با نەھێڵین رقمان تیا بچێنن

‌ئاریان فەرەج

باڵێکی شۆڤێنیزمی عەرەبی کە لەبن پەردەی شیعەگەرایی خۆی مەڵاسداوە،لە رقی شکست و دەستەپاچەیی خۆیان و سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی داعش، لە داخی ئەوەی ئەوان بونەتە گاڵتەجاڕ و ناونیشانی ترسنۆکی و بودەڵەیی. پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانیشی لە دونیادا بونەتە وێردی سەرزمان و مایەی سێبوری و دڵنەوایی بۆ ھەمو ئازارچەشتووانی دەستی داعش، لە داخا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولی سەرکەوتن سەرۆکە پێشمەرگەکەی کوردستان ژێرپێدەنێن و دەسوتێنن و بەو سوکایەتییە ترسنۆکانەیە بوغزی دڵیان دەڕێژن.
راستە سوکایەتی بە رەمز و سیمبولەکانی کوردستان سەختە، دانبەخۆداگرتنیش بەرامبەر بێ مروەتییەکی لەو جۆرە ئارامگیری و سەبرێکی ئەیوبییانە ئەخوازێ بە تایبەت بۆ لاوانی خوێن گەرم و پڕ ئیفتیخار بە ئاڵا و سەرۆک و ووڵاتی خۆیان، ئەو لاوانەی بەدەم ئازادییەوە لەدایک بوون و لەبن ئاڵای شەکاوەی کوردستاندا گەورەبوون و زیللەت و بندەستییان نەبینی.

بەڵام گەلی ئێمە کە ناوبانگی بە میواندۆستی و میانەڕەوی و میھرەبانی و لێبوردەیی لەدونیادا بڵاوبۆتەوە و بەوەش سەرمایەیەک لە رێز و ئافەرینی جیھانییانی بەدەستھێناوە، ھەرگیز نابێ بەرامبەر بێ مروەتی و جەھل و وەحشییەتی ناحەزەکانی، کاردانەوەی ئەوتۆی لەدەست بقەومێ کە لەگەڵ بەھا بەرز و پیرۆزەکانی نەگونجێ و ناوبانگە بەرزەکەی لەکەدار بکات. ناکرێ بەھۆی ئەو تاقمە شۆڤێنیانەی کە بۆ شیعەش دەردو بەڵان، بەرامبەر شیعە رقئەستوور بین لە کاتێکدا بەشێک لە میللەتی خۆمان شیعەن و لەسەر ئەو ئایینزایەن و بەوھۆیەشەوە دەردیسەری دوو جەمسەرەیان چەشتووە و مەرگەساتی برا فەیلییەکانمان نمونەیەکی زیندووە.

ئاڵامان دەسوتێنن، لە جیاتی پەرچەکرداری رقئەستورانە و جڵەوشلکردن بۆ چەکەرەبونی دڕکی رقی نەتەوەیی و ئایینزایی لە دەروندا و لە جیاتی روگرژکردن بەرامبەر ئاوارە و پەناخوازان، ملێۆنان ئاڵا لە ئاسمانی ئازادی کوردستانا بەرز و بڵند دەکەینەوە، وێنەی سەرۆکمان دەسوتێنین ، ھەرچی زیاتر لە دەوری سەرۆکمان کۆدەبینەوە و بە کوردە غافڵ و کورتبینەکانی خۆشمان دەڵێین دە ئیتر دۆست و ناحەز لێکجیاکەنەوە و وەرنەوە بن ئاڵای شەکاوە و سێبەری سەرۆکی لێوەشاوەی خۆتان .

ئەو رۆژنامەنوسە فەرەنسییەی کە لە تەقینەوەکانی پاریسدا داعش ھاوسەر و دایکی کۆرپە تاقانەکەیان لەنێوبرد، لە نامەیەکدا بۆ داعش دەنوسێ : راستە ئێوە توانیتان ھاوسەر و عەشقە گەورەکەی ژیانم ببەن، بەڵام قەت نەتانتوانی و ناتوانن رقی من بەدەست بێنن، ناتوانن وەک خۆتانم لێ بکەن. تەنانەت ناتوانن رق لە دڵی کۆریە تاقانەکەشما بچێنن.

ئێمەش نابێ رێگەبدەین و بھێڵین ئەوانە وەک خۆیانمان لێ بکەن. نابێ چەرچەکرداری وەک ئەوانمان لەدەست بقەومێ. نابێ رێگەیان بدەین ئەو دۆڕاوانە جارێکی تر کولتوری بی ئایندە و نابوتی خۆیان بگوێزنەوە بۆ ناومان.. ئێمە ئیدی ئەوانمان بەجێھێشت و بە رێگایەکی دیکەدا بەڕێوەین و چاومان لە ئاسۆیەکی جیاوازە، ئاسۆیەکی روناک.




PM:06:03:22/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی