نادەستوری!!

‌ئاریان فەرەج

ئەو دەستورەی كە دادگای فدراڵیی عێراق بێ دیققەت ریفراندۆمی گەلی كوردستانی پێ بە نادەستوری ناساندووە، ئەگەر گاتی خۆی گەلی كوردستان دەنگی پێنەدایە، روناكیی نەدەبینی و پەسەند نەدەكرا.

نوێنەرانی كوردستان لە نوسینەوەی دەستوردا باش دەزانن كاتی خۆی چ گەڵاڵەنامەیەكیان پەسەندكردووە و ئەو بڕگەیە مانای چییە كە لە دیباجەكەیدا هاتووە ( پابەندیی بەم دەستورەوە، یەكێتیی ئارەزومەندانەی گەل و خاك و سەروەریی عێراق دەپارێزێ) واتا ( پێشێلكردنی ئەم دەستورە ئەو یەكێتییە ئارەزومەندانەیە دەخاتە بەردەم لێكترازان)، بۆیەش ئەو تەفسیرەی دادگای فدرالیی عێراق جگە لە لێكدانەوەیەكی لایەنگیرانەی سیاسیانەی نادەقیق، هیچی دیكە نییە.

دەستور باڵاترین یاسای ئەساسی ووڵات و سەرچاوەی هەڵێنجانی یاساكانی دیكە و عەهد و رێكەوتنی پێكەوەژیانی هاوڵاتییانی وڵاتێكە، بەڵام دواجار ئەویش لە ئیرادەی گەل بەرزتر نییە و بایەخی دەستور لەوەدایە كە گەل پەسەندە نەك پیرۆزییەكی هەیە لەسەرووی گەل و خواستی گەلەوە. هەر بۆیە تەنانەت دەستوریش بە ئیرادەی گەل قابیلی دەسكاری و هەموارە ئەگەرچی هەموارێكی سەخت و بە مەرجی قورسیشەوە بێت.

بە نادەستوریی زانینی ریفراندۆمی گەلی كوردستان، بەكارهێنانی دەستورە بە دژی ئیرادەی ئەو خەڵكەی كە دەستور بێ ئەوان نە پەسەند دەبوو نە باڵادەست. ریفراندۆمی كوردستان (سێ ملیۆن) هاوڵاتی دەنگیان بۆداوە، ئەو ژمارەیە زۆرترە لەو ژمارەیەی كە ئەگەر كاتی خۆی دژی دەستوردەنگیان دابا، ئەوا دەستور تێنەدەپەڕی و پەكی دەكەوت.
سەركردایەتیی كوردستان كارەكتەری سەرەكیی و پەرۆشی نوسینەوەی دەستور و خەڵكی كوردستانیش دەنگدەری تێپەڕاندنی بوون، بۆیە خۆیان بە خاوەنی دەزانن و بە دەستەبەری مافەكانیانیانی دەبینن .

ریفراندۆمیش ئەو كاتە بووە بڕیاری گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی، كە نائومێدی لە جێبەجێكردن و باڵادەستیی دەستور گەیشتە دوا پلە.

یۆیە ئێستاش كوردستان باوەڕی وایە كە ئەگەر دەستور وەك خۆی و وەك یەك پەكێج جێبەجێبكرێ، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم روانگەیەوە، پێدەچێ دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستور بە دەستوپێگیر و تەگەرەی بەردەم خواست و مەرامەكانیان بزانن بۆیەش تا پێیان كرا پێشێلیان كرد و ئێستاش بە شێوەیەكی (ئینتیقائی) مامەڵەی پێدەكەن. كام بڕگە و بابەت بۆ خۆیان باش بێت ئیبراز و تۆخی دەكەنەوە و هەموو ئەو بڕگە و بابەتانەش كە بەرژەوەندی خۆیان تێرناكات، بێ سڵەمینەوە پێشێل ونادیدەی دەگرن.

راسته ئەنجامەكانی ریفراندۆمی گەلی كوردستان بێ هەلو مەرجی لەبار، جێبەجێ ناكرێ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بەهیچ دەستور و یاسا و رێسا و فشارێكیش هەڵناوەشێتەوە. ریفراندۆم دەنگ و وویستی گەل بوو، جێبەجێبوونی ئەو وویست و ئیرادەیە بێگومان زەمین و زەمانی لەباری خۆی دەوێت، بەڵام بێ گومانیش ئەو دەنگ و ئیرادەیە نە بە كەس نادیدە دەگیرێ و نە بە دادگایەكی گومانباری بارگاوی سیاسی هەڵدەوەشێتەوە.


PM:04:41:23/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 1062 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی