وەفاتان بۆ مام جەلال هەبێت

‌فایق گوڵپی


ئەوانەی لە نزیکەوە مامجەلالیان ناسیبێت و کاریان لەگەڵدا کردبێت،دان بەوەدا دەنێن کە مام جەلال گرنگی تەواوی بە خزمەتگوزاری تەندروستی و پیشەی پزیشکی دەدا.لەسەردەمی خەباتی پێشمەرگایەتیدا دەیوت وەرەقەی سپی بۆ پزیشکەکانی پێشمەرگە ئیمزا دەکەم،پشتیوانی دروستکردنی بنکەی تەندروستی مەڵبەند و تیپەکانی پێشمەرگەی دەکرد.

دوای راپەرین مامجەلال لەسەر هەمان سیاسەت بەردەوامبوو،بە بڕیاری خۆی و بە دەستگرۆیی خۆی نەخۆشخانەی شۆرشی دروستکرد و گەشەیپێدا.هاوکارییە دارایی و مرۆییە بەردەوامەکانی  بۆ نەخۆشخانەی هیوا بەڵگەیەکی تری ئەو راستیەن کە مام جەلال چەند بە تەنگی خزمەتگوزاری تەندروستی خەڵکی کوردستانەوە بووە.

مامجەلال هەمیشە هەوڵیدەدا لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە خزمەتگوزاری تەندروستی کوردستان پێشبخات،بەڵام دوای تیپەربوونی دوو ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا،لەسەردەمی حوکمرانی کورەکانیدا، لە سنوری دەسەلاتی حزبەکەیدا،دەست لە بینەقاقای خزمەتگوزاری تەندروستی توندکراوە،لە باتی ئەوەی ژمارەی نەخۆشخانەکان زیاد بکرێن و لە رووی چۆنایەتیەوە گەشەیان پێبدرێت، ژمارەی نەخۆشخانە گشتیەکان کەم دەکرینەوە و پشتیوانی دارایی نەخۆشخانەکان دەبردرێت.
هەوڵی لەسەرخۆی داخستنی  نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی لە لایەن بەرپرسانی تەندروستی سلێمانیەوە،پێچەوانەی بیربۆچون و سیاسەتەکانی مامجەلالە.

ئەگەر ینک بیەوێت لەسەر  رێبازی مامجەلال بەردەوامبێت و گرنگی بە ساڵیادی کۆچی دوایی بدەن، باشترە دژی سیاسەتە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی مامجەلالی سکرتێر و کاریزمایان نەوەستنەوە، نەخۆشخانەکانی سلێمانی کەم نەکەنەوە،با نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دانەخەن، یان بە پیداویستی و ستافی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانییەوە لە گەرەکێکی تری شاری سلێمانی ،نەخۆشخانەیەکی تایبەتی فریاکەوتن بە ناوی مامجەلالەوە بکەنەوە.


PM:08:48:01/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 6068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی