وەرزی حەماقەتە گەورەکانی ئەردۆغان

‌سەردار عەبدوڵڵا

لە ئێستاوە هەتا مانگێکی تر، واتا هەتا رۆژی ریفراندۆم لە سەر دەستوری تورکیا.. ئەردۆغان هیچ حەماقەتێک ناهێڵێ پەنای بۆ نەبات، بە حەماقەتی سەربازیشەوە. دەیەوێ وەکو سەرۆکێکی بەهێز دەرکەوێ و لە ریفراندۆمدا ئەنجامی حەماقەتەکانی بەکاربێنێ.. ئاخر حەماقەت، وەک شێوازی هەرە زەقی پۆپۆلیزم سیحرێکی چەواشەکارانەی بەهێزی هەیە و چەپڵەی زۆر بۆ فس فس پاڵەوانەکان مسۆگەر دەکات..
ساڵی پار هێرشی زۆرم کرایە سەر چونکە پشتگیری کودەتاکەی دژی ئەردۆغانم کرد.. لەوەش سەیرتر کە رەخنەم لە لێدوانی (عەبدوڵا گویل) گرت کە دژی کودەتا سەربازیەکە بو، هێرشی توندترم کرایە سەر. ئێستاش دۆخەکە وایە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی خۆی بەهێز پیشانی گەلانی تورکیا بدات، بەشێک لە جیهان دەکاتە دوژمنی وڵاتەکە، واتە هەمو بەهێزبونێکی وێنەی کاتیی خۆی لە ناوخۆدا، لە سەر حیسابی لاواز کردن و شکاندنی تورکیا لە دەرەوە فەراهەم دەکات..


ئێستا کاتی ئەوەیە هەمو بەرەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگ کار بکەن، بۆ شکاندنی ئەردۆغان، ئێستا ئیدی شکاندنی ئەم پیاوە بۆتە پێداویستیەکی رۆژهەڵات ناوەڕاستی و جیهانی. بۆ شکستپێهێنانی ئەم پیاوە و پرۆژە ترسناکەکەی پێویست بە بەرەیەکی عەمەلی هەیە، مەرج نیە ئەم بەرەی پێکەوە دانیشن و رێککەون، بەڵام مەرجە هەمو کارەکانیان بچێتە خزمەت هەمان ئامانجی شکستپێهێنانی خۆی و پرۆژەکەیەوە.. لەوانەش:-


*هەتا دەکرێ خۆمان و کوردستان لە ئاگری حەماقەتە سەربازیەکانی بپارێزین.
* کورد لەگەڵ هەمو نەیارەکانی پرۆژەکەی لە ناو تورکیادا تەنسیقی تەواو بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بچنە سەر سندوق و دەنگ دژی پرۆژەکەی بدەن.


* گورزی هەرە کاریگەر، دەکرێ لە ناو (ئاک پارتی) خۆیەوە بێت.. ئەگەر ئەمە روبدات، بە دڵنیاییەوە شکستەکەی مسۆگەر دەبێت..
* لە ناو (ئاک پارتی) دەکرێ کاری گەورە بکرێ.. ئەرکی عەبدوڵا گویل و هاوڕێکانی تریەتی ئێستا هەنگاوە دروستەکە بگرنە بەر و رابەرایەتی شکستپێهێنانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی بکەن.


* داود ئۆغڵو کە ئۆباڵی بەشی زۆری لەڕێ لادان و دیکتاتۆریەتی ئەردۆغانی دەکەوێتە ئەستۆ، کاتی هاتوە هەڵە گەورەکە بەوە راست بکاتەوە کە بێتە مەیدان و شکست بە ئەردۆغان بێنێ..


* خۆشبەختانە جیهان ئیستا ئیجماعێکی باشی لە دژی ئەردۆغان هەیە، دەبێ زۆر بە وردی کاری لەسەر بکرێ، کێشە لەوەدایە کە ئەردۆغان دەیەوێ ئێستا خۆی بەم هەڵوێستە توندانەی جیهانەوە وەک پاڵەوان نمایش بکات و زۆرترین ئیجماع لە ناوەوە بۆ خۆی و پرۆژەکەی وەدەست بێنێ.


بۆیە دەبێ هەمو نەیارەکانی ئەردۆغان و دیکتاتۆری، وێنەکە وا لێ بکەن کە ئەم نمایشە بە زیانی گەورەی گەلانی تورکیا و وڵاتەکەیان تەواو دەبێت.. واتا لە جیاتی ئەوەی خۆی دەکات بە پاڵەوانی پارێزەر، بیکەنە فس فس پاڵەوانی کارەساتهێن..


* لە ناوەندە دەولیەکاندا، (دیپلۆماسی، سیاسی) کاری خێرا و شێلگیرانەی جەماعی بکرێ.
* لە شەقامدا کاری مەدەنی ئاشتیانە بکرێ، بەڵام دور لە هەڵکردنی ئاڵای حیزب و وێنەی سەرکردەکان. بەڵکو دەبێ یەک دروشمی گشتی بێت و هەوڵ بدرێ ببێتە دروشمی هەمو نەیارەکانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی.


من دڵنیام لەوەی ئەردۆغان لە بەشی زۆری حەماقەتەکانیدا شکست دێنێ، بە تایبەتیش بیر کردنەوە لە پەلاماردانی قەندیل، کە بە درێژایی میژو هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیوە بیگرێت، بەڵام واباشترە بۆمان هەتا ئەم مانگە تێدەپەڕێ، عەقلانیەت زاڵ بێت و رێگەی نەدەین ئەو حەماقەتە بکات.. پار وتمان بیانوی مەدەنێ، با دوچاری شکستمان نەکات لە هەڵبژاردندا، هیچ بایەخ نەدرایە قسەکانی ئێمە و دڵسۆزانی تر...


سیاسەت کاری عەقڵە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەلێک و چارەنوسیەتی لە ناو ئەم ئاگر بارانەدا.. هیوادارم بتوانین بە عەقڵ کاری هەمەلایەنە بکەین، چونکە شکستپێهێنانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی، جگە لەوەی دەرگای دۆزەخ دادەخات و دەرگای تازە بۆ سەرکەوتنی تر دەکاتەوە، کوردیش دەکاتە هێزێکی گەورەتر کە لە پاڵ ئازایەتی کەموێنەدا دەتوانێ بە عەقلانیەت ئەجیندای خۆی بسەپێنێ، نەک ببێتەوە بە پەرچەکردارێکی شیعاربازانە...


AM:11:45:12/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 3947 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی