‌تەنیا سەربەخۆیی دەمانپارێزێ
PM:12:10:08/08/2016
ئاریان فەرەج

شەڕی داعش و تێكشكاندنی دەوڵەتەكەی بەغدادی، بەرەو دوا قۆناغەكانی كۆتایی دەچێ. كورد ئەو هێزە بوو كە لەسەرەتاوە پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی داعشی راگرت و بەرەنگارییان بۆوە و ترسی مرۆڤایەتیی لە داعش شكاند. پێشمەرگە ئەو تاكە هێزە بوو كە لە جیاتی هەموو جیهان بەرسنگی لە داعش گرت و پاشەكشەی پێكرد . 

بە كۆتایی هاتنی شەڕی داعش سەركەوتووەكانی جەنگ دوبارە نەخشەی جێوسیاسیی ناوچەكە دادەڕێژنەوە، كورد یەكێكە لە براوە سەرەكییەكانی جەنگ، بۆیەش دەبێ لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەدا رۆڵ و نەخشی هەبێت. ئارامبونەوەو گێڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا جارێكی دیكە مەترسیی وەك داعشی تێدا شین نەبێتەوە و كۆی بەها و بەرژەوەندییەكانی جیهان نەكەونەوە بەر هەڕەشە، داڕشتنەوە و تەرتیبات و سیستمێكی نوێ دەخوازێ. ئەو ووڵاتانەی داعشیان تێدا هەراش بوو، زەحمەتە بە نەخشە و پێكهاتە و سیستمی ئێستایانەوە بمێنن. عێراق یەك لەوانەیە.كورد لە عێراقدا نە فیدرالیزم پاراستی و نە توانی عێراقییەكان بە شەراكەت و برابەشی قانع بكات. نە توانیشی بە پاشكۆیەتی هەتاهەتایی قایل بێت. ئیدی كورد لەبەردەم بژاردەیەكی چارەنوسسازدایە. دەبێ لە ئێستاوە چارەنوسی خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش دیاری بكات و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات. 

ئەو هێزە ئیقلیمییانەی سەربەخۆیی كوردستانیان پێ ئیستعاب ناكرێ و رێگریی لێ دەكەن، لە ئێستاوە كەوتونەخۆ بۆ گەلەكۆمەكێ و لەبەین بردنی پرۆژەی كورد. گرەویان لەسەر ئەوەیە كورد لە نێوخۆدا ناكۆكن و دەكرێ ئیش لەسەر قوڵكردنەوەی ئەو ناكۆكیانە بكرێ. ئەو منەتەی ئەمڕۆ ئەمریكا و رۆژئاوا بە كوردیان هەیە رەنگە دوای شەڕی داعش نەمێنێ. بازنەی ئابڵوقە و گەمارۆ بە ئاستێك لەسەر كورد بەرتەسك بكەنەوە كە لە پێناوی ژیانێكی كولەمەرگی و پاروەنانێكدا دەستبەرداری خەون و ئاواتی لە مێژینەی بێت و لە ئامانجەكەی پاشگەز بێتەوە. 

كۆتایی شەڕی داعش ( بە جیاوازی سەردەمی ئێستا و ئەوسا) لە روانگای داگیركەرانی كوردستانەوە، لە سەروەختی كۆتایی شەڕی عێراق و ئێران دەچێت. بۆیە لە ئێستاوە تەمایان بە دەستكرانەوەی دوای نەمانی داعش هەیە تا لێبڕاو بن بۆ گیانی كورد. ئەوەتا لە ئێستاوە ئاماژەكانی سەربەیەكدا كردن و كۆبونەوەی چوارقۆڵی و یەكخستنی هەڵوێست دژی سەربەخۆیی كوردستان وا دەردەكەون. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەو پیلان و هەڕەشانە، تێگەیشتنێكی نێودەوڵەتی و هەل و مەرجێكی بابەتی و ئیرادەیەكی كوردی شێلگیرانە بۆ سەربەخۆیی هەیە كە تەنیا هاودەنگیی و كۆبونەوەی تێكڕای هێزە سیاسییەكانی كوردی لە دەور پێویستە. 

لەبەردەم هەڕەشەیەكی لەوجۆرە و هەلو مەرجێكی رەخساوی وەهادا، كورد دەبێ كارێك بكات پێش ئەوەی شەڕی داعش یەكلابێتەوە، چارەنوسی خۆی یەكلاكردبێتەوە و بڕیاری خۆی دابێ و سەروەری بەدەستهێنابێ، تا وەك ووڵاتێكی سەربەخۆ یاسای نێودەوڵەتی لەهەر جۆرە دەستدرێژی و تەجاوز و پەلامارێكی ئیقلیمی بیپارێزێ.

 دەنا بەم رەوشەی ئێستا و بێ ناسنامە و بێ سنور و بێ سەروەری، دەكرێ نەك هەر رێگەی سەربەخۆیی لێ ببەسترێ، بەڵكو سەركەوتنەكان و رۆڵی پێشەنگانەشی لە شەڕی داعشدا لێ بدزرێ و بخرێتە گیرفانی خەڵكی دیكەوە و هەموو دەسكەوتەكانی ئێستاشی لێ بسێندرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ئاخر پەلاماردانی هەرێمێكی بێدەوڵەت ونەپارێزراو دوای گۆڕانی موعادەلاتی ئێستای ناوچەكە، ئاسانەو دەرگا لەسەر هەموو جۆرە هەڕەشەیەك كراوەیە. بەڵام ئەگەر تا ئەودەمە كوردستان سەربەخۆ بوبێت، هیچ هێزێكی ئیقلیمی ناتوانێ سەروەری و سنور و بەرژەوەندییەكانی ووڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری پێشێل بكات. 

لە دوای كۆتایی شەڕی داعش ئەوەی كوردستان لەهەر مەترسی و ئەگەر و پەلامارێك دەپارێزێ تەنیا بڕیاری بوێرانە و لەدواخستن نەهاتووی كورد خۆیەتی. بڕیاری جەسورانە و چاونەترسانەی ئیعلانی سەربەخۆیی. 
كورد دەبێ خۆی و هەموو فاكتەرە هاندەر و ئاسانكارەكان و كۆی هەل و مەرجەكە بۆ سەربەخۆیی كۆكاتەوە بەرلەوەی ناحەزانی سەربەخۆیی كوردستان هەموو هێز و توانیان بۆ لەبەین بردنی كۆكەنەوە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.