڕگرێ و گۆل و دژە ئاواتەكانی كورد لە ناوچەكەدا. چارەنوسی خۆیان بە داگیركەرانی كوردستانەوە گرێ نەدەن. نەكەونە دژایەتی بەرەی سەربەخۆییخوازان و نەبنە هاوكاری رژێمێكی بێ ئامانی وەك بەعسی سوری و هاوكوفەكانی. 

ئەو هێزە ئیقلیمییەی كەپەیەدە و پەكەكەی خاوەنی لەو باوەڕەدابوون لە رقی توركیا، پشتگیری و هاوكارییان دەكات و لەو پێناوەشدا تا پێیان كرا دژی ئاواتە نەتەوەییەكانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان و هێزە هاوزمانەكانی خۆیان وەستانەوە، ئەوەتا دواجار هەمویانی بە تیرۆریست ناساند و لەگەڵ یەكەمین هەنگاوی نزیكبوەنەوە لە توركیا، تیشكی سەوزی بۆ فڕۆكەكانی ئەسەد داگیرساند تا بكەوێتە وێزەیان و هەموو ئەو خزمەت و هاوكاری و هاوهەڵوێستییە بەلاشە بخاتەژێر پێ كەچەندین ساڵە پەكەكە و پەیەدە پێشكەشی ئەسەدی باوك و ئەسەدی كوڕی دەكەن. 

ئەگەر عەقڵ و بەرژەوەندی كورد و كوردستان پێوەر بێت، ئیدی دوای رونبونەوەی نیاز و ئەجیندای هێزە ئیقلیمییەكان و دەركەوتنی ئاكامی گرەوی دۆڕاو لەسەر وابەستەیی ئیقلیمی، حەق وایە پەیەدە بێ چەند وچون، هەتا دەرفەت ماوە بە خۆی و سیاسەتە هەڵەكانی و ئیملائاتی نەزۆك و ماڵوێرانكەری پەكەكەدا بچێتەوە و راستە رێ بگرێتەبەر. راستەڕێ هەر ئەوەیە كە لەسەرەتاوە سەرۆك بارزانی پیشانی دان: دەستهەڵگرتن لەپاشكۆیەتی ئیقلیمی بەر لە زیانی گەورەتر. رووكردنە كوردایەتی راستەقینە و خەباتی ئامانجدار و بەرچاو روون بۆ رزگاری رۆژئاوای كوردستان. دەستهەڵگرتن لە تاكڕەوی و خۆسەپاندن و سەركوتی هێزەكانی بەرەی كوردایەتی.كردنەوەی دەرگای رۆژئاوا لەسەر هێز و حیزبە تێكۆشەرەكانی رۆژئاوا.

 پێشوازی كردن لە هەزاران پێشمەرگەی رۆژئاوا كە بە بیری پاكی كوردایەتی و ئازادی رۆژئاوای كوردستان لە داگیركار گۆشكراون. پشتكردنە دوژمنان و پشت بەستن بە باشوری كوردستان وسەنگ و ئیعتبارە نێودەوڵەتییەكەی، ئەو سەنگ و ئیعتبارەی نەیهێشت رۆژئاوا بەو هەموو عەیب و عارەی پەیەدەوە. بێ بەش بێت لەپاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ئێستاش ناهێڵێ گورگان خواردوو بێت و ببێتە قوربانیی پێكهاتنی هێزە ئیقلیمییەكان.






هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.