سەربەخۆیی لەدەست بدەین فیدرالییشمان لەدەست دەچێ

‌ئاریان فەرەج

 ئەگەر دەرفەتی سەربەخۆیی لەدەست بدەین، ئەو فیدرالییەی ئێستاشمان لەدەست دەچێ

گەر بەرەو پێش ھەنگاو نەنێین، ناھێڵن لەجێی خۆماندانیشین، پاشەکشەمان پێدەکەن. ئەگەر ئێستا کەرکوک و شنگال و دوز لە دەستدەین، دوو رۆژی تر لە سلێمانی و دھۆکیش گێچەڵمان پێدەکەن. گەر ئەمڕۆ بۆ سەربەخۆیی قوربانی نەدەین، سبەی بۆ پاراستنی ئەو فیدراڵییەی کە پێشتر بەخوێن بەدەستمانھێناوە، دەبێ دووبارە خوێن ببەخشینەوە. گەورەترین خەسارەت ئەوەیە کورد جارێکی دیکە بۆ کەمتر لە سەربەخۆیی خوێن بدات. 

گەر لەم ھاوکێشەیە تێبگەین، دەزانین پێداگیری و تەقەللا و پەرۆشیی سەرۆک بارزانی لەپای چییە. تێدەگەین لەدەستدانی دەرفەت بۆ سەربەخۆیی، تەنیا لەدەستدانی سەربەخۆیی نییە، بەڵكو بە دڵنیاییەوە لەدەستدانی ئەو فیدرالییە و ئەو مافانە و ئەو وەزعەشە كە ئێستا هەمانە. 

دەركەوت فیدرالیزم، كە بە دەستووری گەل پەسەندی عێراق و بە موبارەكەی جیهان و دەوروبەریش بۆ كورد بە رەوا بینراوە، گەلی كوردستانی لە مەترسی نەپاراستووە. ئەوەتا لە سایەی فیدرالیدا پرنسیپی شەراكەت ژێرپێ نرا، نانبڕاو كراین، چاومان لێ سووركرایەوە، كۆنە ئەفسەرانی بەعس و قواتی دیجلە و حەشدی شەعبیان تێبەرداین، لەبەردەم كەڵبەی داعشدا تاك و تەنیا و بێ پشتیوان بەجێیان هێشتین و عێراق نەیپاراستین، داگیركردنی كەركوك و ناوچە زەوتكراوەكان درێژەیپێدرا، تا پێشمەرگە بە خوێن گێڕانیەوە. 

تەفرەقەی نێوخۆییان بۆ ناینەوە و یەكڕیزییان تێكداین، پرۆسەی تەنمیە و پەرەپێدانی كوردستانیان پەكخست. لە دژمان، درێژەیان بە نەعرەی قەومەچێتی عەرەبی دا و ئاڵایان سووتاندین و، لەبەرچاوی شەقامی عەرەبی عێراقیدا وەك ئیسرائیل و شەریكی شەیتان وێنایان كردین. مالكی بە فرۆكەی ئێف شانزە هەڕەشەی خاپووركردنی كوردستانی كرد. 

هەموو ئەمانە لەوپەڕی لاوازی و كەمدەسەڵاتی بەغدادا روویاندا. بۆیە، مەعلومە ئەگەر دەسەڵاتیان بێ چی لە ناخیاندایە بەرامبەرمان و، چۆن هەرچیمان بە خوێن و خەبات بەدەستهێناوە، بە ناهەق و ناڕەوای دەزانن و لێمان دەستێننەوە. 
ئێمە، لەم چركە زەمەنییەدا، لەبەردەم دووڕیان و قۆناغێكی راگوزەرداین، رەوشی ئێستا وەك خۆی نامێنێ، گەر بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو نەنێین، ناهێڵن بە وەزعی ئێستاوە بسەكنێین و دواجار تووشی شەڕمان دەكەنەوە.

فیدرالیزم نەیتوانی ئۆقرەیی سیاسی و ئابووری و ئاستێك لە خۆشگوزەرانی بەردەواممان بۆ دابینبكات.

تەنیا سەربەخۆیی دەتوانێ گەلی ئێمە لە خەم بڕەخسێنێ و ژیانی نەوەكانی داهاتوومان مسۆگەر بكات.

گەر بەرەو سەربەخۆیی كە مافی رەوای خۆمانە، هەنگاو نەنێین، ناهێڵن بە راحەتی دانیشین و ئەوەی ئێستاش هەمانە دەكەوێتە بەر رەشەبا. 

چارەنووسی ئێمە لەم دووڕیانەدا یا هەنگاونانە بەرەو پێش و بەرەو سەربەخۆیی، یان پاشەكشە بەرەو دواوە و بەهەدەرچوونی تێكڕای دەسكەوتەكانمان . ئێستا، ئێمە لە ململانێی بوون و نەبوونداین. یان دەبین و دەگەینە ئومێدی ئیستقلال، یان بندەستیمان بۆ هەتا هەتایە دەبێتە قەدەر و چارەنووس. 

لە پەیامی سەرۆك تێبگەن. لەم چركە مێژووییە تێبگەن. سەرۆكێك هەیە و بڕیاریداوە بە هەر نرخێك بێت كورد لەم گرەوە مێژووییەدا براوە بێت و بگاتە سەربەخۆیی. میللەتێكیش هەیە، سەد ساڵە بۆ ئەو ئامانجە گیان دەبەخشێ. 

حزبەكان هەبن یان نا، كۆدەنگ بن یان ناكۆك، سەرۆك بە پشتی گەل ئەم بڕیارە مێژوییە هەر دەدات. مەكەونە دەرەوەی مێژوو. 


PM:01:54:04/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 4375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی