‌بەرەو بەهێزی
PM:04:09:11/06/2019
ئاریان فەرەج


ئاریان فەرەج 
ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە لایەن گەلی كوردستانەوە بە نیچیرڤان بارزانی سپێردرا، كارەكتەرێكی شایستە و سیاسەتوانێكی میانڕەو و دیبلۆمات و دانوستانخواز، وورەبەرز و بە ئیرادە، گەشبین لە تەنگانە و خاوەن خەونی گەورە و جەسارەتی هەنگاونانی مەزن، قەیران شكێن و قاڵبووی دەوڵەتمەداری و خاوەن ئەزمون، و پەسەندی هەموو ئاستەكان و جێ ئومێد و شایانی گرەولەسەركردن. 

ئەم هەنگاوە لە كورتترین پێناسەدا هێزبەخشین و گوڕوتیندانە بە كاروانی پێشڤەڕۆی كوردستان. 

لە مەراسیمی كۆكەرەوەی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا، بە هەموو لایەكمان گووت قەدەری ئێمەی كورد وەهایە كە دەبێ دواجار رێی راست بگرینەوە بەر، پێویستیمان بەیەكدییە و بەرژەوەندی گەلەكەمان چی بخوازێ، لە كۆتاییدا هەر وا دەكەین، هەمومان دواجار روومان لە مەرجەع وپایتەخت و دۆزی خۆمانە، هەر كەسمان داببڕێ، تەنیا و لاتەریك و بێ پشتیوان و پێگەلاواز دەمێنێتەوە. 

لە هەنگاوێكی دیكەدا لەسەر رێی راست و دروست، دوێنی پەرلەمان مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ناوزەد كرد، سەرۆك حكومەتێكی گەنج، سەركەوتوویەكی نمونەیی لە كاری خۆیدا، عەقڵی پارێزەری ئەمن و ئاساییشی كوردستان لە نێو دەوروبەرێكی پڕ تیرۆر و هەڕەشە و ئاگرباراندا. خاوەن روئیا و بەرنامەی نوێ و تەواوكاری ئەركی ماندوویینەناسانی پێش خۆی، بە خوێنی نوێ و هزرو كارنامەی نوێترەوە بەرەو كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهەژمون و یەكدەست.

لە كورتترین پێناسەشدا بەمە دەڵێن: بەخشینی توانا و ئومێد بە كوردستانێكی گەشەسەندووتر و سەركەوتووتر. 

ئامانج لە هەموو هەنگاوەكان، جیا لە پێشخستن و قوڵكردنەوەی ئەزمونی دیموكراسی و دەستاودەستی ئەرك و نوێبونەوەی روئیا و میكانیزمەكانی ووڵات بەرَێوەبردن و نیشتمانسازی، بەخشینی هێز و دامەزراوەیی و تۆكمەیی و سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵگەییە بە كوردستان. بەجێگەیاندنی هیوا و ئومێدەكانی گەلی كوردستانە لە ئارامی و گوزەرانێكی باش و سەربەرزانەدا. ئەو گەلەی لە بەخشین و بەرگەگرتن و قوربانیداندا قەت و قەت درێغی نەكردووە و نابێ درێغی لەگەڵ بكرێ.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.