ناتوانین لەگەڵیان بژین

‌ئاریان فەرەج

سەربەخۆیی، تەنیا مافێكی رەوای خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو هەڵچنینی ئەو دیوار و پەرژینەشە كە لە شەڕی مەزهەبیی بێ كۆتایی نێوان شیعە و سوننە جیاماندەكاتەوە. شەڕێكی عەبەسی و شووم و بێهودە، كە چڵە پووشێكی ئێمەی كوردی تێدا نییە و لە تاقیكردنەوەی هاوژیانییش لەگەڵ هەردوولای ئەو ململانێیەدا، بەشی ئێمە، جگە لە كوشتن و سەركوتكردن و سەربڕین و نانبڕین بەدەستی هەردولایان، هیچی دیكە نەبووە.

ئێمەی كورد، لە توندرۆیی سوننەگەرایی عروبەوی، ئەنفال و كیمیایی و قوات خاسسە و بەعس و داعشمان بینی، لە توندرۆیی شیعەگەراییش نانبڕین و پیلانگێڕی و حەشدی شەعبی. ئێمە لە عێراقدا هەردوو سەردەم و باڵادەستیی هەردوولایانمان تاقیكردەوە و، دەركەوت دوو دیوی دراوێكن. هەردووكیشیان لە شەڕێكی هێندە بێ ئامان و رقاویدان، ئەوەی هاوشمشێریان نەبێ، دوژمن و كافر و سەر بە بەرەكەی دیكەیە. لای ئەوان، ئەم شەڕە بێهوودەیە شەڕی چارەنووسە و هیچیان بەلاوە گرنگتر نییە و هەر یەكەشیان میللەتانی موسڵمانی وەك ئێمەی وەك سووتەمەنی بۆ شەڕە پیرۆزەكەی خۆی دەوێ. 

ئەوەی لەم زۆنگاوی تەخەللوف و پاشڤەڕۆییەدا تا ئێستا ئێمەی پاراستووە و جیای كردووینەتەوە و، نەیهێشتووە پێمان بۆ ناو ئەو ململانێ مەزهەبییە هەڵخلیسكێ، تەنیا و تەنیا كوردبوون و كوردستانی بوون و دەستگرتنە بە دۆز و ناسنامە و ئامانجی نەتەوەیی خۆمانەوە. 

ئەوەی تا ئێستا پێگە و جێگەی تایبەت بەخۆی لە گەرمەی ئەم شەڕ و ململانێی فرەلایەن و فرە میحوەرەی ناوچەكەدا بۆ كوردستان هێشتۆتەوە، حیكمەتی بارزانییە و، ئەویش خۆپاراستنە لە تیوەگلانی ئەو شەڕە مەزهەبییە كە هیچ گوزارشتێك لە دۆز و داوا و بەرژەوەندییەكانی كورد ناكات. 

لێرەش بەدواوە، كە ململانێی مەزهەبی لە نێوان هەردوو جەمسەری ئیقلیمیی شیعە و سوننە لە ناوچەكەدا خەریكە هەراشتر دەبێ، دەستگرتنی زیاترمان بەو حیكمەت و سیاسەتە عەقلانییەوە پێویستترە. دەبێ دووربین لەهەر میحوەربەندییەكی ئیقلیمی، كە تەسفییەی حساباتی ئەو دوو مەرجەعییەتە مەزهەبییە پێكیان هێناون. هەر خۆتێكەڵكردنێك نەك هەر دەمانكاتە سووتەمەنی و پاشكۆی ململانێیەكی بێهوودە و پووچگەرا، دۆزی میللەتەكەشمان دیزەبەدەرخۆنە دەبێ و لە ژێر تەپ و تۆزی ئەو شەڕە شوومەدا لەبەین دەچێ.

دەبێ بە هەر نرخێك بێ، بوون و سەربەخۆیی دۆز و ئیرادە و بڕیاری خۆمان بپارێزین. راستە ئێمە لە ناوچەكەداین و ململانێیكان لێمان نزیكن. راستە لە ناوچەكەدا جۆرەها سەنگەر لێكگیراوە، ململانێی مەزهەبی تا دێ پەرەدەستێنێ، پێكدادانی جۆرەها بەرژەوەندی هەیە، چەندین روانگا و ئیرادەی جێوپۆلیتیكانەی جیاواز بەریەك كەوتوون . ئەوانە هەموو راستین، بەڵام دەبێ ئێمەش وەك خۆمان راستییەك بین لە تەنیشت ئەو راستییانەی دیكەوە، میللەتێك كە دەیەوێ لە وڵات و سەرزەمینی خۆیدا سەربەخۆ و ئازاد بژی دوای ئەوەی بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە ناتوانێ لەگەڵ ئەوانە درێژە بە هاوژییانی بدات.

بۆیه‌ش، بەیەك مەسافە لە هەمووان راوەستاوە و بەشێك نییە لەو بەرژەوەندییە ئیقلیمییە بەریەككەوتووانە. بەڵكو بەشێكە لە خۆی و بەشێكە لە ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی تیرۆر وەك سەرسەختترین دوژمنی هەموو گەلانی ناوچەكە و جیهان .


PM:01:29:04/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4521 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی