17ی شوبات، ئه‌و گلانه‌ی سه‌رانی نه‌كرد به سوار
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
17ی شوبات و ڕۆژانی دوایی، ئه‌و كاتانه‌بوون كه خه‌ڵك ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانیان تێدا بینیه‌وه، هێزی شاراوه‌ی خۆیانیان دۆزییه‌وه، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتیش له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی نیشتماندا دیمه‌نه نه‌شیاوه‌كانی خۆیان نمایشكرد، له نه‌ستیاندا هه‌ستیان به‌دووریی نێوان خۆیان و خه‌ڵك كرد، خه‌ڵك به‌ڕه‌نگ و ده‌نگی ئاشكرایانه له شه‌قامه‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دوا، ئه‌وانیش ده‌مامكدارانه له ناومه‌ته‌رێزو له‌سه‌ر ناقیله‌ی ئه‌شخاس و له باره‌گاكانی حیزبه‌وه، به گولله وه‌ڵامیان دایه‌وه، دووربینیی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵك و كورتبینیی و نه‌بینیی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و هێمایانه‌بوون كه ئێستا ده‌لاله‌ت و واتاكانیان ده‌بینینه‌وه، ئه‌و كات خه‌می نان نه‌بوو، خه‌می نه‌بوونی موچه‌و بێبازاڕیی نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌می ئازادییه‌كان و جۆر‌و ماكی سیستمی سیاسیی و ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌گژاچوونه‌وه‌ی سته‌مكاریی و بێدادیی و قۆرخكاریی و گه‌نده‌ڵیی هه‌بوو.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، ساده‌ترین ئه‌زمون و سودیان له شێوازی مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵك و گه‌وهه‌ری داخوازیی و ڕه‌وایی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران، گه‌ڵاڵه‌بكردایه، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ڕۆژمان وه‌ك ئه‌م ڕۆژه ڕه‌ش نه‌ده‌بوو.
ئه‌و ڕۆژانه وتمان هه‌ر گفتی بێكردارو، كاری نه‌كردو كرداری بێشه‌رت و چاودێرینه‌كراو، شه‌رت نین، به‌ڵكو پێویسته شه‌رت بۆ كردار و كرده بۆ كار دابنێین، بیری ڕۆشن و چاوی ورد‌و ده‌ستی پاك و ئیراده‌ی لێپرسینه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چاودێریی و به‌دواداچوونی كاره‌كانی هه‌موو وڵات ڕێكبخه‌ین.
كرداری بێشه‌رت و ئیراده‌ی خۆسه‌پێنیی و ته‌ریككردنی خه‌ڵك له گه‌ڵاڵه‌كردنی بڕیار‌و ڕه‌شكردنی جامه‌كانی شه‌فافیه‌ت و نه‌پرسینه‌وه له به‌رپرسیارێتیی و به‌رده‌وامبوون له چه‌وت و چه‌وێڵیی و سودنه‌بینین له ئه‌زمون و له كه‌وتن و له‌گلان، له پێش و له‌كات و له‌دوای ئه‌و ڕۆژه پڕشانازییانه‌وه، دوێنێی گه‌یاند به‌م ئه‌مڕۆیه‌ی كه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سبه‌ینێیه‌كی ڕۆشن.
درود بۆ شه‌هیدانی 17ی شوبات، شكۆمه‌ندیی بۆ برینداران و سه‌رفرازیی بۆ هه‌ر كه‌سێك كه شه‌ره‌فی به‌شداریكردن و پاراستن و ڕێبه‌ریكردنی ئه‌و ڕۆژانه‌یان به‌ركه‌وت.
PM:08:36:16/02/2017
ئه‌م بابه‌ته 4985
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی