شەری خانەسور تەواوکەری شەری منبجە

‌فایق گوڵپی



لەو کاتەدا کە سوپای تورکیاو سوپای سوریای ئازادی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ھیزەکانی خۆیانیان بەرەو منبەج جوڵاندوە،بە بریاری وەزاەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانیش ھیزی رۆژی سەر بە ئەنەکەسەی(E N K S) رۆژئاوای کوردستان، لە سنوری ناحیەی سنونێ بەرەو کۆمەڵگای خانەسور جوڵا،کۆمەڵگای خانەسور لە لایەن ھیزی ئاسایشی  شەنگاڵەوە دەپایزرێت،ئامانجی  جوڵاندنی ئەو ھێزەی رۆژ ئەوەبو کە لە سنوری باشوری کوردستان بپەرێتەوە رۆژئاوا و لەگەڵ  دەستپێکردنی ھێرشی منبەج، ھێزی رۆژیش لەم لاوە لەگەڵ ھێزەکانی یەپەگە دەست بە شەر بکات.

ھێزەکانی یەپەشە رێگەیان نەدا ھیزی رۆژ سنوری باشور تێپەرێنێت،لە ئەنجامدا شەر دروستبو،یەپەشە یەک شەھید و سێ برینداری ھەیە،لە ھیزەکانی رۆژ چوار کەس بریندار بون،پاش ماوەیەک لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتنە نێوان و شەرەکەیان راگرت،بەڵام ناتوانین بڵێین شەر لەو دەڤەرە واتە دەڤەری شەنگاڵ کۆتایی ھاتوە.

ھۆکاری راستەوخۆی دروستبونی ئەو شەرە بریارەکەی وەزارەتی پیشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بو،کە بە بێ رێکەوتنی سیاسی لە نێوان ھێزەکانی رۆژ و ‌ھیزەکانی یەبەشە و یەپەگە، بریاری جوڵاندنی ھێزی رۆژی دا،بە بروای من ئەو بریارەی وەزارەتی پێشمەرگە بریارێکی حزبی بوە،بریاری پارتی دیمۆکراتی کوردستان بوە،پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەسەر داوا و راسپاردەی حکومەتی تورکیا وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ ئەو بریارە ئاراستە کردوە،لەبەر ئەوەی لە ھەمان  کاتدا ھێزەکانی قەڵغانی فوراتی تورکیاو ھێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بەرەو منبەج ھێرشیان دەستپێکردوە،جوڵەی ھیزی رۆژ بۆ پشتیوانی ھیزەکانی تورکیا بوە.

ئەو راسپاردەیەی تورکیا بۆ پارتی لەو چەند رۆژەی رابوردودا لە کاتی کۆبونەوەی مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی حکومەتی تورکیادا ئەنجامدرا، کاتێک بەرزانی سەردانی تورکیای کرد.
کەوابو دەتوانین بڵێین ئەو شەرە وەزارەتی پێشمەرەگی ھەرێم  ھەڵیگیرساند،وەزارەتی پێشمەرگە ئەو شەرەی بۆ پارتی کرد،پارتی ئەو شەرەی بۆ تورکیا کرد.

زیانی ئەو شەرە چیە؟
ھەر لە سەرەتادا شەھیدێک و حەوت برینداری کورد ھەن،ئەمە دڵی دوژمنانی کورد خۆش دەکات و دڵی خەڵکی کوردستان تەنگ دەکات،دوژمنانی کورد دەڵێن سەیرکەن چۆن لە رێگەی دوژمنەکانمانەوە سیاسەتمان پێشدەکەوێت!!.
لە ناو خەڵکی ناوچەکدا گیروگفتی کۆچکردن و ئاوارەبون دەستپێدەکاتەوە.

بەرەی دژی داعش کون و کەلەبەری تیدەکەوێت و لاواز دەبێت،ئەو ھێزانەی کە تا ئەمرۆ ھەمویان لولەی چەکەکانیان ئاراستەی سنگی داعش کردبویەوە ،لەمەو دوا لولەی چەکەکان دەخەنە سەر سنگی یەکتری و بەرەی داعش پشویەک دەدات و خۆی رێکدەخاتەوە. 

جارێکی تری ئاگری شەری براکوژی لە نێوان ھێزە کوردیەکاندا دەگەشیتەوە،کورد ناتوانێت سود لەو دەرفەتە لە بارە وەربگریت کە بۆ چارەسەری کێشەکەی رەخساوە.

چارەسەری ئەم کێشەیە :
چارەسەری کاتی ئەو کیشەیە بەوە دەکرێت کە ‌ھێزە کوردیەکان ددان بە خۆدا بگرن و بە بێ ڕێکەوتنی سیاسی جوڵە بە ھیزەکانیان نەکەن و سنوری دەسەڵاتی یەکتری نەبەزێنن.

چارەسەری بنەرەتی ئەو کێشەیە بەوە دەکرێت کە ئەنەکەسە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە،ئەو ھاوپەیمنیەی کە لەگەل تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوپای سوریای ئازاددا ھەیەتی بۆ دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان و یەپەگە و پەیەدە بەکاری نەھێنێت،ھەوڵی رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ پەیەدە بدات و دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی بناسێت و ھەوڵبدات ھیزەکانی خۆی لەگەڵ ھیزەکانی یەپەگە و قسەدە یەکبخات،نەک بیەوێت وەک ‌ھیزێکی سەربەخۆ بۆ پشتیوانی لە ھیزەکانی تورکیاو سوپای سوریای ئازاد و بۆ دژایەتی یەپەگە و قەسەدە بگەرێتەوە دیوی رۆژئاوای کوردستان.


PM:09:42:03/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 4761 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی