رێگەی نان پەیداكردن

‌ئاریان فەرەج



نان و بژێوی كەمترین و سادەترین مافی مەخلوقاتی خودایە، نان و موچەی سەربەرزانە و بێمنەت بۆ مرۆڤ، مافێكی هەرە سەرەتایی و بێ چەند وچوونە و هەرگیز نابێتە ئیمتیاز و بەخشش و مەكرەمە. 

مافی رەوای گەلی كوردستان ئەوەیە سەربەخۆ و ئازاد و سەربەرز بژی و ژێرچەپۆك و دەسەڵاتی هیچ میللتێك نەبێ. لە سایەی ئەو ئازادی و سەربەزییەشدا خۆشگوزەران و تێر و پڕ بێ. كورتكردنەوەی مافی میللەتێك لە نان و موچە و بژێویدا، كەمكردنەوەیە لە قەدر و قیمەتی ئادەمیانەی ئەو میللەتە. سیاسەتێكی مەلعونانە و بێ مروەتانەیە بۆ ئاڕاستەكردنی زهنیەتی میللەتێك تا نان و موچە بە گەورەترین ماف و ئیمتیاز بزانێ و لەو پێناوەدا دەست لە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئینسانییەكانی دیكەی هەڵگرێت. 

دەبێ ئەم فەرهەنگە كە دەسەڵاتی بەغدا و حزبە گەندە و بچوكبین و بێ ئینتیماكانی كوردستان تەرویجی بۆ دەكەن،بە هیچ جۆرێك لە زهنیەتی ئینسانی كورددا جێگیر نەبێ. ئەم فەرهەنگە خۆبەكەمزانە گەر بچەسپێ كورد لە كوردایەتی و ناسنامەی نەتەوەیی و لە داوا رەواكانی سارد دەكاتەوە. ئەم فەرهەنگە گەورەترین خیانەتە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و كۆی ئەو قوربانییە بێ شومارەی نەتەوەی كورد سەد ساڵە بۆ ئازادی بەختی دەكات نەك بۆ نان و موچە. رێگەی نان پەیداكردن بە دەستهەڵگرتن لە مافی نەتەوەیی، نانێكی سەرشۆڕانە و زەلیلانەیە و لە نەتەوەی كوردی دلێر هەرگیز ناوەشێتەوە. 

كورد كاتێك دەستی بە خەبات كرد، هۆكارەكەی بێ نانی نەبوو، بەڵكو داگیركردن و دابەشكردنی نیشتمانەكەی و بێبەشكردنی لە مافی چارەنوس و سەربەخۆیی و مافی نەتەوەیی بوو. كوردستانییان موچە و نان و خۆشگوزەرانییان بەجێدەهێشت و بۆ ئامانجێكی بەرز و پیرۆزتر، دەبوونە پێشمەرگە و بە نانە رەق و كولەمەرگی و ژیانی شاخ و سەنگەر دەیانگوزەراند. كورت كردنەوەی دۆزی كورد لە نان و موچەدا، نادیدەگرتن و سووك سەرنجدانی خوێن و خەبات و قوربانیدانی ئەو هەموو شەهید و ئەو هەموو گیانبازی و شۆڕش و بەرخۆدانە مێژووییە درێژخایەنەیە كە كورد بۆ ئازادی و سەربەرزی بەختی كرد. 

بێموچەیی و بێگوزەرانی خەڵكی كوردستان ئاكامی هەژاریی و بێ داهاتی و بێخێریی كوردستان نەبوو تا حاڵەتێكی هەمیشەیی بێت، بەڵكو نەتیجەی سیاسەتی برسیكردن و گەمارۆی ئابوری بوو، بۆیەش وا بەرەو چارەسەری كۆتایی دەڕوات. كەواتە پێداگیری هەندێ حزبی گەندە لەسەر موچە و نان وەك گەورەترین ئامانج و مافی گەلی كورد و بەكارهێنانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەلاڕێدا بردنی دۆزی كورد و بەتاڵكردنەوەیەتی لە داوا نەتەوەییەكان و ئەو ئامانجانەی سەد ساڵە كورد لە پێناویدا دەجەنگێ و باج و قوربانی دەدات. 

خەڵكی كوردستان لەم قەیرانە ئابورییە دەستكردە قورتار دەبن و دوبارە لە رووی ئابورییەوە دەبوژێنەوە، ئەوەی دەمێنێ و خەبات لە پێناویدا بەردەوام دەبێ، مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی میلەتی كوردە كە دەبێت ئەمڕۆ یان سبەی هەر بێتەدی و كورد وەك میللەتانی دیكە سەربەخۆ بژی.


PM:12:15:14/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 902 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی