‌به‌روحی راگەیاندنکار و بە بەرگی پەرلەمانتارەوە
PM:12:26:08/05/2020
فائیق گوڵپی



حوکمرانی لە هەرێمی کوردستاندا گەلێک کەمو کوڕی هەیە و بە چەندان کێشەدا رێرەودەکات، یەکێک لەو کێشانە کە لەم رۆژانەدا دەسەلاتی هەرێمی دووجاری سەرئێسە کردووە ئەوەیە، لەسەر داوای دەسەلاتدارانی هەرێم، دەسەلاتی دادوەری چەندان سکاڵای دژی ژمارەیەک پەرلەمانتار بەرزکردۆتەوە و هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەنداین دەدرێت بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن.

لە کۆبونەوەی رۆژی ٧-٥-٢٠٢٠ پەرلەمانی کوردستاندا، پارێزبەندی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سۆران عومەر هەڵگیرا. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی دەسەڵاتی راپەراندن و دەسەڵاتی دادوەری هەرێم، لە لایەن رای گشتی و نوخبەی رۆشنبیری هەرێم و هەندێک لایەنی سیاسیەوە  بە بەرتەسککردنەوەی  ئازادی رادەربرین و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەژمێررێت.

بۆ ئەوەی سنورێ بۆ ئەم هەڵسوکەوتانەی دەسەلات دابنێین و رێگە نەدەین وەک کلتوری سیاسی هەرێم جێگیربکرێت ،دەبێت هۆکارەکانی تێبگەین و لەوێوە هەوڵی سنوردارکرنی ئەم هەڵسوکەوتە بدەین.

١.ململانێی حزبایەتی، لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان بە دەست دوو حزبی دەسەڵاتدارەوەن کە لەسەر دەسەڵات ململانێی و ناکۆکیان هەیە، پارتی حکومەتی بە دەستەوەیە، یەکێتی پەرلەمانی بە دەستەوەیە، پارتی لە رێگەی حکومەتەوە هەوڵی پەراوێزکخستن و بچوککردنەوەی پەرلەمان دەدات، بۆ ئەوەی لە هەلبژاردنی ئایندەدا بە خەڵک بڵێت یەکیتی لە بەریوەبردنی پەرلەماندا شکستی خوارد، یەکیتی توانای بەرێوەبردنی ولاتی نییە و دەنگی مەدەنێ.

٢.لەبەر ئەوەی پەرلەمان لە دەرکردنی یاسا و بریاردا چالاک نییە، لە چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتیشدا هەر چالاک نییە، ئەندام پەرلەمانەکن هەست دەکەن پەراویزکەوتون و رۆلێان نەماوە، هەولدەدەن منبەریکی تر بۆ دەرخستنی چالاکی و نیشاندانی دڵسۆزی خۆیان بۆ خەڵک بدۆزنەوە، ئەو منبەرەش کەناڵەکانی راگەیاندنە، لەوێوە دژایەتی خۆیان بۆ گەندەڵی و بەفیرۆدانی سامانی کوردستان نیشاندەدەن و دەسەلاتدارانی هەرێم نیگەران دەکەن.

٣.زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی هەریم کوردستان و پەرلەمانتارە کوردەکانی  عیراق، پێش ئەوەی ببنە ئەندام پەرلەمان، رۆژنامەنوس بوون، کاری رۆژنامەنووسی لە هزر و روحیاندا ماوەتەوە، بۆ دەرفەتێک دەگەرێن پیشە کۆنەکەیان نوێبکەنەوە، کاتێک دەبینن پەرلەمان سستە و دانیشتنی کەمە و گفتوگۆ نییە، کەنالەکانی راگەیاندن لەبەر دەمیاندا کراوەن، لە رێگەی کەنالەکانی راگەیاندنەوە، بە هزری راگەیاندنکار و بەرگی پەرلەمانتارەوە قسە دەکەن و رەئی خۆیان بلاودەکەنەوە و دەسەلاتی هەرێم دەیری دەکەن.
فایق گوڵپی
٨-٥-٢٠٢٠


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.