چۆن خەونی ئەردۆغان بکەینە مۆتەکە

‌سەردار عەبدوڵڵا

زۆر بە کورتی و بە سادەیی:

هەر جارێک کە ئەکەپە توانیویەتی زۆرینەیەک مسۆگەر بکات کە بە تەنها حکومەت پێکبێنێ، لەبەرئەوە بوە کە کورد نەیتوانیوە (١٠٪) تێکڕای دەنگەکان تێپەڕێنێت، بەمەش کورسیەکانی کورد چون بۆ ئەردۆغان و حیزبەکەی، بەڵگەش ئەوەیە کە تاکە جارێک کە کورد ئەو رێژەیەی تێپەڕاند ئەوا زۆرینەی ئەکەپە بو بە مۆتەکە..

هەربۆیە کاتی خۆی وتم پارتێکی کوردی رکابەری ئەکەپە نیە، بەڵکو کێشەی ئەکەپە و ئەردۆغان لەگەڵ ئێمەدا ئەوەیە کە کورسیەکانی خۆمان دەبەین و خەونەکانیان لێدەکەین بە مۆتەکە.. ئەمەش خودی کرۆکی کێشەی مان و نەمانە بۆ ئەردۆغان.
ئیستاش کە ئەردۆغان پێ لەسەر دوبارە هەڵبژاردنەوە لە یەکی نۆڤەمبەری داهاتودا دادەگرێ، بەو خەونەوەیە کە بتوانێ نەک هەر زۆرینەی پێکهێنانی حکومەت بگرە تەنانەت لەوەش زیاتر مل بەوە دەنێ کە هێندە کورسی وەدەست بێنێت کە خەونی چەسپاندنی سیستمی سەرۆکایەتیشی بۆ مسۆگەر بکات.

لێرەدا دەبێ زۆر دڵمان بەوە خۆش نەبێت کە راپرسیەکان باس لە کەمبونی شەعبیەتی ئەکەپە دەکەن، چونکە فاکتەری یەکلاکەرەوە تەنها رێژەی دەنگەکان نیە، بگرە وەک دەرکەوت فاکتەری چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەی بردنەوەی ئەکەپە و هاتنە دی خەونە (مەحاڵەکەی) ئەردۆغان تەنها کورسیە لەدەستچوەکانی کورد و هەدەپەیە ئەگەر رێژە یاساییەکە تێنەپەڕێنێت.

لێرەوە دەبێ بزانین کە ئەردۆغان ئەم راستیانەی سەرەوە لە ئێمە زۆر باشتر دەزانێت، بۆیە دەبێ لەوەش بگەین کە تاکە ستراتیژی ئەردۆغان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن ئەوەیە کە بەهەر نرخێک بوە کورد نەتوانێ رێژە یاساییەکە تێپەڕێنێت، بەمەش هەمو کورسیەکانمان بڕوات بۆ ئەکەپە، بەمە نەک هەر زۆرینەی پێکهێنانی حکومەت، بگرە زۆرینەی تێپەڕاندنی هەموارکردنی دەستوریش مسۆگەر دەکات.
لێرەوە دەبێ بزانین کە برەودان بە شەڕ بۆ ئەردۆغان هەر بەتەنها ریکلامێک نیە و بەس، بگرە ئامانجە شاراوە و ترسناکەکەی ئەوەیە کە دۆخێک بخوڵقێنێ کە رێژەیەکی زۆری کورد نەتوانن دەنگ بدەن. بەمەش هەدەپە نەتوانێ رێژە یاساییەکە تێپەڕێنێت...

لێرەوە دەبێ لە ئیستا بە هەتا رۆژی هەڵبژاردنی داهاتو شەڕ و تێکدانی دۆخی باکوری کوردستان نەک هەر ریکلام بگرە مەسەلەی مان و نەمانە، هەربۆیە تاکە ستراتیژی سەرەکی وەدیهێنانی خەونەکانیەتی..

ئایا لەدۆخێکی وادا هەڵبژاردنی لەوجۆرە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن بەرخوردەی لەگەڵ دەکات زۆر دیار نیە، هەرچەندە دەبێ زۆر کاری لەسەر بکەین، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە ستراتیژی بەرامبەر ستراتیژی ئەردۆغان بگرینە بەر، لێرەشدا هەمو ئەم رێپێوان و کارە مەدەنی و جەماوەریە گەورانەی لەبابەت کاروانی سەرکردە و پەرلەمانتارەکانی هەدەپە ستراتیژی کوشندەیە لەبەرامبەر ستراتیژی خوێناوی و ترسناکی ئەردۆغان..

لێرەوە هەتا یەکی نۆڤەمبەر ململانێمان لەگەڵ ئەرۆغان ئێسقان شکێن دەبێت، بۆیە نابێ بەجۆرێک رەفتار بکەین کە خزمەت بە ستراتیژی خوێناوی ئەکەپە بکات، لە بەرامبەردا پێویستە ستراتیژێکی مەدەنی لەمجۆرەی کاروانی بەرەو جزیرە بگرینە بەر بۆ ئەوەی هەم جیهان سەرسامتر بکەین و، هەم خەونەکانی ئەرۆغان بکەینە مۆتەکەی تۆقێنەر، ئەمەش تەنها بەوە دەکرێ کە دۆخێک بخوڵقێت کە کورد بتوانێ هەموی دەنگ بدات و بەمەش ئێمە لە باکور کورسیەکانی خۆمان دەبەینەوە و خەونی ئەرۆغان دەکەینە مۆتەکە، بیرمان نەچێت کە تاکە رێگای ئەردۆغان ئەوەیە کە کورسیەکانی ئێمە بەرێ، بۆیە دەبێ ئێمەش بە هەر نرخێک بوە دەبێ کورسیەکانی خۆمان ببەین و رێگە نەدەین بچن بۆ ئەردۆغان...





PM:06:36:11/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 3463 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی