خاتەمی موڵكی سلێمانی

‌د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

سبەی ٢٣١ ساڵ، بەسەر گواستنەوەی پایتەختی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی، تێدەپەڕێت، لە ئێستاوە سلێمانی و جوامێریی سلێمانی و شكۆمەندیی سلێمانی و فیداكاریی سلێمانی و سروشتی سلێمانی و بزواویی سلێمانی و ئاگایی سلێمانی و شادیی و شین و خۆشیی و ناخۆشیی و سەربەرزیی و هەڵۆباڵی سلێمانی و بەردەوامیی سلێمانی و ئاوەدانیی و پێكەوەبوون و هاوخەم بوون و ڕەخنەگەریی و بیرگەرایی و زیدوێتیی و نەبەزین و هەمیشەیی و عەترو عەبیرو بوخوردو بۆنی سلێمانی و هەناسەو ترپە و نركە و هەڵمەت و هەستان و بوژاندنەوە و گۆڕان و ئایندەگەریی و دنیابینیی و نوێگەریی و گوڕو تین و تاو و شەوق و نەمام و شەقام و پردو كانی و كارێزو باران و خۆرو خاك و تەم و هەتاوو هەژان و هونەرو هیممەتی سلێمانیتان پیرۆز..

٢٣١ ساڵ زۆرنییە، بەڵام زۆرن ئەو دەسكەوت و مۆدێل و هەنگاوانەی ئەم سلێمانییە ناویەتی، نە دەستەمۆدەكرێت و نەكۆیلە، نە دەبڕێتەوە و نەتەواودەبێت، نە بێدەنگدەكرێت، نە ڕازیی، نه دەوەستێت، نەسەركزدەكات نە دەست بەكڵاویەوە دەگرێت، شارێك بۆ شارنشینان نەك بۆ شا خوڵقێنراوە، بۆیە تانەبیتە هاوڵاتیی نابیتە هیچ لەم شارەدا، شارێك نالی بۆی گريابێت، مەولانا ئاخی بۆ هەڵكێشابێت، مەحوی بۆی سوتابێت، پیرەمێرد حەیرانی بووبێ‌ و كەسی بێكەسان بووبێت و گۆران گۆرانی بۆ وتبێت، شێركۆ تیای نركاندبێت و منارەی مزگەوت و كڵێساو پەرستگاكانی وەكو یەك بۆ بانگی خودا، بۆ پەیامی خودا، بۆ خەڵكی خودا ڕەخسابێت، شایانی هەر ئەوە دەبێت كە بە موڵكی قارونی نەدەین خاشاكی كوچەو كۆڵانی..تیشكی پەخشی دنیابكەین وەك ئاوێنە، سلێمانی، ئازادیی بارگەی تیادەخات، بوێری لەناوناخیدا خۆی بە ناوی بەهێزدەكات، خۆر لەناو بیری دانشمەندانیدا هەڵەخات و شەپۆل لە جوڵەی ئەمەوە فێربوو بڕوات، ئەم بوو هەنگاوی بە ڕێگا ئاشناكرد و ئەم بوو ئیرادەی بە هەستانەوە فێركردو، ئەمە، هەر كاتێك كە جوڵا، زەمین لەگەڵی دەجوڵێ‌، سەربەرزین بە سلێمانی، شاری ئاشتیی و ئاوەدانیی، شاری هەمووان، شاری هەموو جوانیەكان و شاری هەموو ڕەنگەكان و شاری هەموو دەنگەكان و شاری هەموو سەروەرییەكان، شاری قوتابخانەو زانكۆ، شاری ڕۆژنامەو ڕای ئازاد، شاری ئەدەب و ئایین و ئایدۆلۆژیا و ئەفسانە و ئەندێشە و ئایندە، شاری شێرەژن و جوامێرەكان، شاری شەهید، شاری خەبات، شاری پێشمەرگەو تێكۆشان، شاری دژی ستەمكاریی، شاری دژی خۆسەپێنی، شاری دژی نادادگەری، شاری شاران سلێمانی..

یادگاریی و یادەوەریی و خەوو خواست و خولیاو ویست و ئاوات و ئامانج و ئومێدو هیواتان، نوێكەنەوە لەگەڵ ساڵی نوێی تەمەنی خاتەمی موڵكی سلێمانی (سلێمانی).. پیرۆزبێت لە هەموو كوردستان و هەموو دنیا كەبەم نەسلەوە خوڵقاوە شاری بەرزیی و قەدرزانی..


PM:11:46:14/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی