‌رێگای دروست
PM:05:19:09/06/2019
ئاریان فەرەج

دەگوترێت( لا یصح الا الصحیح) واتا لە كۆتاییدا هەر راستی سەردەگرێ، كێشمەكێش و ململانێ چەند بخایەنن و بەرەو لاڕێمان ببەن، لە كۆتاییدا هەر دەبێ بە گرتنەبەری رێگا راست و دروستەكە و بژاردە خێردارەكە تەواو بێت. بە رەغمی هەموو تەنگ و چەڵەمە و گرفتەكان، جا سەرچاوەكەی خۆمان بین، یان دەرەوەی خۆمان، لە كۆتاییدا دەستەبژێرە سیاسییەكەی ئەم نیشتمانە هەر دەبێ رێی حیكمەت و بەرژەوەندی بگرنەبەر، دەبێ ئەم هەرێمە راستەڕێ و ئارام بێتەوە و چاو لە ئاسۆی سەقامگیری و تەبایی ببڕێ. دواجار دەبێ ئەم هەوارە بە دامەزراوی و یەكپارچەیی و تۆكمەیی بمێنێتەوە و بەهێزتر و دامەزراوتر بێ. 

دەبێ ئەو هەنگاوانەی لەسەر راستەرێ دەستمان پێكردن، بەردەوام بن و هەنگاو بە دوای هەنگاودا بەرەو كاراكردنەوەی دامەزراوەكانمان و نوێكردنەوەی شەرعیەتی حكومەتەكەمان و دەمەزەردكردنەوەی ئەدائی دام و دەزگاكانمان و پڕكردنەوەی كەم و كورتییەكانمان ببەن. بمانەوێ یان نا، ئاراستەكان هەر بەرەو ئەو راستەرێیەمان دەبەن. 

ئەوەتا سەرباری ناتەبایی و عینادی سیاسی و مەیلی ریكنەكەوتن و ئاسنەگ هێنانپێش و كارلێكدی قورس كردن، كەچی لەدەسپێكەوە هەنگاوە دروستەكان هەر وا دێن و دەچنەپێش و یەكدی تەواو دەكەن و ناگەنە بنبەست. 

هەڵبژاردنمان كرد و نەچوینەژێر باری نەكردنی، ئەنجامەكانی قبوڵكران و رەتنەكرانەوە، لە پێناو پێكەوەیی و حكومەتی سەرتاسەریی، دانوستان گەرچی بەگرێ و گۆلیش بێت دەستپێكرا و بەئەنجام گەیشت، پەرلەمان كاراكرایەوە و دەستی بەكاری خۆی كرد، یاسای سەرۆكایەتیمان هەموار كرد و دامەزراوەی سەرۆكایەتی كارا كرایەوە، سەرۆكی شایستە هەڵبژێردرا و متمانەی وەرگرت، ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوا و دەستبەكار دەكات، بەدەوری خۆی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەشكیلدانی حكومەتی نوێ رادەسپێرێ، بێگومان ئەویش لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەركی خۆی رادەپەڕێنێ و كابینەكەی دەباتە بەردەم متمانەی پەرلەمان. 

هەموو هەنگاو و كارەكان وەك ئەوەی پێویستە و دەبێ وابێت، بەڕێوە دەچن، دواجار ئەوەی راستە و رێگای راستە و بەرژەوەندی و خێر و ئیستقراری ئەم ووڵاتە و خەڵكەكەی تێدایە، ئەوە سەردەگرێ و دەچێتە سەر. 

فَأَمَّا الزَّبَدُ فَێذهَبُ جُفَاءً ۆأَمَّا مَا ێنفَعُ النَّاسَ فَێمْكُث فِی اڵارْض


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.