پەیامێک بۆ هاوڕێ گۆڕانخوازەکانم

‌سەردار عەبدوڵڵا

هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن ئینجازێکی گەورەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و ژیانی حیزبایەتیش لە کوردستاندا.. بەم کارە هەموو گرەوە خراپەکانی لە سەر ئەگەری شکستی گۆڕان دەکران بەتاڵ کرانەوە، ئینجازەکەتان هێندە گەورەیە هەق نیە بە هەندێک گلەیی و رەخنە لە نرخ و بەها گەورەکانی کەم بکەنەوە.. ئەم رابەرایەتیە تازەیە ئەرکەکەی قورسە، بۆ پشتوانێ دەرەقەتی راپەڕاندنیان بێت، پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکاری و پشتگیری هەموو لایەکە.

خۆ گەر خۆتان لە ناو حیزبەکەدا پشتگیری رابەرایەتیەکەی خۆتان نەکەن بۆ چاوەڕێ بکەن لە دەرەوەی بزوتنەوەکەوە پشتگیری بکرێ. دۆخی ئەم وڵاتە و ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە، بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی پەراوێزی بێ کاریگەری نیە، ئەو کاتەی ویستی پرۆسەی سیاسی راگرێ، رایگرت.. کە ویستیشی بیجوڵێنی جوڵاندی، لەم پێودانگەوە دەبێ بڵێین، بەڵێ.. ئەرکی ئەم هاوڕێیانە قورسە و پێویستی بە پشتیوانی هەمو لایەکمان هەیە.

خۆ گەر گلەیی لە کەموکوڕیی هەیە، ئەوا قسە زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام داخۆ لە کوێدا کەموکوڕی نیە؟ مرۆڤایەتی لە سەر بنەمای بێ کەموکوڕی دروست نەکراوە، بۆیە لە ناو سیاقی تایبەتی خۆیدا سەیری بکەین، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە ئینجازێکی گەورەیە، نابێ بە هەندێ شتی تر تەڵخ بکرێ.

هاوڕێ دێرینەکانم
ئەگەر گلەیی و رەخنە بێت، ئەوا هەموو روون بویەوە، بۆیە ئێستا دوای سەرکەوتنی پرۆسەکە ئێستا کاتی ئەوەیە گلەییەکانتان هەڵگرن و لێبڕاوانە هەموتان پشتگیری رابەرایەتیە تازەکەتان بکەن، خۆ گەر گلەیی و رەخنەشتان هەیە کە زۆر رەوایە رەخنە هەبێت و بگرە زۆر پێویستیشە کە هەبێ، ئەوا داوا لە هەموتان دەکەم رەخنەکانتان ببەنەوە ناو حیزبەکەتان و لە ناو ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەوە پیادەی بکەن، نەک لە میدیاکانەوە..

لێرەوە جارێکی دیکە دەمەوێ بڵێم، براینە، خوشکینە.. بزوتنەوەی گۆڕان پێی نایە قۆناغێکی تەواو تازەوە، کە دەبێ تێیدا سەرکەوتو بێت، ئەمەش پێویستی بە پشتگیری هەمو لایەکمان هەیە، هیوادارم ئەم داوا برایانە و هاوڕێیانەیەم لێ قبوڵ بکەن و، ئیدی گلەیی و رەخنەکانتان ببنەوە ناو ئۆرگانەکانی خۆتان، ئێستا کاتی ئەوەیە کە لێبڕاوانە کار بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە بکرێ، بۆ ئەوەی دواڕۆژێکی گەش بۆ میلەتەکەمان مسۆگەر بکەین.


AM:11:24:29/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 3340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی