ریفراندۆمێكی دیكە

‌ئاریان فەرەج



پارتی نە ئومێدی بە بەغدایە و نە ئیمانی بە عێراقە و نە بڕوای بە هاوژیانیە لەگەڵ هێزگەلێك كە دەستور و شەراكەت و دیموكراتییان ژێرپێنا و لە بەعسیییكانی جاران شۆڤێنیترن.

بە قسەی پارتییان بكردایە، هەموو هێزە كوردییەكان بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراقیان دەكرد، ئەو عێراقەی مەركەزیەت و مەزهەبیەت تێیدا جێی دەوڵەتی مەدەنی و فدرالی گرتۆتەوە. بەڵام كە بایكۆتی گشتی نەكرا، زیانێكی گەورە دەبوو بۆ كورد گەر پارتی بە تەنیا بایكۆتی كردبا و كۆی كورسییەكانی كورد بە حزبە سەوداكار و سازشكارەكان پڕبوونایەتەوە. بۆیەش پارتی بڕیاریدا بەشدار بێت و تەنیا لە كەركوكی داگیركراوی ژێر چەكمەی میلیشیادا بە تەنیا بایكۆت بكات. 

دەنگدان بە پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، نە بۆ گەیاندنی كاندیدانی پارتییە بە بەغدا و نە بۆ پلە و پۆست و پایەیە. دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بەو حزبەی پێشڕەوایەتی ریفراندۆمی كرد و دروشمی سەربەخۆیی كوردستانی بەرزكردەوە، ئەگەر پارتی زۆرترین دەنگی خەڵكی كوردستان بێنێت، ماناكەی بۆ دۆست و دوژمن ئەوەیە كە كوردستانییان ئێستاش لەگەڵ سەربەخۆییدان و ئەوەتا دەنگ بە حزبی ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی دەدەن. بەرژەوەندی كوردستان نەك بەرژەوەندی پارتی وا دەخوازێت ئەم پەیامە بگات بە بەغدا و دەرو جیران و جیهان.

كاتی خۆی شۆڤێنییەكانی بەغدا ووتیان دەبێ ئەنجامەكانی ریفراندۆم هەڵوەشێننەوە، ووتمان مەگەر ریفراندۆمێكی دیكە بكرێ و دوبارە گەلی كوردستان دەنگ بداتەوە، دە با لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگدان بە لیستی پارتی، دووبارە دەنگ بدەینەوە بە سەربەخۆیی كوردستان، با ئەم هەڵبژاردنە بكەین بە ریفراندۆمێكی دیكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان .


PM:01:58:16/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی