گشتاندنی قسەی كورد

‌ئاریان فەرەج

جاران بە تەنیا كورد دەیگووت دەستور تاكە زامنی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی، تەنیا كورد دەیگووت پێشێلكردنی دەستور عێراق دەكاتە دەوڵەتێكی فاشل و لێكیدەترازێنێ، جیهان نە وایدەگووت و نە پێشێلكارییەكانی دەستور و نە هۆشدارییەكانی كوردی بەهەند وەرنەدەگرت. هەر بۆیەش لە دواجاردا كوردستانییان بە تەنیا ریفراندۆمیان كرد و كەس پشتگیریی نەكردن و كەس لە دەردی كورد تێنەگەیشت.

ئێستا و پاش ریفراندۆم و پاش دەرهاویشتە وكاردانەوەكانی، پاش هێوبونەوەی ئەو توڕەیی و پشتتێكردن و فەرامۆشییەی بەرامبەر گەلی كوردستان لەسەرینی ریفراندۆمەوە، بەرپا كرا. پاش ئەوەی جیهان بەچاوی خۆی ئاكامی خراپی چاوپۆشیی خۆی بینی لەئاست سزادان و پەلاماردانی خەڵكی كوردستان، پاش ئەوەی هەراشبوونی میلیشیا دەستڕەش و تائیفییەكانی بینی، دەستوەردانی دەوروبەری لە بڕیار و ئیرادەی عێراقییەكاندا بینی، قۆستنەوەی هەلو مەرجەكەی لە لایەن هێزێكی ئیقلیمییەوە بینی بۆ فراوانخوازی و زیادكردنی هەژمونی خۆی بە بەهانەی سنوردانان بۆ ریفراندۆم و جوداخوازیی كورد، ئێستا ئیدی پاش ئەو هەموو روداوانە، قسەی جیهان قسەیەكی دیكەیە .

ئێستا ئیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانان، زلهێزان، نەتەوەیەكگرتۆكان، هەمان ئەو قسەیە ویردی سەرزاریانە كە ساڵانێك كورد دەیگووت و ئەوان نەیاندەبیست. ئێستا هەموان وەك كورد دەڵێن كێشەكانی عێراق، گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بێ ئۆقرەیی سیاسی و ئەمنی و ئابوری، لەبەریەكهەڵوەشانی نەسیجی كۆمەڵگەیی،هەراشبوونی رق و توندئاژۆیی مەزهەبی و شۆڤێنی و كۆی كێشە بونیادییەكانی دیكەی عێراق، نەتیجەی جێبەجێنەكردنی دەستورە، كە دەكاتە ژیرپێنان و پشتگوێخستنی ئەو عەهد و پەیمانە كۆمەڵایەتیە سیاسیەی كە پێكهاتەكانی عێراق بۆ پێكەوەژیان كردیانە بنەما و لەسەری رێكەوتن. كە دەكاتە هەڵوەشاندنەوەی عەقدی شەراكەت لە نیشتمانێكدا.

ئێستا ئیدی هەموو جیهان هاواری دەستوریانە و تەنیا دەستور بە فریادرەس و چارەسەر دەزانن. قسەی جارانی كورد گشتێندراوە و هەموان دەیڵێنەوە. ئێستا ئیدی قۆناغی تێگەیشتن و بڕواهێنانە بە پەیامی كورد، بە تایبەت كە لە بەغداوە تا ئێستا نەك پەیامێكی هاوشێوە، بەڵكو كەمترین پەرۆشی و ئامادەیی بۆ دانوستانێك دەرنەكەوتووە كە بنەماكەی دەستور بێت و بەغدا بخاتە ژێر ئیلتیزامی جێبەجێكردنیەوە.


PM:08:09:06/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 1973 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی